رۆیتەرز: هاوسەرگیریی بەرژەوەندیی نێوان خانەوادەی بارزانی و تاڵەبانی لەبەردەم هەڵوەشانەوەدایە
  2022-12-05       2205       

ئاوێنە، رۆیتەرز:

ئاژانسی رۆیتەرز لە راپۆرتێكدا سەبارەت بە ناكۆكییەكانی نێوان یەكێتی و پارتی دەڵێت، "هاوسەرگیریی بەرژەوەندیی نێوان خانەوادە دەسەڵاتدارەكانی كوردستانی عێراق لەبەردەم هەڵوەشانەوەدایە"و چەند بەرپرسێكی یەكێتیش رایانگەیاندوە، ئەگەر پارتی سازش بۆ داواكانی حزبەكەیان نەبات، ئەوا ئیدارەی خۆیان لە سلێمانی جیادەكەنەوە.

رۆیتەرز لە راپۆرتەكەیدا نوسیویەتی، لەكاتێكدا كە خێڵی بارزانی و تاڵەبانی ماوەیەكی زۆرە دەستیان بەسەر دەسەڵات و سەرچاوەكانی كوردستانی عێراقدا گرتوە، كابینەكانی حكومەتی هەرێم كە لەسەر بنەمای دابەشكردنی دەسەڵات بون، تاڕادەیەكی زۆر وەك پەردەیەك نەبونی متمانەی نێوان هەردولایان لەدوای شەڕی ناوخۆی نێوان ئەو دو حزبە، شاردۆتەوە.

رۆیتەرز لەزاری چەند دیپلۆماتكارێكەوە بڵاویكردۆتەوە كە گرژییەكانی نێوان یەكێتی و پارتی لەگەڵ كوژرانی عەقید هاوكار جاف لە هەولێر، بەتەواوەتی ئاشكرابون كە لە رۆژی 7ی ئۆكتۆبەری ئەمساڵدا لە رێی تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلەكەیەوە لە گەڕەكێكی هەولێر كوژراو دەزگا ئەمنییەكانی پارتی، دژە تیرۆری یەكێتی تاوانبار دەكەن بە ئەنجامدانی ئەو تەقینەوەیەو یەكێتیش ئەوە رەتدەكاتەوە.

رۆیتەرز لە راپۆرتەكەیدا ئاماژەی بە چەند روداوێكی دیكە داوە كە بەدوای كوژرانی هاوكار جافدا هاتون و گرژییەكانی نێوان یەكێتی و پارتیان زیاتر كردون.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە پەیوەندییە سیاسییەكانی نێوان یەكێتی و پارتی تا ئەو رادەیە ئاڵۆزبون كە وەزیرەكانی یەكێتی بایكۆتی كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمیان كردوە كە ئەو حكومەتە تاوەكو ئێستا رەمزی دابەشكردنی ئاشتیانەی دەسەڵات بو.

چەند بەرپرسێكی یەكێتی بەبێ ئەوەی رازی بن ناویان ئاشكرابكرێت، بە رۆیتەرزیان وتوە، ئەگەر سازش لەسەر كۆمەڵێك بابەت نەكرێت، ئەوا حزبەكەیان لە كۆتاییدا جیادەبێتەوەو لە ناوچەی سلێمانی ئیدارەی تایبەت بە خۆی پێكدەهێنێت.

هەروەها رۆیتەرز ئاماژەی بەوەشداوە كە ئەو گرژیانەی نێوان یەكێتی و پارتی هاوكات بونەتە مایەی ئاڵۆزكردنی پەرەپێدانی یەكێك لە كێڵگە گەورەكانی غاز كە دەكەوێتە ژێر دەسەڵاتی یەكێتی.

ئەوەشی خستۆتەڕو، ناكۆكییەكانی نێوان پارتی و یەكێتی بونەتە سەرچاوەی نیگەرانی بۆ وڵاتانی رۆژئاوا، بەتایبەت بۆ ئەمریكا كە پشتیوانی هەردوكیانی كردوە لە شەڕی دژبە داعشدا.

هەروەها هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە واشنتۆن هەست بە نیگەرانی دەكات لە بڵاوبونەوەی هەژمونی ئێران لە ناوچەكە، كە ئەو وڵاتە پەیوەندییەكی درێژخانەیەنی لەگەڵ یەكێتی هەیەو لەم هەفتانەی دواییدا هێرشە موشەكییەكانی بۆ سەر حزبەكانی كوردستانی ئێران لە خاكی هەرێم چڕكردونەتەوە.

