پەرلەمانتارێكی كۆمەڵ بۆ ئاوات شێخ جەناب: داوای دوانەخستنی موچە قسەی زل نییە جەنابی وەزیر
  2020-03-27       2900       

پەرلەمانتارێكی كۆمەڵی ئیسلامی وەڵامی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان دەداتەوە كە وتبوی: ئەوەی داوا دەكەن موچە لە كاتی خۆیدا بدرێت، قسەی زل و بێ بنەمایە.

ئاوێنە: 28 پەرلەمانتاری كوردستان لە فراكسیۆنە جیاجیاكان، رۆژی چوارشەممە 25/03/2020، لەپەیامێكدا داوایان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد چیتر بەهیچ پاساوێك دابەشكردنی موچە دوانەخات و پێش كۆتایی ئەم مانگە موچەی مانگی 12ی ساڵی رابردو دابەش بكات.

روپاك ئەحمەد، پەرلەمانتاری كۆمەڵی ئیسلامی لەپەرلەمانی كوردستان كە یەكێك بو لەو 28 پەرلەمانتارە، رایگەیاند كە ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەو داوایەی ئەوانی بە "قسەی زل و بێ بنەما" ناوبردوە.

روپاك ئەحمەد، ئەمڕۆ هەینی، لەڕاگەیەندراوێكدا وتویەتی"وەزیری دارایی هەرێم بەم جۆرە وەڵامی من و 27 ئەندام پەڕلەمانی تری دایەوەو وتی 'ئەوەی کە ئێوە دەیڵێن قسەی زل و بێ بنەمایە ئەویش ئەوەیە کە داوادەکەن موچە لەکاتی خۆیدا بدرێ'، بەداخەوە ئەوە ئەدای قسەی وەزیرێکی حکومەتی هەرێم بێت کە قسەی ئێمەی پەڕلەمانتار کە نوێنەری خەڵکین و داوای مافە ڕەوایەکانی خەڵکمان کردوە بە قسەی زل ناوببات."

پەرلەمانتارەكەی كۆمەڵی ئیسلامی بە پێویستی زانیوە وەزیری دارایی داوای لێبوردن لە خەڵکی هەرێمی کوردستان و بەتایبەت لەو پەڕلەمانتارانە بکات کە نوێنەری فعلی خەڵکن و وتوشیەتی"جەنابی وەزیر ئەمە قسەی زل نییەو دوپاتی دەکەمەوە کە پێویستە لە ماوەی (30) ڕۆژدا موچەی فەرمانبەران بنێریت."

هەروەها وتوشیەتی"دەپرسم باشە ئەگەر حکومەتێک کە نەتوانێ مافێکی سەرەتایی خەڵک و فەرمانبەران دابین بکات هەبونی ئەم حکومەتە سودی چییە!؟"

روپاك ئەحمەد لەبەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەیدا هێمای بۆ ئەوە كردوە كە وەزیری دارایی هەرێم لە زاری خۆیەوە نیازی حکومەتی ئاشکراکرد و وتی: حکومەت بەنیازی بڕینی بەشێک لە موچەی فەرمانبەرانە و بەبیانوی ئەوەی کە خەرجیمان زۆر زیاترە لەداهات و لە بەرنامە تەلەفیزیۆنییەکەیدا ڕایگەیاند: ئەگەر بێت و ڤایرۆسی کۆرۆنا و هیچ ڤایرۆسێکیش بونی نەبێت ئێمە ناتوانین (30) ڕۆژ جارێک موچەی فەرمانبەران دابین بکەین.

پەرلەمانتارەكەی كۆمەڵ ئەوەشی وتوە"من وەکو خۆم چەندینجار ئەم نیازەی حکومەتم لە چەند بابەتێك خستۆتەڕو و دوێنێ وەزیری دارایی لەبەرنامە تەلەفیزیۆنیەکەدا بەڕاشکاوی ئاماژەی بەم نیازەی حکومەت کرد."

هەروەها ئەوەشی خستۆتەڕو"جەنابی وەزیر دەترسم بەهەڵە تێگەیشتبیت، ئەوەی ئێمەمانان باسی دەكەین مافێکی سەرەتایی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان كە پێی دەڵێن موچە لە بری ئەو ئەركانەی كە ئەنجامیانداوەو ئەوان داوای مافێکی زیادەیان لە حکومەت نەکردوە، دەبێ حکومەت لەهەمو حاڵوبارێکدا بەهەر جۆرێک بێت پێویستە موچەی فەرمانبەران دابین بکات، نەوەک لە هەر بارودۆخێکی نەخوازراودا دەست بۆ بڕینی موچەی فەرمانبەران ببات."

هەورەها ئاماژەی بەوەشداوە كە "حکومەتێک چۆن دەتوانێت بەخۆی بڵێت حکومەت و حوکمڕانی خەڵک بکات کە تا ئيستا بەتەنها چاوی لەدەستی حکومەتی ناوەندی بێت و چاوەڕوانی ئەوە بکات کە تاوەکو حکومەتی ناوەندی پارە بنێرێت ئینجا ئەویش دەستبکات بە دابەشکردنی."

ئەوەشی وتوە"بەڕێز وەزیری دارایی ئەگەر دوبارە پێی سەخڵەت نەبی و بە قسەی زلی دانەنێیت لەماوەی 23 رۆژدا دو بەشە بودجەی هەرێم لە عێراقەوە هاتوە پێمان ناڵێی لەچیتان سەرف كردوە؟ ئەوە جاكسازییەكەتان بو!!!!!"

دەقی وەڵامی پەرلەمانتارەكەی كۆمەڵی ئیسلامی بۆ وەزیری دارایی...

