مەلا بەختیار: تەكەتول گەندەڵەكانی لەپۆستەكان داناوەو تەكەتولیش رێگە نادات گەندەڵ سزا بدرێت
  2019-07-10       1644       

مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی سەبارەت بە كابینەی نوێی حكومەت رایگەیاند، ئەم كابینەیە كابینەی تواناكان نییەو وتیشی"تەكەتول گەندەڵەكانی داناوەو تەكەتولیش رێگەنادات گەندەڵ سزابدرێت."

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، ئەمڕۆ چوارشەممە، مەلا بەختیار لەمیانی پێشوازیكردنیدا لە ژمارەیەك لە كەكوسوكاری شەهیدانی هەولێر، خۆشحاڵی خۆی دەربڕیوە بەرامبەر بە پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێمی كوردستان و وتیشی"ئەگەرچی دەبوایە ئەم حكومەتەی ئێستا پێكهاتوە، لەبەهاردا پێكبهاتایە."

مەلا بەختیار هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە ماوەیەكی زۆر بەسەر بەستنی كۆنگرەی حزبەكەیاندا تێپەڕیوەو ئەوەش وایكردوە كە "ئێستا یەكێتی قەیران بە قەیران دەسپێرێت نەك بە چارەسەر."

وتیشی"ئەگەر وانییە چ رەوایە نۆ مانگ ئەم حكومەتە لەسەر یەك بڕیاری مەكتەبی سیاسی مابوەوە!؟"

سەبارەت بەو كەسانەی كە پۆستیان لە كابینەی نوێی حكومەت وەرگرتوە، مەلا بەختیار هێمای بۆ ئەوە كرد"لەگەڵ رێزم، بەڵام ئەم كابینەیە، كابینەی تواناكان نییە، بەڵكو كابینەی تێكۆشەرەكانە! ئەگەرچی من هیچ لارییەكم لەتێكۆشەرەكان‌و تێكۆشانەكانیان نییە. بەڵام لە(28) ساڵی رابردو هەشت خول حكومەتدا، هەزاران بەكالۆریۆس لەكوردستان دەرچون‌و بەشێكی بەرچاویش ماستەرو دكتۆرایان بەدەستهێناوە. بۆیە دەبو ئەم پۆستانەی لەعیراق‌و كوردستان هەیە، بەتۆڕێك لەم توانا ئەكادیمیانە پڕبكرێنەوەو لێپرسراوێتی ئیداری بە ئەقڵ‌و مەعریفە بدرێت."

وتیشی"ئەمە هەڵەیەكەو باوەڕم وایە دەكرا حكومەتی ئێستامان، حكومەتی زۆرینەی تواناكان بوایە. وا حكومەتیش لەبەغدادو كوردستان گۆڕدرا. ئەوەتا بەڕێوەبەرەكانیش دیارن، كەچی هێشتا یەك گەندەڵ‌و مشەخۆر سزا نەدرا. بۆ؟ چونكە تەكەتول گەندەڵەكانی داناوەو تەكەتولیش رێگەنادا گەندەڵ سزا بدرێت."


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×