بەرپرسێکی ئەمریکی: جێی تێڕامانە کە دوەم ڕێبەری داعش لە نزیک تورکیا دۆزرایەوە
  2022-02-05       1748       

ئا: ئاوێنە

 

بەرپرسی کۆمسیۆنی ئەمریکا بۆ ئازادی ئایینی نێودەوڵەتی بە دەنگی ئەمریكای ڕایگەیاند، جێگەی پرسیارە بۆ دوەم جار هێزەکانی ئەمریکا سەرکردەی ڕێکخراوی داعش بە ئامانج دەگرن لەو ناوچانەی باکوری رۆژهەڵاتی سوریا کە لەژێر دەسەڵاتی تورکیادان.

 

نەیدین مایێنزا، سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەمریكا بۆ ئازادی ئایینی نێودەوڵەتی، لە وتوێژێکیدا لەگەڵ دەنگی ئەمریكا رایگەیاند، "پێموایە گرنگە تێبینی ئەوە بکەین کە ئەمە دوەم سەرکردەی داعشە تا ئێستا ئێمە دۆزیومانەتەوە لەو ناوچانەی سوریا کە لەژێر دەسەڵاتی تورکیادان. تورکیا ئدلیبی کۆنترۆڵ کردوەو سێ ناوچەی تری لە باکوری رۆژئاوای سوریا داگیرکردوە کە پێشتر ئازادی ئایینییان تێدا بەرقەرار بو. ئەو ناوچانە لە ئێستادا بونەتە شوێنی ئارام بۆ توندڕەوە ئیسلامییەکان و ئەندامانی داعش. ئەمە دوەم جارە دەبینین ئەمریكا دەچێتە ئەو ناوچانە بۆ لەناوبردنی سەرکردەیەکی داعش، ئەمەش زۆر شتمان پێدەڵێت لەسەر بارودۆخی ئەو ناوچانە."

ئاوێنە لە تەلەگرام جۆین بكە

کۆمسیۆنی ئەمریکا بۆ ئازادی ئایینی نێودەوڵەتی کۆمسیۆنێکی حکومی ئەمریکایەو لە ساڵی 1988 دامەزراوە. کاری کۆمسیۆنەکە بریتییە لە چاودێریکردنی ڕەوشی ئازادی ئایینی لە ناوچەکانی جیهاندا و ساڵانە راپۆرتی خۆی پێشکەش بە حکومەتی ئەمریكا دەکات.

سەرۆکی ئەمریكا جۆ بایدن رۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند کە ئیبراهیم ئەلهاشمی ئەلقوڕەیشی ڕێبەری داعش لە ئۆپەراسیۆنێکی دژەتیرۆری هێزە تایبەتییەکانی ئەمریكا لە پارێزگای ئیدلب لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا کوژراوە. سەرکردەکەی داعش لە ماڵێکدا لە شارۆچکەی ئەتمە لەسەر سنوری پارێزگای هەتای تورکیا خۆی حەشاردابو.

پێشتریش ڕێبەری یەکەمی داعش ئەبوبەکر بەغدادی لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتی ئەمریكا لە ڕێکەوتی 27ی 10ی 2019 لە گوندێکی بچوکی سەرسنوری تورکیا بە ناوی باریشە لە ئدلیب دۆزرایەوە، پاش ڕوبەڕوبونەوە لەگەڵ هێزەکەی ئەمریكا لەڕێگەی تەقینەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

سەرۆکی کۆمسیۆنەکە، نەیدین مایێنزا، مانگی ڕابردو سەردانی ناوچە کوردییەکانی کرد لە باکوری ڕۆژئاوای سوریا بۆ ئاگاداربون لە ڕەوشی ئازادی ئایینی لەژێر سایەی خۆبەڕێوبەری ئەو هەرێمە و بەشداریکردن لە کۆنفرانسێکی ئایینی کە بۆ شوێنکەوتوانی 13 ئایینی جیاواز لە هەرێمەکە ڕێکخرابو.

نەیدین مایێنزا ستایشی ئازادی ئایینی کرد لە باکوری ڕۆژئاوای سوریا و جەختی کردەوە کە ئەمریكا دەبێت پاڵپشتی لە ئەزمونەکە بکات بۆ سەرخستنی شەڕی دژ بە توندوتیژی ئایینی.

وەک ئاماژەیەک بۆ لێدوانەکانی پێشوی سەرکردەکانی ئەمریكا کە ڕایانگەیاندبو شەڕی ئەوان لە سوریا بۆ ڕوبەڕوبونەوەی داعشە، نەیدین مایێنزا ڕایگەیاند، "ئێمە پێویستە شەڕ بۆ شتێک بکەین ناکرێت تەنیا هەر شەڕ دژی شتێک بکەین."

بەرپرسە ئەمریکییەکە جەختی کردەوە کە پاڵپشتیکردن و بە فەرمی ناساندنی خۆبەڕێوبەری باکوری ڕۆژئاوای سوریا دەبێتە هۆی ڕێگریکردن لە دوبارە سەرهەڵدانەوەی ڕێکخراوی داعش لە ناوچەکەدا، بە تایبەتی کە ئەزمونەکە هەوڵی داوە کە ڕۆڵی ژن لە بەڕێوبردن چالاک بکات.

ئاماژەی بەوەش دا، "خەڵکانێکی زیاتر لە ئەمریكا، واشنتۆن و کۆنگرێس خەریکە دەبینن خەڵکی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا چییان بەرهەم هێناوەو چەندە کارێکی نمونەییە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×