ئەو پەیکەرانەی لە دەرەوەى دونیاى هونەرن
  2021-10-19       1729       

زاموا داراغا

 

پەیکەرەکانى بەردەم باڵەخانەى ناوەندى ڕۆشنبیرى دکتۆر عیزەدین مستەفا ڕەسوڵ بە نموونە ...
لە نوێترین دانانى پەیکەر لە شارى سلێمانی کردنەوەى ناوەندى ڕۆشنبیرى دکتۆر عیزەدین مستەفا ڕەسوڵ بوو، کە لە بەردەم باڵەخانەکەدا چوار پەیکەر دانراون بۆ هەر یەکە لە
(  گۆرانى شاعیر شێرکۆ بێکەس عیزەدین مستەفا ڕەسوڵ و محەمەدى مەلا کریم )
سەرەتا لەو خاڵەوە دەست پێدەکەم کە ئاخۆ بۆ ئەبێت هەمیشە پەیکەر لە دەرەوەى دیزاینى تەلارسازیدا بێت بۆ نەبێت بە بەشێک لە دیزاینى باڵەخانەکان بۆ ئەبێت پەیکەر لەو ئاستەدا بێت کە وەک باشکۆ و دیکۆرێکى زیادە دابنرێت لە دواى دیزاین کردن و دروست کردنى بالەخانەکان پێوەى ئەلکێندرێت.
 گەر بەو شێوەیەش بیربکەینەوە کە هونەری تەلارسازی ئێمە هەژارە لە ڕووى ڕەگ وریشەى کلتووری ئێمەوە وە بە هیچ بنەمایەکى زانستى هونەرى خۆرسکى ناوچەکە  سەرچاوەی نەگرتووە.
خۆ ئەتوانین کۆپیەکى جوانى هونەری تەلارسازی ڕۆژئاوا بهێنین و لە کوردستان جێبەجێى بکەین ببێت بە سەرەتایەکى کۆنکرێتى کە له‌ دواڕۆژدا بتوانین بیکەین بە خاڵى سەرەتا بۆ کارکردن لەسەر مێژووی هونەری تەلارسازی و بەستنەوەى بە کولتورى شارەکانمان و دروست بوونى تایبەتمەندى شارەکان لە رووى هونەرى تەلارسازیەوە.
ئەمەش بە روونى ئەبینرێت لە واقغى ئیستاى شارەکانى هەرێمى کوردستان کە توشى سەرلێشیوانێکى  کولتوورى و ون بوونى تایبەتمەندیەکانى شار لە ڕیگەى هونەرى تەلارسازیەوە,
باشترین نموونە بۆ ئەم بابەتە باڵەخانەى ناوەندى ڕۆشنبیرى دکتۆر عیزەدین مستەفا ڕەسوڵە کە لەم نزیکانەدا دروست کراوە وە پەیوەندى پەیکەر لەگەڵ هونەرى تەلارسازیدا. 
گەر سەرنجى هەر چوار پەیکەرەکە بدەین ئەوە ئەبینیت هەر چواریان لە دەرەوەى باڵەخانەکە دانراون واتە ( پەیکەرەکان تێکەڵاوى دیزاینى باڵەخانەکە نەبووە ) وە لە سەر چوار قاعید دانراون لە ناو باخى باڵەخانەکەدا, کە بە هیچ شێوەیەک ناگونجێت لەگەڵ دیزاینی ته‌لارسازی باڵەخانەکە.
