لەسەر خۆپیشاندانێكی ساڵی 2020ی كەلار دادگا سزای چوار ساڵ زیندانی بەسەر دو مێردمنداڵدا دەسەپێنێت
  2022-11-10       1370       

ئا: ئاوێنە

 

عەبدوڵای مەلا نوری، ئەندامی پێشوتری پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، لەسەر خۆپیشاندانێكی ساڵی 2020ی كەلار، دو مێردمنداڵی تەمەن 14 ساڵ و 15 ساڵ لەلایەن دادگاوە هەریەكەیان بە چوار ساڵ زیندانی سزادراون. دەشڵێت، گرژییانەكانی ناو ئەو خۆپیشاندانە لەلایەن خودی دەسەڵاتەوە دروستكراون و نوسینێكی خۆیشی كە لەو كاتەدا نوسیویەتی بەسە بۆ ئەوەی دادوەرەكان داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكەیان بكەن لە دادگای پێداچونەوە.

 

عەبدوڵای مەلا نوری، ئەمشەو پێنجشەممە، لە نوسینێكدا ئاشكرایكردوە، دو گەنجی ١٤ ساڵ و ١٥ ساڵی سنوری کەلار، هەریەک بە چوار ساڵ زیندانی سزا دراون، لە سەر خۆپیشاندانێک، زیاتر لە دو ساڵ لەمەوبەر لە کەلار ئەنجامدراوەو تێدا یەک دو ئۆتۆمبێل و بەشێک لە قائیمقایمیەتی کەلار سوتێنراو هەندێک شوشەی نەخۆشخانەی قەڵا شکێنرا.

وتوشیەتی"دوێنێ لە گەڵ کەسوکاری یەکێک لە گەنجەکان قسەم کرد، داوام لێکرد نوسخەیەک لە بڕیارەکەی دادگام بۆ بنێرن، پاش خوێندنەوەی بڕیارەکە لە گەڵ پارێزەرەکەیان قسەم کرد، دواتر لە گەڵ بەرپرسی ئەو فەرمانگەیە قسەم کرد، کە سکاڵاکەی کردوە، ئەمرۆ هەر لە بەدواداچوندا بوم."

ئەوەشی خستۆتەڕو"ئەوە هیچ لە کاتی خوێندنەوەی بڕیارەکەی دادگادا بۆم دەرکەوت ، کە بەڕێزان دادگا زۆر دڵڕەقانە سزای ئەو دوو گەنجە خێرلەخۆ نەدیوانەیان داوە! بەڵام کاتێک تەماشای رۆژو رێکەوتی ئەو خۆپیشاندانەم کرد توشی شۆک بوم، کە زانیم ٢٢ی ٨ی ٢٠٢٠ ؛ ئا لەم کاتەدا خوداو مێشکم هاوکارمبون، کە نوسینێکی خۆمم بیرکەوتەوە، کە رێک لە (شەوی) ئەو رۆژەی خۆپیشاندانەکەدا نوسیومەو، لە نوسینەکەمدا کە لە سەر بنەمای زانیاری ورد باسی ئەوە دەکەم کە هەمو کارە ئاژاوەگێڕیەکانی سنوری کەلار راستەوخۆ هاندان و دەستی حیزبی دەسەڵاتی سنورەکەی تێدایە، واتە یەکێتی و دەزگا ئەمنیەکانی!"

جەختیشی كردۆتەوە كە "بە هەمو پێوەرێکی ئەخلاقی و قانونی و ئینسانی، ئەو نوسینەی ئێمە، کافییە بۆ ئەوەی ئەو دادوەرە بەڕێزانەی کە لە کەلار سزای ئەو دو گەنجەیان داوە هەر خودی خۆیان داوا لە بەڕێزان دادگای تەمیز بکەن بڕیارەکەیان هەڵبوەشێنێتەوەو راستەوخۆ هەردوو گەنجەکە ئازاد بکرێن."

عەبدوڵای مەلا نوری داوای لە "هەمو مرۆڤێکی بە ویژدان" كردوە داکۆکی لەو دو گەنجە بکەن و بە هەمو لایەك خاوەنداری لە کەیسەکەیان بکەن.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×