"قوباد تاڵەبانی حزبیانە قسە لەسەر روداوەکەی گردی زەرگەتە دەکات"
  2019-06-11       3182       
قوباد تاڵەبانی

به‌وته‌ی‌ په‌رله‌مانتارێكی‌ فراكسیۆنی‌ گۆڕان، قوباد تاڵەبانی حزبیانەو لایەندارانە قسەی‌ لەسەر روداوەکەی گردی زەرگەتەو گیانله‌ده‌ستدانی‌ پاسه‌وانه‌كه‌ی‌ گۆڕان كردووه‌.

ئاوێنه‌: پاش شه‌ڕو ئاڵۆزییه‌كانی‌ شه‌وی‌ رابردوی‌ به‌رده‌م مه‌كۆی‌ سه‌ره‌كی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان له‌سلێمانی‌‌و گیان له‌ده‌ستدانی‌ پاسه‌وانێكی‌ مه‌كۆكه‌، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەتویتێكیدا رایگه‌یاند، "هیچ هێرشێك له‌لایه‌ن یه‌كێتییه‌وه‌ دژی‌ گۆڕان ئه‌نجامنه‌دراوه‌".

له‌به‌رامبه‌ردا دابان محەمەد، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی کوردستان، لەنوسینێکیدا لەفەیسبوک وەڵامی قسەکانی قوباد تاڵەبانی ده‌داته‌وه‌و ده‌نوسێت، "لەتویتێکدا قوباد تاڵەبانی کە ئێستا بەئەمانەت‌و بۆ مانگێک سەرۆکی حکومەتی بەدەستە، حزبیانەو لایەندارانە قسە لەسەر روداوەکەی گردی زەرگەتەو شەهید کردنی کاکە (ڕێبەند فەرهاد) دەکات، لەکاتێکدا باسی بەردەوامی لێکۆڵینەوەکانی پۆلیس دەکات، حوکم دەدات‌و دەلێت: یەكێتی بێبەرییە لەو ڕوداوە".

ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت، "نوسینەکە ئەوەند بەنەفەسێکی حزبی‌و بەرگری خێزانی نوسراوە، هەر بیری چوە ئەوەی شەهید بوە گەنجێکەو سەرەخۆشی لەخێزانەکەی‌و گۆڕان بکات، بەجۆرێک قسە ئەکات وەک ئەوەی ئاسایش، دژەتیرۆر، هێزە ۸٠٠ کەسیەکەی بافڵی برای، یەکەکانی ۷٠ و هێزە ڕەشەکەو فەوجەکانی سەرۆک کۆمارو فەوجەکانی فلان‌و هێزەکانی فیسار لای ئەوان نەبن، وەک ئەوەی هێزی ئەمنی‌و ئەم تۆزە ئەمنیەتەش کە ناو بەناو لەهەر قەیرانێکدا هەڕەشە لەتێکدانی دەکەن لای ئەوان نەبن".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×