شانۆکار و وتنەوەی تێکستی ئامادەکراو
  2020-03-01       640       

ئارەزو نوری


هێرشی توندی چەند مامۆستایەکی ئاینی بۆ سەر گرووپی هونەری (ئەستێرەکان) دوابەدوای نمایشی شانۆگەری (وەرن باببین بەسەگ)، خەریکە خوێنی ئەو گەنجانە حەڵاڵ بکرێت و بەردباران بکرێن و پەیامی سەرەکی شانۆکە بەلاڕێدا ببرێت..


ئەوەی زۆر تێبینیم لەسەری هەیە جگە سەرجەم شانۆکارانی ئەو گرووپە، هێرشی توندو سوکایەتی پێکردنی ژمارەیەکیانە بەتایبەت بۆ شانۆکارە کچەکە، کە خەریکە بەو هەڵاو سوکایەتی و خراپ ناوبردنە ئەو چەند مامۆستا ئاینییەی قسەیان بەو خاتوونە و بە باوک و بەکەسوکاری کردووە، زەمینە سازکردنبێت بۆ کوشتن و خوێن حەڵاڵ کردن و لەناوبردنی.!
ئەمەش ناهەقییەکە نابێت ژنان و رێکخراوەکان لێی بێدەنگ بن و بهێڵن ئابڕوو و شکۆی ئەو خێزانە لەبەر توڕەیی چەند مامۆستایەکی ئاینی(مەلا) ناوزڕ بکرێت..
هەریەک لەوان بەم جۆرە وەسفی ئەو خاتوونە بەتایبەت دەکەن "بێ ئەخلاق، ناموسسز، بێ شەرەف، باوکی و مامەکانی گەوادن، داوێن پیس، دێڵە سەگ، قەحپە، حەیوان، دەیوس.....هتد" و زۆر سوکایەتی خراپتر.. جگە لەوەی هەر ئەمانەی پیاوی ئاینن بەجۆرێک تێکستی خاتوونەکە دەڵێنەوە و تەشهیری پێ دەکەن گوایە دەڵێ: "بۆ ئەوەی سواری یەک بین"رێک بەم زمانە هێرشی بۆ دەبەن ئایا بەم جۆرە سوکایەتیپێکردنەو لەکەدارکردنی ناوو کەرامەتی کچێک ئاساییە؟..
ئایا کاتێ خۆیان قەبوڵیان نەبووەو ئەم فەوزایەیان ناوەتەوە تەنها لەبەر ئەوەی پێیان وتراوە (ریش پان) ئەی کچێکی خاوەن خێزان و کەرامەت چۆن قەبوڵ بکات و لێی بێدەنگ بێت کاتێ کەرامەتی خۆی و خێزانەکەی ریسوا دەکەن؟
باشە ئەمە ناهەقی نیە ئەوان کە بەناوی مامۆستایانی ئاینی(ژمارەیەکیان) بە ئارەزووی خۆیان کەرامەتی خەڵکی بشکێنن و سوک و ریسوایان بکەن، بەڵام مەحاڵ بێت کەس راستی ئەوان بخاتەڕوو..
ئەوانەی لە بارەی ئەلیف و بێی هونەرەوە شارەزا بن، دەزانن ئەو کچە رۆڵی لە شانۆیەکدا بینیوە. رۆڵ بینین هیچ کاتێک مانای پیشاندانی کەسایەتی راستەقینەی کەسەکە ناکات. ئەوە رۆڵ و نواندنێکی هونەریانەیە. تێکستێکی هونەری لە نواندنێکدا وتووەتەوە. بۆ نموونە ئەو خاتوونەی رۆڵی هیندی قوڕەیشی لە فیلمی ریسالەدا دەگێڕێت و خوێنی کەسایەتی ناو فیلمەکە حەمزەی مامی پەیامبەری ئیسلام دەخواتەوە. گرنگە ئەوانەی قسە لە بارەی کایەکانی ژیان دەکەن ئاشنای سەرەداوەکان و وردەکارییەکانی پرۆسەکە بن و بزانن ئەو کەسانەی لە نواندندا رۆڵ دەگێڕن مەرج نییە را و سەرنج و هەڵوێست و رەفتاری خۆیان نمایش بکەن، ئەوان رۆڵێک دەگێڕن کە بۆیان دیاریکراوە. تاوانیان نییە. لە ئیسلامیشدا ئەوە رێگە پێدراوە کە وتنەوەی کوفر و دەستەواژەی رێگەپێدراو کوفر نییە. خاوەنەکەی پێی کافر نابێت.

 


زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×