پڕۆژەیاسایەك بۆ رێگریكردن لەپێدانی فڕۆكەی ئێف 35 بە توركیا پێشكەشی كۆنگرێس كرا
  2019-03-29       1088       

چوار ئەندامی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكا، دوێنێ پێنجشەممە پڕۆژە یاساییەكیان پێشكەشی كۆنگرێسی ئەمریكا كرد بۆ رێگریكردن لە رادەستكردنی فڕۆكەی ئێف 35 بە توركیا تا ئەو كاتەی حكومەتی وڵاتەكەیان دڵنیادەبێتەوە كە ئەنكەرە سیستمی ئێس 400 لە روسیا وەرناگرێت.

ئاوێنە: لەبەیاننامەیەكدا چوار ئەندامی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكا كە پێكهاتون لە جین شاهین و كریس ڤان هۆڵن لە دیموكراتەكان و هەروەها جەیمز لانكفۆردو تۆم تێلیس لە كۆمارییەكان نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە بەرامبەر بە كڕینی سیستمی ئێس 400 لەلایەن توركیاوە لە روسیا.

ئەو چوار ئەندامەی ئەنجومەنی پیران جەختیان كردۆتەوە كە هاوپەیمانانی ئەمریكا لە ناتۆ بۆیان نییە لەهەمان كاتدا فڕۆكەی ئێف 35 و سیستمی موشەكی ئێس 400ی روسی بەدەستبهێنن.

پڕۆژە یاساكە لەژێر ناوی "یاسای پاراستنی كایەی ئاسمانی ناتۆ"، كە لەلایەن ئەو چوار ئەندامەی ئەنجومەنی پیرانەوە پێشكەش بە كۆنگرێسی ئەمریكا كراوە، جەختی لەسەر ئەوە كردۆتەوە تا دڵنیابونەوەی ئەمریكا لەپاشگەزبونەوەی تورکیا لە کڕینی سیستمی بەرگری ئاسمانی ئێس٤٠٠، ھیچ فڕۆکەیەکی ئێف ٣٥ رادەستی تورکیا ناکرێ.

پڕۆژە یاساكە داواشی كردوە كە ھیچ زانیارییەک لەبارەی فڕۆکەی ئێف ٣٥ بە تورکیا نەدرێ و ھیچ دامەزراوەیەکی بەکۆگاکردن لە تورکیا لەبارەی ئەم فڕۆکانەوە نەکرێتەوە.

لەپڕۆژە یاساكەدا هاتوە"ئەگەر سەرۆکی ئەمریكا لە نوسراوێکدا ئەوە پشتڕاست بکاتەوە کە تورکیا وەرگرتنی سیستمی بەرگری ئاسمانی ئێس٤٠٠ى قبوڵ نەکردوە یاخود نیازی وەرگرتنی نییە ئەوا دەکرێ لەم سنوردارکردنانە ببوردرێ."

پڕۆژە یاساكە هێمای بۆ ئەوە كردوە كە وه‌رگرتنی سیستمی به‌رگریی موشه‌كی ئێس 400 ده‌كه‌وێته‌ چوارچێوه‌ی یاسای به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی دوژمنه‌كانی ئه‌مریكا.

لەپڕۆژە یاساكەدا هاتوە"كڕینێكی له‌م جۆره‌، یه‌كێتیی هاوپه‌یمانێتی ناتۆ ده‌خاته‌ مه‌ترسییه‌وه‌، به‌و ئۆپه‌راسیۆنانه‌ی كه‌ هاوپه‌یمانێتی نێوده‌وڵه‌تی و هێزه‌كانی ئه‌مریكا تێیدا به‌شدارن، كاریگەری خراپ ده‌كاته‌ سه‌ر ئۆپه‌راسیۆنی هێزه‌كانی ئه‌مریكا. بەتەواوی كاریگه‌ری دەبێت لە‌ سه‌ر هه‌ماهه‌نگی به‌رگریی توركیا و ئه‌مریكا."


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×