"وەڵامێک بۆ ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی حکومەتی هەرێم"

وەزیری دارایی هەرێم بەم جۆرە وەڵامی من و 27 ئەندام پەڕلەمانی تری دایەوە و وتی"ئەوەی کە ئێوە دەیڵێن قسەی زل و بێبنەمایە ئەویش ئەوەیە کە داوادەکەن موچە لەکاتی خۆیدا بدرێ"، بەداخەوە ئەوە ئەدای قسەی وەزیرێکی حکومەتی هەرێم بێت کە قسەی ئێمەی پەڕلەمانتار کە نوێنەری خەڵکین و داوای مافە ڕەواکانی خەڵکمان کردوە بە قسەی زل ناوببات.

پێویستە وەزیری دارایی داوای لێبوردن لە خەڵکی هەرێمی کوردستان و بەتایبەت لەو پەڕلەمانتارانە بکات کە نوێنەری فعلی خەڵکن، جەنابی وەزیر ئەمە قسەی زل نییەو دوپاتی دەکەمەوە کە پێویستە لە ماوەی (30) ڕۆژدا موچەی فەرمانبەران بنێریت، دەپرسم باشە ئەگەر حکومەتێک نەتوانێ مافێکی سەرەتایی خەڵک و فەرمانبەران دابین بکات هەبونی ئەم حکومەتە سودی چییە!؟

وەزیری دارایی هەرێم لە زاری خۆیەوە نیازی حکومەتی ئاشکراکردو وتی: حکومەت بەنیازی بڕینی بەشێک لە موچەی فەرمانبەرانەو بەبیانوی ئەوەی کە خەرجیمان زۆر زیاترە لەداهات و لە بەرنامە تەلەفیزیۆنیەکەی دا ڕایگەیاند و وتی: کە ئەگەر بێت و ڤایرۆسی کۆرۆناو هیچ ڤایرۆسێکیش بونی نەبێت ئێمە ناتوانین (30) ڕۆژ جارێک موچەی فەرمانبەران دابین بکەین.

من وەکو خۆم چەندین جار ئەم نیازەی حکومەتم لە چەند بابەتێكدا خستۆتەڕو و دوێنێ وەزیری دارایی لەبەرنامە تەلەفیزیۆنیەکەدا بە ڕاشکاوی ئاماژەی بەم نیازەی حکومەت کرد.

جەنابی وەزیر دەترسم بەهەڵە تێگەیشتبیت، ئەوە ئێمەمانان باسی دەكەین مافێکی سەرەتایی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانە كە پێی دەڵێن موچە لەبری ئەو ئەركانەی كە ئەنجامیانداوە و ئەوان داوای مافێکی زیادەیان لە حکومەت نەکردوە، دەبێ حکومەت لەهەمو حاڵوبارێکدا بەهەر جۆرێک بێت پێویستە موچەی فەرمانبەران دابین بکات، نەوەک لە هەر بارودۆخێکی نەخوازراودا دەست بۆ بڕینی موچەی فەرمانبەران ببات.

لێرەدا پرسێک دێتە ئاراوە ئایا لەم نێوەندەدا ئەرکی حکومەت چییە!؟، حکومەتێک چۆن دەتوانێت بەخۆی بڵێت حکومەت و حوکمڕانی خەڵک بکات کە تا ئێستا بەتەنها چاوی لەدەستی حکومەتی ناوەندی بێت و چاوەڕوانی ئەوە بکات کە تاوەکو حکومەتی ناوەندی پارە بنێرێت ئینجا ئەویش دەستبکات بە دابەشکردنی.

بەڕێز وەزیری دارایی ئەگەر دوبارە پێی سەخڵەت نەبی و بە قسەی زلی دانەنێیت لەماوەی 23 رۆژدا دو بەشە بودجەی هەرێم لە عێراقەوە هاتوە پێمان ناڵێی لەچیتان سەرف كردوە؟ ئەوە جاكسازییەكەتان بو!!!!!

هیوادارم جەنابی وەزیریش سەخڵەت نەبێ بەو چاودێریکردنەی ئێمە، با ئاگاداریش بێت وا نەزانێت کە دەرگای پەڕلەمان داخرا ئیتر بەکەیفی خۆی بڕیارو ڕێنمایی و ڕاسپاردە دەربکات، من وەکو خۆم شەوو ڕۆژ چاودێری حکومەتم کردوەو دەیکەم و بەئەرکی سەرشانی خۆمی دەزانم لەنێو پەڕلەمان و لەدەرەوەی پەڕلەمانیش.

وەزیری دارایی هەرێم لە جێگای دەستخۆشی بۆ ئەندامانی پەڕلەمانی کوردستان کە سەرەڕای نەبونی دەوام بەڵام لەچاودێریکردنی حکومەت بەردەوامن، بەڵام دەڵێت پەڕلەمانتارەکان بەس قسەی زڵ دەزانن، جەنابی وەزیر باش بزانە ئەرکی ئێمە داوامکردن لەنێو بینای پەڕلەمانی کوردستان نییە بەتەنها بەڵکو ئەرکی ئێمە چاودێریکردن و بەدواداچونە بۆ کاروبارەکانی حکومەت و هەڵەو کەموکوڕییەکانی هەتاوەکو ئەگەر لەماڵەوش بین، جەنابی وەزیر دڵنیات دەکەینەوە کە ئێمە نوێنەری ئەو فەرمانبەرانەین کە ئێوە موچەتان پێنەداون و چاوەڕوانی ئەوەن کە موچە بنێرن.

روپاك ئەحمەد
ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×