گەر بە وردى سەرنجى دیزاینى باڵەخانەکە بکەین چەند شوێنێکى زۆر گونجاو هەیە کە ئەتوانرا پەیکەرکەى لێو دابنرێت و ببێتە بەشێکى گرنگ و جوان وە ماناى ناوەندى ڕۆشنبیرییەکە بپیکێت، ئەویش ئەو (چەند قەوسەیە کە لە پێشى باڵە خانەکەدا دروست کراوە) واتە سود وەرگرتن لەو قەوس و پایانە وەک شوێنێکى تایبەت بۆ پەیکەرەکان
وە چونە ناوەوەى پەیکەرەکان بە شێوەیەکى ڕاستەوخۆ وە کاریگەریەکەى گەورەتر ئەبوو بۆ هەردووکیان مەبەستم لێرەدا بۆ پەیکەرەکانە کە وەزن و کارەکتەرى خۆى ئەبوو وە بە هەمان شێوەش باڵەخانەکەى ئەبوو بە یەکەیەکى تەواو کەر و بەهێز لە رووى هونەرى تەلارسازیەوە.
لێرەوە ئەبێ بپرسین کێشەکە لە چیەوە سەرى هەڵداوە... 
بە باوەڕى من کێشى یەکەمى پەیکەرسازى لە کوردستان و سلێمانى بە تایبەتى کێشەى  (سپەیس)ە واتە شوێنى دانانى پەیکەرەکە کە لە 50%ى کارەکەیە وە ئەبێت مەعریفەیەکى تەواومان هەبێت سەبارەت بەم زانستە هونەرییە وە بە تایبەتى لە هونەرى پەیکەرسازى سێ ڕەهەندى وە بە هەمان شێوە مامەڵە کردنى سپەیس لە ناو هونەرى تەلارسازیدا کە ئەبێت زۆر بە وشیارانە مامەڵەى لەگەڵدا بکرێت و پارسەنگى ئەو دوو ئیلمێنتە بپارێزرێت هەم وەک دیزاینى تەلارسازى و هەم وەک هونەرى پەیکەر سازیەکە کە ئەبێت لە خزمەتى یەکدابن بۆ ئەوەى لە کۆتایدا شاکاریکى هونەرى ناوازە بێتە بەرهەم .
بەڵام ئەوەى کە دەبینرێت لە دانانى پەیکەر لە کوردستان و بە تایبەتى سلێمانی بە پێچەوانەى زانستى هونەرییەوەیە, کە وایکردوە هونەرى پەیکەرسازى لە بەهاى خۆى کەم بێتەوە وە هەمیشە پەیکەر لە ( هامشدابێت ) وەک پاشکۆ مامەڵەى لەگەڵ کراوە  تەنها بۆ مەبەستى جوانکارى ( معنەوى ) بەکار هاتووە بەبی گوێپیدان بە هونەرى پەیکەرسازى لە رووى ( هونەری و سپەیس و قەبارە )وە.
بەڵکو ئەبێتە هۆى ناشرینکردنى شوێنە گشتییەکان و ئەو باڵەخانانەى کە پەیکەرى تیا دانراوە یان پێوەى نوسینراوە یان لەبەر باڵەخانوکان دادەنرێن وە نموونەشمان زۆر بۆ نموونە باڵەخانەى ( کتێبخانەى گشتى ) وە باڵەخانەکانى بەرێز ( زاهیرى کریمە ڕەش ) پەیکەرەکانى لە سەربانى باڵەخانەکانى داناوە یان پێوەى هەڵواسراون کە بووەتە هۆکارێک بۆ ناشرین کردنى باڵەخانەکە و تێکدانى سپەیسى ئەو شوێنە بە گشتى.
وە دانانى سەدان پەیکەر لە شوێنى نەگونجاودا باشترین نموونە بەردەرکى سەرایە کە سەنتەرى شارى سولەیمانیە کە بە هیچ شێوەیەک بیر لە دانانى دیزان و پلانى شار بۆ نەکراوەتەوە وەک سەنتەرى شارێکى یەک ملیۆن کەسى .
لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت هونەرى پەیکەرسازى چۆن بووە بە پاشکۆ و کارەکتەر خۆى لەدەست داوە وەک هونەرێکى سەربەخۆ کە ئەتوانم لێرەدا بیکەم بە چوار بەشى سەرەکییەوە...:
یەکەم: شێواندنى فەزاى گشتى شار و باڵەخانەکان لە رووى ژینگەیەوە .