بەرپرسێكی ئەمریكی بە ئاژانسەكەی راگەیاندوە، واشنتۆن زۆر نیگەرانە لە گرژییەكانی ئەم دواییەی نێوان یەكێتی و پارتی و وتویەتی"ئەوەی دەمانەوێت بۆ هاوبەشەكانمان رونی بكەینەوە لێرە ئەوەیە كە ئێمە یەكگرتوییمان لەپێناو یەكگرتویی ناوێت، بەڵكو پێویستمان بەوەیە بتوانن هاوكاریی یەكتر بن لە هەندێك بابەتی دیاریكراودا كە جێی بایەخی ئێمەن و لە بەرژەوەندی ئەوانیشدان."

رۆیتەرز ئاماژەی بەوەداوە كە نەبونی متمانەی نێوان یەكێتی و پارتی لەمساڵدا قوڵتر بوەوە، ئەوەش بەهۆی شەپۆلی جیابونەوەی كۆمەڵێك كەس لە دەزگا ئەمنییەكانی سەربە یەكێتی.

بەرپرسێكی باڵای یەكێتی بە ئاژانسەكەی وتوە، حزبەكەیان پێی وایە، ئەژی ئەمین، سەرۆكی پێشوی دەزگای زانیاری، خەڵك هاندەدات بۆ گۆڕینی هەڵوێستیان.

بەپێی راپۆرتەكەی رۆیتەرز، ئەژی ئەمین، بابەتێكی دیكەی جێی ناكۆكی یەكێتی و پارتییە. بەرپرسە باڵاكەی یەكێتی وتویەتی، مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێم، رۆڵێكی باڵای ئەمنی داوە بە ئەژی ئەمین دوای ئەوەی ناوبراو چۆتە هەولێر كە ئەوەش یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی توڕەتر كردوە.

چوار ئەندامی یەكێتی و بەرپرسێكی حكومەت وتویانە، هێزەكانی یەكێتی رۆژی 24ی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ، لە سلێمانی هەڵیانكوتاوەتە سەر ماڵی ئەژی ئەمین. سێ لەو سەرچاوانە وتویانە، یەكێتی بەدوای چەند بەڵگەنامەیەكی هەستیارو كۆمەڵێك چەكدا گەڕاوە كە ئەژی ئەمین لەگەڵ خۆی لە دەزگای زانیاری بردونی.

بەپێی قسەی ئەو سەرچاوانەی یەكێتی، لەبەرامبەر ئەوەدا نزیكەی 100 چەكداری سەر بە ئەژی ئەمین، رۆژی دواتر لە هەولێر چونەتە دەوروبەری ماڵی قوباد تاڵەبانی و هەڕەشەی هەڵكوتانە سەر ماڵەكەیان كردوە.

بەپێی قسەی سێ سەرچاوە، دواتر سەرۆكی هەرێم، نێچیرڤان بارزانی دەستوەردانی كردوە بۆ هێوركردنەوەی دۆخەكە. بەپێی قسەی بەرپرسە باڵاكەی یەكێتی، خەریك بوە دۆخەكە لەدەست دەربچێت.

هەروەك راپۆرتەكەی رۆیتەرز ئاماژەی بە سەردانەكەی رۆژی 9ی تشرینی دوەمی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی بۆ هەولێر كردوە كە وەهاب هەڵەبجەیی و چەند كەسێكی دیكەی ئەمنی لەگەڵ خۆی بردوە كە لە هەولێر داواكراوبون لەسەر كەیسی كوژرانی هاوكار جاف.

رۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەكەوە وتویەتی، بافڵ تاڵەبانی و گروپەكەی نەیانتوانیوە لە فڕۆكەخانەی هەولێر بچنە دەرەوە، تا جارێكی دیكە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێم دەستوەردانی كردوە.

راپۆرتەكە ئاماژەی بەوەداوە كە ناكۆكییەكانی نێوان یەكێتی و پارتی، دەسەڵاتی كوردەكان لە بەغدا لاواز دەكات و هێمای بۆ ململانێكانی یەكێتی و پارتیش كردوە كە لەسەر پۆستی سەرۆككۆماری عێراق هەیانبو.

مایك فلیت، شیكەرەوەی كاروباری عێراق، وتویەتی، پارتی دیموكراتی كوردستان، چیتر هەست ناكات، پێویستی بە پابەندبون بە رێككەوتنەكانی پێشوەوە هەبێت بۆ دابەشكردنی دەسەڵات لەگەڵ یەكێتی.

رۆیتەرز ئاماژەی بە رەخنەكانی یەكێتی لە حكومەتی هەرێم كردوە، كە دەڵێت، حكومەت داهاتەكان بە یەكسانی دابەش ناكات بەسەر ناوچەكاندا.

بەرپرسێكی یەكێتی وتویەتی"بۆچی دەبێت ئەمە قبوڵ بكەین...كۆمەڵێك داواكاریمان هەن، هێشتا هیوامان بەوەیە كە نەگەینە ئەوەی جیابینەوە، بەڵام هیچ بژاردەیەكی دیكەمان نییە، ئەگەر ئەوان(پارتی) سازش بۆ داواكانمان نەكەن."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×