پاریس.. ئەمشەو گڵۆپەکانی تاوەری ئیفڵ دەکوژێندرێتەوە
  2019-03-15       1418       

کاتژمێر ۱۲ی ئەمشەو سەرجەم گڵۆپەکانی تاوەری ئیفڵ بۆ هاوخەمی قوربانیانی هێرشە تیرۆریستییەکەی نیوزلاند دەکوژێندرێته‌وە.

ئاوێنه‌، هه‌ڵگورد سه‌مه‌د: خاتو ئان ئیدالگۆ، سەرۆکی شارەوانیی پاریس لەتویتێكدا لەتۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی‌ تویتەر سەرەڕای گەیاندنی سەرەخۆشیی دانیشتوانی پاریس بەگەلی نیوزلاندو جڤاتی موسڵمانانی ئەوێ، ڕایگەیاندووه‌، "بۆ یادی قوربانیانی ئەو هێرشە چەکدارییە، ئەمشەو گڵۆپەکانی ئیفڵ دەکوژێندرێنەوە".

تا ئێستا چەندینجار لەکاتی ڕودانی کارەسات‌و هێرشی تیرۆریستی، بۆ دەربڕینی هاوخەمی بۆ قوربانیان‌و کەسوکارەکانیان، ماوەی چەند کاتژمێرێک گڵۆپەکانی تاوەری ئیفڵ دەکوژێندرێنەوە.

ئەمڕو لەکاتی نوێژی هەینیدا چەکدارێکی ڕاستڕەوی توندڕەو هێرشیکردە سەر دو مزگەوتی شاری کریستچێرچ لەوڵاتی نیوزلاند. 

لەهێرشەکەدا ٤۹ کەس کوژران‌و دەیان کەسیش بریندار بون. دواتر دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە ڕایانگەیاند، ۳ کەسیان بەتۆمەتی پلاندانان‌و ئەنجامدانی هێرشەکە ده‌ستگیركردوه‌و لێکۆڵینەوەکان له‌گه‌ڵیاندا بەردەوامه‌.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×