"موچەى وەزیرەکان کەمدەکرێتەوەو 20 باڵیۆزخانەش دادەخرێت"
  2022-11-17       1693       

ئا: ئاوێنە

 

محەمەد سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، بەنیازە دەیان باڵیۆزخانە هەڵبوەشێنێتەوە بەهۆی نەبوونی عێراقییەکان لەو وڵاتانە، هەروەها موچەى وەزیرەکان کەمبکاتەوە.  

 

رۆژنامەى "مەدا"ى عێراقى  لەزارى سەرچاوە ئاگادارەکانەوە ئاماژە بەوە دەکات "سودانی بەنیازە 20 باڵیۆزخانە لە وڵاتە جیاوازەکان دابخات بەهۆی نەبوونی هاوڵاتى عێراقی لەو وڵاتانە". خەرجی باڵیۆزخانەکان ساڵانە بە زیاتر لە 200 ملیار دینار مەزەندە دەکرێت.  

ئاماژە بەوەشکراوە، عێراق باڵیۆزخانەی لە کینیا هەیە، کە 30 کارمەندی هەیە، لەکاتێکدا چوار هاوڵاتى عێراقی لەو وڵاتە هەیە.   

ژمارەی باڵیۆزەکان 80 باڵیۆزن، بەپێی بەڵگەنامەیەک کە ساڵی ڕابردوو لەلایەن حکومەتەوە ڕەوانەی پەرلەمان کراوە بەمەبەستی دەنگدان لەسەریان.   

وەزیرێکی پێشوو کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت دەڵێت “سودانی دەیەوێت بڕى دوو ملیۆن و نیو دینار ببڕێت لە موچەى هەر وەزیرێک یان هەرکەسێک لەو پلەیەدا بێت".  

ژمارەی ئەو کەسانەى بەپلەى تایبەت دامەزراون بە زیاتر لە 10 هەزار کەس مەزەندە دەکرێت.  

ئەو وەزیرە کە سەرکردەیە لە حزبێکی شیعە، دەشڵێت، "مووچەی وەزیر 6 ملیۆن و 500 هەزار دینارە ( 4 ملیۆن موچەى بنەڕەتى + 2 ملیۆن و 500 هەزار دینار دەرماڵە)، بریکاریش 6 هەزار و 800 ملیۆن دینارە، سەرۆکایەتییەکانیش 10 و 11 و 12 ملیۆن دینار، لە بڕوانامەی بەکالۆریۆسەوە تا دکتۆرا”.  

بەپێی بودجەی ساڵی 2021 کە دوا بودجەیە کە یاسایی بۆ دەرچووە، موچەی ساڵانەی سەرۆکایەتی کۆمار 35 ملیار و 639 ملیۆن دینار بووە، ئەنجوومەنی نوێنەرانیش بڕی 228 ملیار و 141 ملیۆن دینار بووە.  

 هەروەها ئەمینداریەتی گشتی و نوسینگەى سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران، بڕی 81 ملیار و 176 ملیۆن دینار بووە، بەمەش کۆی گشتی موچەکانیان گەیشتووەتە 344 ملیار و 956 ملیۆن دینار.  

ژمارەی فەرمانبەرانی ئەو بەشانە گەیشتووەتە پێنج هەزار و 926 فەرمانبەر، کە تێکڕای مووچەی مانگانە، بە وتەی شارەزایانی کاروباری ئابووری، بۆ هەر فەرمانبەرێک بڕی چوار ملیۆن و 850 هەزار دینارە.  

وەزیرەکە ڕەخنەی لەوە گرت کە بە “بەدواداچوون بۆ مووچەی وەزیر و جێگرەکان سەرەڕای کەمی ژمارەیان دەکرێت، لەکاتێکدا هیچ بەدواداچونێک بۆ مووچەی دادوەرەکان کە مانگانە لە نێوان 7 بۆ 8 ملیۆن دیناردایە و ژمارەیان زیاتر لە 20 هەزار دادوەرە ناکرێت، لەگەڵ 100 هەزار مامۆستای زانکۆ، کە  مووچەکانیان 6 بۆ 7 ملیۆن دینار مانگانە.”  

  

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×