ئایا میتی توركی لەسلێمانی چالاكە؟!
  2022-05-21       1930       
زەکی چەلەبی

ئا: ئاوێنە

 

لەماوەی هەشت مانگی رابردودا، سێ‌ هەوڵی تیرۆر كردنی پەنابەرانی كوردی باكور لەناو شاری سلێمانی تۆمار كراوە، ئەم تیرۆرانە ئەوە دەردەخات كە دەستی میتی توركی لەكوردستاندا كراوەیەو لەهەر كوێدا بۆی بكرێ‌ تیرۆرو كوشتاری کورد دەكات.

 

کاتژمێر 11:30ی شەوی 17ی ئایار، دوو چەکداری دەمامکدار، لەیەکێک لەقەرەباڵغترین شەقامەکانی سلێمانی كە شەقامی بەختیارییە، لەسەر ماتۆرێکەوە زەکی چەلەبیان دایە بەر دەستڕێژی گوللـە‌و چوار فیشەكی بەركەوت، کە هاوڵاتییەكی باکوری کوردستان بو.

 

دوای مانەوەی بۆ ماوەی ١٧ کاتژمێر لەنەخۆشخانە، زەکی ئێوارەی ١٨ی ئایار بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.

 

زەکی چەلەبی تەمەنی 49 ساڵ‌و ماوەی 12 ساڵ بو بەهۆی بڕیاری دەستگیرکردنییەوە، لەشاری وانەوە پەنای بردبوە بەر شاری سلێمانی‌و خاوەنی خواردنگەی دەنیز بو لەشەقامی بەختیاری، هاوکات سەرۆکی كۆمەڵەی کرێکارانی میزۆپۆتامیا KKM بو.

 

ئەم روداوە بەدوای ئەوەدا دێت كە لە16ی ئەیلولی ساڵی رابردو هێرش کرایە سەر پەنابەرێکی سیاسی باکوری کوردستان بەناوی "فەرهاد بارش" لەگەڕەکی شەکرەکەی شاری سلێمانی‌و فیشەکێک بەر ملی کەوت‌و بریندار بو، سەرلەبەیانی 17ی ئەیلولیش هەڤاڵێکی کوردی باکور "یاسین بولوت" لەگەڕەکی چوارچرا بەچوار گولـلە تیرۆر کرا.

 

ئەمە جگە لەوەی لەهەلومەرجێكی نادیاردا چەند حاڵەتێكی گیان لەدەستدانی كەسانێك هەن كە پەیوەندیی نزیكیان لەگەڵ پەكەكە هەبوە یاخود هاوكاری مادی‌و مەعنەوی رۆژئاوای كوردستانیان كردوە، وەك حاڵەتی گیان لەدەستدانی "فوئادە رەش – فوئادی سۆلیدارێتی"، كە كەسوكارەكەی تا ئێستاش لەشێوەی گیان لەدەستدانەكەی بەگومانن كە لەڕێگەی شارباژێڕ ئوتومبێلەكەی كەوتە كەنەلانێكی قوڵەوەو گیانی لەدەست دا، كەسوكارەكەی پێیانوایە گیان لەدەستدانەکەی روداوێکی هاتوچۆی ئاسایی نەبوەو فوئاد بەپیلانی میتی توركی کوژراوە، لەبەرئەوەی بەردەوام هاوكاری رۆژئاوای كوردستانی كردوە‌و كۆمەكی بۆ کۆكردونەتەوە.

 

زەكی چەلەبی كە ئەندامی هەدەپە-یە، بەرپرس‌و پەرلەمنتارانی ئەو پارتە زۆر مەبەستیانە بكەرانی ئەو "كارە تیرۆریستییە" لەلایەن دەسەڵاتدارانی كوردستانەوە ئاشكرا بكرێن‌و روبەڕوی دادگاو سزادان بكرێنەوە، بۆ ئەو مەبەستەش دوو پەرلەمانتاری هەدەپە گەیشتونەتە شاری سلێمانی‌و وا بڕیارە لەگەڵ بەرپرسانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كۆببنەوە.

 

بەپێی ئەو هەواڵانەی بڵاوكراونەتەوە، ئەو دو كەسەی تەقەیان لەزەكی چەلەبی كردوە‌و ئەنجامدەری ئەو "كارە تیرۆریستییە"ن، لەسلێمانییەوە بەرەو هەولێر هەڵاتون.     

 

کەجەکە لەبارەی تیرۆرکردنی زەکی چەلەبی لەبەیاننامەیەکەدا رایگەیاندوە کە "بەئەنقەست هەوڵی ئەوە دەدەن شاری سلێمانی بکەنە ناوەندی کوشتاری سیاسی‌و پەنابەرانی سیاسی لەباشوری کوردستان بەهاوکاری دەوڵەتی تورک‌و پەدەکە تیرۆردەکرێن‌و بکوژانی سلێمانی بەرەو هەولێر هەڵدێن‌و ئێستا هەولێر بووەتە ناوەندی پاراستنی بکوژانی کورد".

 

ئەمە لەكاتێكدایە كە بەدوای روداوی تیرۆركردنی زەكی چەلەبی-دا، هێزێكی ئاسایش گەیشتونەتە شوێنی روداوەكەو دەستیان گرتوە بەسەر كامێراكانی چاودێری خواردنگەی دەنیزو كامێرای دوكان‌و شوێنەكانی دەوروبەریدا، بەڵام تاوەكو ئێستا دەزگا ئەمنییەکانی سلێمانی هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان لەسەر ئەو روداوە بڵاونەکردوەتەوەو هیچ کەسێکیش بەو تۆمەتە دەستگیر نەکراوە.

 

بەپێی زانیارییەكان سوپای توركیا سەرباری ئەوەی چەندین بتكەی سەربازی لەناوچە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان دامەزراندوە، هاوکات میتی توركیش وەک هەمو دەزگا هەوالگرییەکان پەیوەندییەکی تۆكمەی لەگەڵ دەزگای پاراستن‌و زانیاری گۆڕینەوەی لەگەڵ دەزگای زانیاری‌ هەیە‌و خاوەنی چەندین بنکەی نهێنی‌و شاراوەن لەناو شارەكانی كوردستان‌.

 

میتی تورکی لەهەرێمی کوردستان لەجموجۆڵێكی فراواندانەو لەزۆر رێگەو كەناڵەوە چالاکە، هەر لەكۆمپانیا‌و بازرگانانەوە بگرە تا دەگات بە بەشێك لەسەرۆك عەشرەت‌و كۆنە مستەشارەكان‌و دەیەوێ‌ هەمویان بخاتە خزمەتی ئەجنداكانی دەوڵەتی توركەوەو لەجەنگی دژ بەهەوادارانی پەکەکەو پەنابەرانی ئازادیخوازی كوردی باکور لەهەرێمی كوردستان بەكاریانبهێنێت.

 

ئەو تیرۆرانەی لەشاری سلێمانی‌و شارەکانی دیکەی هەرێمی كوردستاندا دژ بە پەنابەرانی كوردی باكور كراون، هەمو بەڵگەو ئاماژەكان روەو ئەو ئاڕاستەیەن بەسەرپەرشتی میتی توركی ئەنجامدراون، دەوڵەتی توركیا كە لەسەر بنەمای نكوڵی كردن لەبونی كورد بنیاتنراوە، بونی هەر كوردێكی ئازادو سەرفراز بەمەترسی دەزانێ‌‌و خوازیارە لەهەر کوێ بێت تیرۆری بكات.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×