رۆحانی: ئامانجمانە قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ عێراق بگەیەنینە 20 ملیار دۆلار
  2019-04-06       420       

حەسەن رۆحانی، سەرۆك كۆماری ئێران رایگەیاند، بەرنامەیان هەیە قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ عێراق لەداهاتودا بگەیەننە 20 ملیار دۆلار.

ئاوێنە: حەسەن رۆحانی، سەرۆك كۆماری عێراق ئەمڕۆ شەممە لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی، سەرۆكی وەزیرانی عێراقدا، رایگەیاند، گەلی ئێران و عێراق بەردەوام دو گەلی دراوسێی باش بون و هیوادارین بەم نزیكانە زیاتر پەرە بە پەیوەندییەكانی نێوانمان بدەین.

هێمای بۆ ئەوەش كرد كە لەكۆبونەوەی ئەمڕۆی نێوانیاندا تاوتوێی جێبەجێكردنی ئەو رێككەوتنانەیان كردوە كە لە بەغدا ئیمزایان كردون و هەروەها ئاماژەی بەوەشدا كە رێككەوتنی بەخۆڕاییكردنی فیزای نێوان هەردو وڵات، یەكێك بو لەو رێككەوتنانە كە جێبەجێ كرا.

رۆحانی باسی لە پڕۆژەی بەستنەوەی هێڵێ شەمەندەفەری نێوان هەردو وڵات كردو راشیگەیاند كە هیواداران پڕۆژەكە لەدوای مانگی رەمەزانەوە دەست بەكاركردن تێیدا بكرێت.

جەختیشی كردەوە كە هەناردەی كارەباو غازی ئێران بۆ عێراق بەردەوام دەبێت و ئامادەیی وڵاتەكەشی بۆ جێبەجێكردنی تۆڕێكی زۆر باشی كارەبا لەنێوان هەردو وڵاتدا نیشاندا.

ئەوەشی خستەڕو كە پەیوەندییە بازرگانییەكانی نێوان هەردو وڵات زۆر باشن و بەرنامەمان هەیە قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوانمان لەچەند مانگ و چەند ساڵی داهاتودا بگەیەنینە 20 ملیار دۆلار و هەروەك باسی لەوەش كردوە كە رێككەوتن كراوە لەسەر دروستكردنی چەند ناوچەیەكی پیشەسازی لەسەر سنوری هەردو وڵات و ئەمڕۆش رێككەوتون لەسەر دروستكردنی ناوچەیەكی پیشەسازی لەسەر سنوری باشوری ئێران و عێراق و ناوچەیەكی دیكەی پیشەسازی لەسەر سنور لەرۆژئاوای ئێران.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×