ڤلادیمیر، بەدەسەڵاتترین پیاوی جیهان
  2022-02-25       1525       

ئا: ئاوێنە

 

جاران دەیانوت "هەمو رێگاكان دەچنەوە رۆما"، بەڵام قەیرانی ئۆكرانیا دەریخست كە ئێستا هەموو رێگاكان دەچنەوە "مۆسكۆ"‌و تەنها‌و تەنهاش بەپیاوێک کۆتاییان دێت کە ئەویش "ڤلادیمیر پوتین"ە.

 

هێرشی سوپای روسیا بۆ سەر ئۆكرانیا هەمو جیهانی بەخۆیەوە سەرقاڵ كردوە، ئێستا هیچ هەواڵێك لەدنیادا بەئەندازەی هەواڵی قەیرانی ئۆكرانیا‌و ئاڕاستە‌و چارەنوسی ئەم لەشكركێشییەی روسیا بۆ سەر ئەو وڵاتە بەلای رای گشتی جیهان‌و سەرجەم ناوەندە سیاسی‌و ئابورییەكانی دنیاوە جێی بایەخ‌و گرنگیپێدان نییە.

 

هەرچەندە بەدرێژایی چەند هەفتەو مانگەكانی رابردو، هەمو هێزە سەرەكیەكانی جیهان لەئەمەریكاوە بگرە تا دەگات بە بەریتانیا‌و فەرەنسا‌و ئەڵمانیا‌و ژاپۆن‌و ئوستورالیا لەبەرامبەر روسیادا سەنگەریان گرتبو، بەڵام سەرەنجام پوتین حسابی بۆ هیچ هەڕەشەیەكی ئەوان نەكردو بێباكانە سوپاكەی ناردە سەر وڵاتێكی 600 هەزار كیلۆمەتری وەك ئۆكرانیا‌و ئاگری جەنگێكی نوێی لەناوجەرگەی ئەوروپادا هەڵگیرساند.

 

ئێستا كەس نییە لەدنیادا ئەو راستییە نەزانێت كە كلیلی چارەسەری ئەم قەیرانە تەنها‌و تەنها لەدەستی یەك كەسدایە كە ئەویش "ڤلادیمیر پوتین"ە، سەرۆكێك كە باڵای خۆی بەباڵای ناودارترین تزاری مێژوویی روسیا "پترۆسی مەزن" دەگرێ‌، ئەو تزارە ئازایەی ئەركی نوێكردنەوەو فراوانكردنی ئیمپراتۆریەتی روسیای لەئەستۆ گرت، هەرچەندە میدیای وڵاتانی رۆژئاواش وەك "ئیڤانی تۆقێنەر" لەپوتین دەڕوانن كە شەڕەنگێزترین‌و توندوتیژترین‌و فراوانخوازترین تزاری مێژویی روسیا بوە‌و سەرزەوییەكانی ئەم وڵاتەی بەم ئەندازەیەی ئێستای فراوان كردوە.

 

ڤلادیمیر پوتین كە دونیای بەهەواڵی هێرشی سوپاكەی بۆ سەر ئۆكرانیا خەریك كردوە، چەند مانگێكی دیكە پێدەنێتە تەمەنی 70 ساڵییەوە.

 

باپیری ئەم سەرۆكە ناودارە كە پێیخۆش نیە بەقەیسەر یان تزاری روسیا ناو ببرێت، چێشتلێنەری تایبەتی لینین‌و ستالین بوەو دایك‌و باوكیشی كرێكار‌و هەژار‌و دەستكورت‌و "ستالین پەرست" بون.

 

پوتین لەتافی لاوێتیدا شەیدای كەسایەتییە هەواڵگرییەكانی روسیا بوە‌و كاتێك كە لەلیننیگراد بڕوانامەی لەیاسادا بەدەستهێناوە بوە بەئەندامی پارتی كۆمۆنیست‌و تا ئێستاش بەفەرمی دەستی لەو پارتە نەكێشاوەتەوە.

 

لەتەمەنی 21 ساڵیدا لەگەڵ "لۆدمیلا" هاوسەرگیریی كردوەو دو كچیان هەیە، دوای 30 ساڵا پێكەوە ژیان پوتین‌و لۆدمیلا لەكۆشكی كرملین لەیەك جیابونەوەیان بەشێوەیەكی مەدەنیانە راگەیاند، ئێستا پوتین هاوسەری نییەو دو کچەکەشی هاوسەرگیریییان کردوەو لێی دورن.

 

پوتین لەتەمەنی 24 ساڵییەوە كاری لەدەزگای هەواڵگری سۆڤیەت KGB كردوە، ئەفسەری KGB بوە لەئەڵمانیا لەنێوان ساڵانی 1985 تا 1990.

 

رۆژی 9ی ئابی 1999، رۆژی وەرچەرخانی ژیانی پوتینە، سەرلەبەیانی ئەو رۆژە كە سەرۆكی دەزگای هەواڵگری روسیا FSBی بو، لەلایەن "بۆریس یەلتسین"ی سەرۆكی ئەوكاتی روسیاوە بەیاریدەدەری سەرۆك وەزیرانی ئەوكات "سێرگی سپاستین" دیاریكردەكرێ‌، هێشتا چەند كاتژمێرێك بەسەر ئەم دیاریكردنەدا تێنەپەڕی بو كە كابینەكەی "سپاستین" لەلایەن "دۆما"وە متمانەی لێسەندرایەوە، لەنیوەڕۆی ئەو رۆژەدا پوتین ئەركی سەرۆك وەزیرانی پێسپێردرا، ئێوارەی هەمان رۆژیش كە یەلتسین باری تەندروستی تێكچو، رایسپارد كە "پوتین" ببێتە جێنشینی.