دووهەم: تێکدانى چێژى بینین و راهێنانى لەسەر ناشرینى لەلایەن هاوڵاتیانى شارەوە.
سێهەم : بەهەدەردانى پارە و بوچەى گشتى و تایبەتى.
سێهەم: نەگەیاندنى ئەو پەیامەى کە پەیکەرەکەى بۆ دروست کراوە.
واتە کە کەسێک یان ڕێکخراوێک یان دەوڵەت بە نیازى دروست کردنى پەیکەرێکبیت  بۆ کەسایەتییەکى ناودارى میللەتەکەمان بە دڵنیایەوە ئەیەوێت ئەم کەسایەتیە بپارێزێت لە بیرچوونەو و بە زیندوێتى بیهێڵیتوە  تا ببێت بە بەشیک لە شانازیەکانى مێژووى بۆ نەوەکانى دواڕۆژ و خەڵکى بیانى کە دێن بۆ ناو شارەکەز
بەڵام ئەوە جێى سەرنجە  لە دواى تەواو بوونى پەیکەرەکە ئەم پەیامە پیچەوانە ئەبێتەوە وە لە هەندێ کاتدا دەبێتە دژى کەسایەتییەکە کە پەیکەریان بۆ دروست کردوە و قسە و قەسەڵۆکى لێ دروست ئەبێت و ناووناتۆرى ناشرینى دوا ئەخەن و هیچ کاریگەریەکى تەوتۆ ناخاتە سەر روئیاى بینەر و میژووى شارەکە شتێکى تازە ناخاتە سەر زاکیرەى دەستە جەمعى خەڵکى شارەکە وە بە تێپەربوونى کات پەیکەرەکە تواناى سەرنج ڕاکێشانى خەڵکى نامێنێت وە بوونى لە نەبوونى وەک یەکى لێدێت و بیر ئەچێتەوە وە لە هەندێ کاتدا کوالیتى پەیکەرەکە لە چەند سالێک تێپەر نابێت کەشوهەوا وایلێ ئەکات کە داماڵرێت , بۆ نموونە یەکەرى ( فایق بێکەسە ) لە بەردەرکى سەرا.
ئەمانەش بەهۆى دوو هۆکارى سەرەکیەوە دروست ئەبن ...
یەکەم : سپەسى و شوێنى دانانى پەیەکەرەکە کە لە سەرەوە باسم کرد .
دووهەم : تواناى کارى هونەرى و کوالیتى لە پەیکەرسازیدا.
واتە ئەو پەیکەرە تا چەند کارى هونەرى تیا کراوە وەک وەستاى و سەلیقەى و کوالیتى
لە هەمان کاتدا وەک بیرۆکە و فەنتازیاى و دارشتنى هونەرى لە فۆرم و تەکنیک و کوالیتی کە تواناى ئەوەى هەبێت پەیامى بیرۆکەکە بگەیەنێت و زۆرترین کات بمێنێتەوە.
لێرەدا چەند سەرنجێکم هەیە لەسەر توانای هونەری ئەو چوار پەیکەرەکە بە گشتى کە لە پێش باڵەخانەى ناوەندى ڕۆشنبیرى دکتۆر عیزەدین مستەفا ڕەسوڵ دانراون.
یەکەم : بۆ یەک پەیکەر لە برۆنز دروست کراوە وە سێ پەیکەرەکەى تر بە مەتریاڵى جاواز دروست کراون؟ کە ئەمە وایکردوە  کاریگەرى ئەرێنى گەورەى لە سەر دیزاینى باڵەخانەکەى دروست بکات, بە هەمان شێوە لە رووى ڕەنگى پەیکەرەکانەوە کە سێ دانەیان ڕەنگى زەردى بڕۆنزیە وە یەک دانەیان ڕەنگى سەوزى بڕۆنزیە ؟
دووهەم : هەر چوار پەیکەرەکە بۆ یەک شوێن دروست کراون واتە بۆ بەردەم باڵەخانەى ناوەندى ڕۆشنبیرى دکتۆر عیزەدین مستەفا ڕەسوڵ.
