وەزیری پەروەردە: لە 1ی 6 تەنها قۆناغی 12ی ئامادەیی و قۆناغی پێنجەمی پەیمانگاكان تاقیكردنەوە دەكەن
  2020-05-23       767       

وەزارەتی پەروەردە بڕیاریدا رۆژی 1ی 6 تەنها قۆناغی 12ی ئامادەیی بەهەمو بەشەكانییەوە لەگەڵ قۆناغی پێنجەمی پەیمانگاكان تاقیكردنەوە ئەنجام بدەن و دەشڵێت: قوتابیانی قۆناغی یەكی بنەڕەتی تا قۆناغی سێی بنەڕەتی بۆ ئەمساڵ بە دەرچو هەژماردەكرێن و قوتابیانی قۆناغی چواری بنەڕەتی تا 11ی ئامادەیی و قۆناغەكانی دیكەی پەیمانگاكان ئەنجامی وەرزی یەكەمیان بۆ هەژمار دەكرێت.

ئاوێنە: ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمشەو شەممە، فەرمانێكی وەزاری نوێی وەزارەتەكەی لە وتەیەكی تەلەفزیۆنیدا خوێندەوە، كە چەند بڕیارێكی نوێی وەزارەتەكە سەبارەت بە چارەنوسی خوێندنی ئەمساڵی قوتابیان و خوێندكاران لە خۆدەگرێت.

لە بڕیارەكاندا هاتوە:

1.قوتابیانی قۆناغی یەكی بنەڕەتی تا قۆناغی سێی بنەڕەتی كە تەنها هەڵسەنگاندنیان هەیەو تاقیكردنەوەیان نییە، بەگشتی ئەم قۆناغە بە دەرچو هەژمار دەكرێن بۆ ساڵی خوێندنی 2019-2020 بەبێ ئەوەی هیچ هەڵسەنگاندنێكی دیكە ئەنجام بدەن.

2.قوتابیانی قۆناغی چواری بنەڕەتی تا 11ی ئامادەیی و پۆلەكانی 10 و 11ی ئامادەیی پیشەیی و لە قۆناغی یەك تا قۆناغی چواری پەیمانگاكان و پۆلەكانی 10 و 11ی خوێندنی ئیسلامی دەرئەنجامی وەرزی یەكەمیان بۆ هەژمار دەكرێت و نمرەی بڕیار و پەڕینەوە وەكو ساڵانی رابردو دەبێت بەبێ هیچ گۆڕانكارییەك لەسەر نمرەكانی وەرزی یەكەم هەژمار دەكرێت، هەر قوتابییەك پاش ئەو رێكارە دەربچێت ساڵی خوێندنی كۆتایی پێ دێت و بە دەرچو هەژمار دەكرێت. ئەگەر قوتابی و خوێندكار لە هەر چەند بابەت دەرنەچو ئەوا مافی دەبێت لە خولی دوەم تاقیكردنەوە لە گشت ئەو بابەتانەی كە دەرنەچوە، لە خولی دوەم تاقیكردنەوەكان بكاتەوە.

3.لە 1ی6ی 2020 تەنها قۆناغی 12ی ئامادەیی بە هەمو بەشەكانییەوە(وێژەیی، زانستی، پیشەیی، خوێندنی ئیسلامی) و قۆناغی پێنجەمی پەیمانگاكان(حكومی و ناحكومی) تاقیكردنەوە ئەنجام دەدەن بە رەچاوكردنی رێنماییە تەندروستییەكان.

دەقی فەرمانە وەزارییەكە:

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×