کاتێک زیندان دەبێت بەپەناگەیەکی ئارام بۆ ژنان
  2019-03-26       2014       


ئا: رێژنە سەردار

رۆژنامەنوسی فریلانس



ئەم چیرۆکە راستەقینەیە بەهاوکاری‌و پشتیوانی رێخراوی “Internews” ئامادەکراوە لەسەر ژیانی ژنێک کە زیندانیکراوەو لەبەر تانەو تەشەری خەڵک نایەوێ بگەرێتەوە ناو کەسوکاری.

ژمارەیەک لەو ژنانەی بەهۆی ئەنجامدانی تاوانێکەوە حوکمدەدرێن، لەترسی تانەو تەشەرو مەترسیی لەسەرژیانیان. نایانەوێ پاش تەواوکردنی سزاکەیان لەزیندان ئازاد بکرێن‌و بگەڕێنەوە نێو کەسوکاریان.  

کانی -ناوێکی خوازراوە- تەنها چەند رۆژێکی کەمی ماوە بۆ کۆتاییهاتنی ماوەی حوکمەکەی‌و ئازادبون لەزیندان، بەڵام لەبری ئەوەی شادو دڵخۆش بێت، نیگەران‌و دڵتەنگە، چونکە نازانێ پاش ئازادبونی ڕوبکاتە کوێ‌و ژیانی پارێزراو نابێ.

ئەو کە بەتاوانی گواستنەوەی مادەی هۆشبەر تێوەگلاوە، نازانێ پاش بەسەربردنی چەند ساڵێک لەگرتوخانەی چاکسازی کۆمەڵایەتی چۆن روبەڕوی کەسوکارو کەسە نزیکەکانی بێتەوە کە دوای دەستگیرکردنی حاشایان لێکردوە. 

کانی وتی، "حەزناکەم حوکمەکەم کۆتایی بێت‌و ئازاد بم، مانەوەم لەناو زیندان پێخۆشترە لەوەی بچمە دەرەوەو دەزانم هەڕەشە لەسەر ژیانمە".

کانی کە تەمەنی ٥٠ ساڵە، پەشیمانە لەو کارەی ئەنجامیداوەو پڕ بەدڵ حەز دەکات بگەڕێتەوە ناو خێزانەکەی‌و ژیانێکی‌ نوێ دەستپێبکات، بەڵام نایشارێتەوە کە دەترسێت قسەو قسەڵۆکی کۆمەڵگە ژیانی‌ لێهەراسان بکات‌و داهاتوی‌ خۆی‌و منداڵەکانیشی بخاتە مەترسییەوە.

کانی، یەکێکە لەو ژنانەی کە پاش بەسەربردنی ساڵانێک لەزیندان، لەئازادیی دەترسن‌و خوازیارن لەگرتوخانە بمێننەوە.

بەڕێوەبەری چاکسازی‌ ژنان لەسلێمانی‌، ئومێدە محەمەد ئاماژە بەوە دەکات کە ژنانی‌ ناو چاکسازییەکە لەقسەی‌ ناو کۆمەڵگە دەترسن، ئه‌و دەڵێت، "لەکۆمەڵگەیەکی‌ وەک کۆمەڵگەی ئێمەدا ژنانی‌ ئاسایی‌ ڕوبەڕوی‌ قسەو قسەڵۆک دەبنەوە،  ئەی چۆن دەبێت بەرامبەر  ئەوانەی تاوانێکیان ئەنجامدابێت".

ئومێدە ئەوەش ڕوندەکاتەوە کە بەردەوام لەڕوی دەرونی‌‌و کۆمەڵایەتیەوە کار لەسەر ئەوە دەکەن ئەو  بەشێوەیەکی‌ تەندروستر بگەڕێنەوە کۆمەڵگە. ناوبراو ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات، "قسە لەگەڵ کەسوکاریشیان دەکەین، بەڵام ئێمە ناتوانین بەتەنها کێشەی‌ بەو جۆرە خراپە سەیرکردنی‌ کۆمەڵگە بگۆڕین، پێویستە ڕێکخراوەکانی‌ ژنان سیمیناری‌ تایبەت لەشوێنە گشتیەکاندا ساز بکەن‌و ببنە هۆکارێک بۆ گۆڕینی‌ ڕوانینی خەڵک بۆ ئەوەی‌ ئەو ژنانە جارێکی‌ تر نەبنەوە بەقوربانی‌، ڕاستە ئەوان هەڵەیەکیان ئەنجامداوە، بەڵام ئێستا گۆڕاون‌و پەشیمانن".

ئەگەرچی‌ زیندان شوێنێکی‌ ناخۆشە بۆ بەسەربردنی‌ ماوەی‌ سزای‌ یاسایی ئەو کەسانەی‌ کە لەتاوانێکەوە تێوەدەگلێن، بەڵام زیندانی‌ چاکسازی‌ ژنانی‌ سلێمانی‌ بووە بەپەناگەیەکی‌ هێمن بۆ ئەو ژنانەی‌ کە لەترسی تەواوبونی‌ ماوەی‌ سزاکەیان ژیان بەسەردەبەن. 