 

لەهەڵبژاردنی 2000یشدا لەركەبەرە بەهێزەكانی بردەوەو بەسەرۆك كۆماری روسیا هەڵبژێردرا، ئەم هەڵبژاردنەی پوتین سەركردەكانی رۆژئاوای غافلگیر‌و سەرسام كرد.

 

پوتین دوەمین سەرۆک کۆماری روسیایە دوای هەرەسهێنانی یەكێتی سۆڤیەت‌، لەساڵی 1999ەوە تا ئێستا بەردەوام لەپۆستی سەرۆك كۆمارو جارێكیش لەپۆستی سەرۆك وەزیرانی روسیادا بوە. دو خولی سەرۆكایەتی لە2000ەوە تا 2008 سەرۆكی ئەو وڵاتە بوەو پاشان لە2008ەوە بوە بەسەرۆك وەزیر تا 2012، پاش ئەمەش بۆ سێهەمین‌و چوارەمین جار بوەوە بەسەرۆك كۆماری روسیا، تا ساڵی 2024 لەم پۆستەدا دەمێنێتەوەو بەهۆی هەموار كردنەوەی دەستوریشەوە وەك چاودێرانی ئەو وڵاتە دەڵێت پوتین تا ساڵی 2036 دەتوانێت وەك سەرۆكی روسیا لەپۆستەكەیدا بمێنێتەوە.

 

زۆرێك پێیانوایە پوتین ئەندازیاری بوژانەوەی روسیا‌و دەرهێنانی ئەو وڵاتە بوە لەو دۆزەخەی كە لەسەردەمی یەلتسیندا تێیكەوتبو، بزوتنەوەی جوداخوازی چیچانی بێرەحمانە سەركوت كرد، ئابوری روسیای بەهێز كرد، رۆڵی نێودەوڵەتی روسیای هەرچی زیاتر كارا كرد.

 

لەبەرامبەریشدا لەلایەن نەیارانیەوە تۆمەتبار دەكرێت بەوەی روبەری ئازادی بیر‌وڕا‌و رۆژنامەنوسانی سەربەخۆی لەو وڵاتەدا تەنگتر كردوەتەوە، هاوکات پوتین خۆیشی رایگەیاندوە "سیستەمە دیموكراسییەكانی رۆژئاوا ئێكسپایەر بون‌و پلۆرالیزم باوی نەماوە".

 

پوتین كە زمانەكانی ئەڵمانی‌و ئینگلیزی بەباشی دەزانێت، بەوەرزشكارترین سەرۆكی جیهان دەناسرێت كە  یاریزانێكی ئاستبەرزی جۆدۆو بۆكسێنەو رۆژانەش كاتژمێرێك خەریكی مەلەكردنە‌و خولیای لێخۆڕینی ژێر دەریایی‌و  فڕۆكەیە‌و باكی نیە لەوەی بەنیوەروتی‌ وێنە بگرێ‌‌و لەراگەیاندنەكانیشدا بڵاوبێتەوە‌و زۆر حەزیشی بەپۆشینی جلوبەرگی رەسمی‌و بۆینباخ بەستن نییە.

 

پوتین كە بەیەكێك لەكاریگەرترین سیاسەتمەداران‌و بەدەسەڵاتترین سەرکردەی ئەمڕۆی جیهان دادەنرێت، رۆڵێكی كاراو گرنگ لەروداوەكانی ئێستای ئۆكرانیا‌و سوریا‌و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەبینێت.

 

ئەو ماوەی 23 ساڵە سەرۆكایەتی وڵاتێك دەكات كە لەڕوی روبەرەوە فراوانترین وڵاتی دنیایە‌و لەسەدەی بیست‌و یەكەمدا كە وا خەریكە چارەكێكی تێدەپەڕێ‌، روسیا تەنها تاکە سەرۆكێكی ناسیوە‌و دیوە كە ئەویش ڤلادیمیر پۆتینە.

 

بەپێی رۆژنامەی گاردیان، ئەم سەرۆكە مەزنخوازو دەسەڵاتخوازە 20 كۆشك‌و ڤێلای رازاوەو 58 فڕۆكەو هەلیكۆپتەر‌و چەندان یەختی گەشتیاریی كە نرخی هەر یەكەیان دەیان ملیۆن دۆلارە لەگەڵ گرانبەهاترین ئوتومبێل‌و پۆشاكی كەشخەو كاتژمێری دەستی زێڕی سپی لەخزمەتدایە.

 

پوتین كە ساڵی 2014 دورگەی كەریمەی داگیر كرد، دەمێكە نزیكبونەوەی ئۆكرانیا لەپەیمانی ناتۆ بەهەڕەشە بۆ سەر ولاتەکەی دەزانێ‌‌و دەڵێت "نزیك بونەوەی هێزەكانی ناتۆ‌و ئەمەریكا لەسنورەكانمان جێی نیگەرانی روسیایە، ئەگەر ئێوە گوشار بخەنە سەرمان ئێمەش دەتوانین گوشار بخەینە سەرتان، چیشمان لەدەست بێت سڵ ناکەینەوەو دەیكەین".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×