بەڵام بە قیاس و قەبارەى جیاواز پەیکەرەکان لە ڕووى قەبارەوە وەک یەک نین، بە تایبەتى پەیکەرى بەڕێز (عیزەدین مستەفا ڕەسوڵ) کە لە هەموویان گەورەترە, ئەمەش هۆکارێکى گرنگە کە نەتوانراوە پەیکەرەکان وەک ( یەکەیەکى تەواوکەر ) سەیر بکرێت و مامەڵەى لەگەل بکرێت بە قەبارە و بەرزى باڵەخانەکە کە لە کۆتایدا هەموویان پێکەوە ئەبن بە یەک ( کوتلە )  لە ناو باڵەخانەکەدا.
سێهەم : لە سێ پەیکەردا بوونى کتێب هەیە بە سێ شیوازى جیاواز کە هەرسێکى هەمان مانا ئەدات کە ئەمانە ئەهلى کتێب و ڕۆشن فکرن، پەیکرى (گۆرانى شاعیر, عیزەدین مستەفا ڕەسوڵ و محەمەدى مەلا کریم ) ئەمە ئەوە ئەگەیەنێت بیرۆکەى پەیکەرەکان لە سادەترین شێوەدا خۆیان ئەبینەوە وە هونەرمەندەکە بە هیچ شێوەیە فەنتازیاى بەکار نەهێناوە و خۆى هیلاک نەکردوە, وەک ئەوەی بڵێن (گۆشت بۆ قەسابە و نان بۆ نانەوا... ) بە هەمان شێوە لە زۆربەى زۆرى ئەو پەیکەرانەى کە دروست ئەکرێت بۆ شاعیر و ڕۆشنبیرانى میللەتەکەمان ئەم کتێبە بە بەردەوام ( پێوەى نوساوە ) وەک ئەوە بێت کە ئەمە یاسایە و کەس بۆى نییە ئەم یاسایە بشکێنێت ئیتر فەنتازیا لەو شوێنەدا کار ناکات.
چوارهەم : شێوازى فۆرمى پەیکەرەکە لە سێ پەیکەردا بە هەمان شێوە وەستاون (ژێستی وەستانەکەیان) واتە فۆرمێکى تەقلیدى سونەتى وەستاو لێرەدا ووشەى (وەستاو) بە ماناى نەبوونى جوڵەى لەشیان کە تواناى ئەوەى هەبێت کارەکتەرى پەیکەرەکە شەرح بکات بۆ بینەر، کەسێکە بێ جووڵە کە وایکردوە ئەوەندەى تەعبیر لە مادەکە بکات ئەوەندە تەعبیر لە کەسایەتییەکە نەکات.
بۆ نموونە گۆرانى شاعیر ( ئەوەندە بڕۆنزە ئەوەندە گۆرانى شاعر نییە ) وە بە هەمان شێوە پەیکەرەکانى تر هەمان هەستت ئەدەنێ.
لە پەیکەرى شێرکۆ بیکەس دا ( نیوە جوڵە ) ئەبینرێت بەڵام بە هەمان شێوە بێ ڕۆحە.  وەستانەکەى بە هیچ شێوەیەک ناگاتە ئەو گروگڤەى کە شێرکۆ بێکەس هەیبوو لە کاتى خوێندنەوەى شعردا.