هەرچەندە ئەوان وەک خۆیان دەڵێن وانەیان لەهەڵەکانیان وەرگرتوەو پەشیمانی‌ دەردەبڕن‌و  لێرە خۆیان سەرقاڵی‌ چەند کارێکی‌ وەک نانکردن‌و بەرگردوریی‌‌و کاری دەستین‌و هەندێکیشیان پێکەوە ئاراشتگایەکیان بۆ ژنانی‌ ناو زیندانەکە داناوەو خۆیان سەرقاڵکردوە بە کارەوە، بەشێکیان کە بیر لەڕۆژانی‌ ئازادبونیان‌و ئەو قسەو قسەڵۆکانەی‌ خەڵک‌و ئەو هەڕەشانە دەکەنەوە کە هەفتانە لەڕێگەی‌ سەردانی‌ کەسە نزیکەکانیانەوە بۆیان دێت، خۆزگە بەمانەوە لەزیندان دەخوازن.

توێژەری کۆمەڵایەتی، دارا ئەنوەر زۆراب، ئاماژە بەوە دەکات هەمیشە ئەو ژنانەی لەزیندانەوە دەگەڕێنەوە نێو کۆمەڵگە لەڕێگەی‌  خێزان‌و دەوروبەرەوە توشی تانەو تەشەرو کێشە دەبن، بۆیە زۆرجار پاڵیان پێوەدەنرێت  بچنەناو کێشەی ترەوەو بگەڕێنەوە بۆ زیندان. 

دارا ئەنوەر پێیوایە، "کەموکورتییەکی گەورەش کە هەیە ئەوەیە، چاکسازییەکانی‌ کوردستان لەو ئاستەدا نین کە حوکمدراوان ئامادە بکەنەوە بۆ گەڕانەوە نێو کۆمەڵگە". 

ئەو لەدرێژەی قسەکانیدا به‌پێویستی‌ ده‌زانێت كه‌  تاکی‌ کورد هۆشیار بکرێتەوە لەکێشەیەکی‌ وا گەورە کە دوبارە ژنەکان دەکاتەوە بەقوربانی‌و زۆرجار دوچاری هەوڵدان بەخۆکوشتن‌و نەخۆشی دەرونیان دەکەنەوەو، رق‌و بیری توندوتیژیی‌‌و دوژمنکاریی لەناخیاندا دروست دەکەنەوە.

به‌بۆچونی‌ زۆراب، ئەو ژنانە لەبەردەم پێنج مەترسیدان کە بریتین لەجەستەیی‌‌، دەرونی‌‌، ڕۆحی‌‌،  عەقڵی‌‌و پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکانیان. ئەگەر دوای‌ ئازادبونبان بەر هەڕەشەو تانەو تەشەری کۆمەڵگە بکەون ئەوا دەرئەنجامی‌ مەترسیداری دەبێت بۆ سەر ژیانیان. ئەو داوا لەحکومەت‌و ڕێکخراوەکان ده‌كات کار لەسەر بونیادنانەوەی ئەو ژنانە بکەن وەک کەسێکی‌ خاوەن ئەزمون تەماشا بکرێن.

گەڕانەوەی‌ ژنانی‌ حوکمدراوان بۆ نێو کۆمەڵگەو دەستپێکردنەوەی‌ ژیانی‌ ئاسایی‌ پێویستی‌ بەهۆشیارکردنەوەی‌ کۆمەڵگەو بەهێزکردنی‌ پەیوەندییانە لەگەڵ خێزانی کەسوکاریان لەماوەی‌ حوکمدانیان‌و پاراستنیانە بەیاسا. 

پارێزەری ڕاوێژکار لەڕێکخراوی‌ خانزاد، کارزان فازڵ، ڕایدەگەیەنێت، پێویستە لەسەر حوکمەت شوێن‌و یاسای‌ تایبەتیان بۆ دابین بکات تاوەکو پارێزراو بن، ئەو وتی‌، "ئێمە لەگەڵ کابینەکانی‌ حکومەت‌و وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی‌ دانیشتوین‌و لەمبارەوە داواکاریمان پێشکەش کردووە".

وتیشی‌، "پڕۆسەی‌ هۆشیارکردنەوەی‌ کۆمەڵگە سەبارەت بەم بابەتە بەرنامەیەکی‌ دورودرێژەو دەبێت زو یان درەنگ جێبەجێ بکرێت".

زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
بەغدا دەستی بەکردنەوەی هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی هەرێم کرد
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
كه‌شناسێكی كورد واده‌ی هاتنی شه‌پۆلێكی بارانباران و هه‌وره‌ بروسكه‌ی راگه‌یاند
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
ئۆتۆمبێلی ئەندامێكی پێشوی سەركردایەتی یەكێتی لە سەرچنار تەقییەوە
ئێران لە رێگەی روسیاوە: ئیسرائیل نامانەوێت دۆخەکە ئاڵۆزتر بکەین
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×