پێنجەم : لەشى پەیکەرەکان لێرەدا حساب بۆ لەشى کەسایتیەکە نەکراوە واتە  (بونیەى و ماسوکە و یەسقان )ى کەسایەتییەکان هیچى دیار نییە وە تەنها کار لەسەر جلى پەیکەرەکان کراوە، گەر سەرى پەیکەرەکان لێبکەینەوە و ئاڵوگۆرى پێبکەین هیچ لە بابەتەکە ناگۆردرێت بۆ نموونە سەرى پەیکەرى بەرێز (عیزەدین مستەفا ڕەسوڵ ) بکەین بە هەر لە سێ پەیکەرەکەى ترەوە وەک یەک دەرئەجێت لە ئەنجتمدا، وە هەمووشیان ( جاکەت و پانتۆڵیان لەبەردایە ) کە ئەمەش بۆمن چێى سەرنجە کە لە سەرەتاوە زایویانە کە ئەم چوار پەیکەرە لەیەک شوێندا دادەنرێت وە نزیک لەیەکیش.
ئەمەش هۆکارى ئەوەیە کە پەیکەرسازى لەلاى ئێمە تەنها شێوە و لێک چوونى دەم و چاوەکەیە وە باقى لەشەکە هیچ گرنگى نییە و کەمترین مامەلەى هونەرى لەگەڵ ئەکرێت.
وە ئەمەش بە جوانى لە قاجى پەیکەرەکاندا دەرئەکەوێت گەر سەیرى قاجەکان بکەین هەمووى یەک جۆر مامەڵەى لەگەڵ کراوە تەنها پانتۆڵێک ئەبینرێت بەبێ (ئه‌ناتۆمی لەشەکە) کە بەهیچ شێوەیە ئێسک و ماسوکەى کەسایەتییەکە دیار نییە تەنها (پانتۆڵێکى ئوتوکراوى ساف و ڕێک) کە ئەمە وایکردوە هیچ کارێکى هونەرى داهێنانەى بۆ نەکرێت و پشتگوێ بخرێت وە بەهیچ شێوەیەک قوماش و جرجى قوماشەکە لەگەل ماسولکە و یەسقانى کەسایەتیەکە یەک نەگریتەوە.
شەشەم : لە هەرچوار پەیکەرەکەدا هیچ هۆکارێکى ( موبالەغە ) نابینرێت
لێرەدا زۆر گرنگە وە بەتایبەتى لە هونەرى پەیکەرسازیدا کە هونەرمەندەکە بتوانێت بە پێى ژیان و کارەکتەرى کەسایەتییەکە ( موبالەغە بکات بە فۆرمى کارە هونەرییەکەوە ) ئەمەش پەیوەندیەکى ڕاستەوخۆى هەیە بە فەنتازیاى هونەرمەندەکە و جیهانبینى هونەرمەندەکە کە لە توانایدا هەبێت داهێنان بکات لە ڕووى فۆرم و دارشتنى کارە هونەرییەکە وە ده‌رخستنى ئەو وردەکارییانەى کە لە ژیانى کەسایەتییەکەدا هەبووە لە ڕێگەى ئەو فۆرمەکەوە کە دروستى ئەکات، هێشتنەوە و زیندویەتى کەسایەتییەکە لە ڕێگەى ئەو (موباڵەغە هونەریەوەیە)  کە هونەرمەندەکە ئەیدات بە پەیکەرەکە, کە بە داخەوە لە هیچ لە پەیکەرەکاندا ئەو (موباڵەغە) نابینرێت.
حەوتەم : نەبوونى ناوى هونەرمەندەکە لەسەر پەیکەرەکە، کە ئەمە خۆى لە خۆیدا کێشەیەکى شاراوە دروست ئەکات ئەویش کێشەى ( خاوەندارى )تیە ئەبێ لە خۆمان بپرسین پەیکەرێک لەسەر شوێنێکى گشتى دادەنرێت کە سەدان هاوڵاتى بەبەردەم ئەو باڵەخانەیەدا ئەڕوات کە تابلۆى ژێر پەیکەرەکە ئەخوێنێتەوە ناوى هونەرمەندەکەى لەسەر نییە مافە خاوەنداریتى پەیکەرەکە بۆ کەسى هونەرمەندەکە چى لێدێت ئایا هەروا بە ئاسانى دەست بەردارى ئەو هەموو کار و خۆهیلاکیە ئەبێت. 
لەوانەیە یەکەم شت بە بیرتا بێت ئەوەیە کە ئەم پەیکەرانە لەلایەن بەرێز ( فاروقى مەلا مستەفا ) وە سپۆنسەر کراوە وە ناوەندى ڕۆشنبیرییەکەش ئەو بەڕێزە خاوەنێتى کەواتە بۆى هەیە ناوى هونەرمەندەکە نەنووسێت.
بەڵام ئێمە هەموومان ڕۆژانە ئەچین بۆ سوپەرمارکێت و دوکانى جۆراوجۆر بۆ کڕینى شتومەک و کاڵاى ڕۆژانەمان وە بە پارەى خۆمان ئەو کاڵایانە ئەکرین بەڵام کە دەیبەینەوە ماڵەوە لەسەر کاڵاکان ناوى کۆمپانیاکە و خاوندارێتى دروستکەرى کاڵاکەى لەسەرە وە لە کۆتایدا ئێمەى کریار ئەبینە خاوەنى ئەو کاڵایە کە  کە بە ماندوێتى کەسانى هوەرمەند و داهێنەر دروستیان کردوە بە هیچ شێوەیەک نابینە خاوەنى بیرۆکە و داهێنانى کاڵاکە.
چوار پەیکەرى گەورە بۆ کەسایەتى ناودارى میللەتەکەمان هیچ ناوێکى لەسەر نییە، ئەمە بۆ من گومانە وە دروست بوونى پرسیارە کە ئایە ئەم پەیکەرانە دواى چەند ساڵێک کەسانێک دێن مێژووى هونەرى پەیکەرسازى ئەنووسنەوە کێشە دروست ناکات بۆ مێژووى هونەر وە بە تایبەتى هونەرى پەیکەرسازى لە ڕووى ( خاوەندارێتى یەوە )
هەموومان ئەزانین کێ خاوەنى ئێستاى ( پەیکەرى داڤیدە و کێ پەیکەرى داڤیدى دروست کردوە ) وە لە ئەرشیفى هونەرى پەیکەرسازیدا ناوى هەردووکیان نووسراوە ماوەتەوە.
بەڵام لێرە ئەم دیاردەیە خەریکە زیاد ئەکات بە هەمان شێوە پەیکەریتریش هەیە لە ناو شوێنى گشتیدا دانراوە ناوى پەیکەرسازەکەى لە سەر نییە، کە بە باوەڕى من لە داهاتوودا ئەمە ئەبێتە کێشەیەکى زۆر گەورە وە ئەو کاتە مێژووى هونەر و کارە هونەریەکان باجەکەى ئەدەن . زامۆئا داراغا 15/10/2021 
تێبینى : ئەوەى گرنکە لێرەدا باسى بکەم ئەوەیە کە بتوانین دیبەیت لەسەر هەموو کارێکى هونەرى و کولتورى خۆمان بکەین دوور لە شکاندنى بەرامبەر و بچوککردنەوەى یەکترى و سڕینەوە. لە پیناوى دروست بوونى کەشێکى تەندروست وە لە تواناماندابێت قسە لەسەر هەموو بەرهەمى هونەرى بکەین وە خۆمان لەو پاسیڤیە دەربهێنین وە بتوانین بەرپرسیاربین لە بەرامبەر بە هەموو کایەیى هونەرى و کولتورى خۆماندا, بە چاوێکى جیاوازەوە تەماشاى کارە هونەریەکان بکەین و پرسیارى تازە دروست بکەین لەمەر هونەرەکەماندا  بە گشتى .

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×