به‌رپرسێكی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی سوریا رایگه‌یاند حكومه‌تی سوریا ده‌خوازێت گفتوگۆكانی له‌گه‌ڵ كورد چڕبكاته‌وه‌و ده‌شڵێت؛ لێدوانه‌كانی كورد له‌سه‌ر یه‌كپارچه‌یی خاكی سوریا، ئیجابین.
ئاوێنه: ئه‌یمه‌ن سوسان، یاریده‌ده‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سوریا له‌لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا له‌دیمه‌شق سه‌باره‌ت به گفتوگۆ و دانوستانه‌كانی حكومه‌تی وڵاته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ كوردانی سوریا رایگه‌یاند"هیوادارین ئه‌و گفتوگۆیانه چربكرێنه‌وه. زۆربه‌ی لێدوانه‌كانی كورد له‌په‌یوه‌ست به په‌رۆشیان بۆ یه‌كپارچه‌یی خاكی سوریا، ئیجابی بون."
وتیشی"كورده‌كان هاوڵاتی سورین و به‌شێكی جیانه‌كراوه‌ن له شیرازه‌ی نیشتمانیی سوریا."
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو"بارودۆخی ئێستو ئاڵنگارییه‌كانی به‌رده‌ممان بونه هۆی كه‌شێكی ئیجابی بۆ گفتوگۆ، ئێمه هانی ئه‌وه ده‌ده‌ین و پشتیوانی ئه‌و گفتوگۆیانه ده‌كه‌ین. "
جه‌ختیشی كرده‌وه"ئێمه دڵنیاین به گفتوگۆ ده‌توانین به‌شێك له داواكارییه‌كان یاخود هه‌مو داواكارییه‌كان چاره‌سه‌ربكه‌ین...ئه‌م گفتوگۆیانه زامنی ئه‌وه ده‌كه‌ن به‌هۆی ئه‌وه‌ی پشت به‌ستون به یه‌كێتی خاك و گه‌لی سوریاوه."
هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كرد"په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ كورد به‌رده‌وامن و ئه‌و گفتوگۆیانه نه‌پچڕاون. ره‌نگه ئه‌مڕۆ پێویست به‌وه بكات كه ئه‌م گفتوگۆیانه چڕبكرێنه‌وه به‌تێڕوانین له ئالنگارییه‌كانی به‌رده‌ممان به‌تایبه‌ت له‌په‌یوه‌ست به‌و ریشه دوژمنكاری و چاوچنۆكییه فراوانخوازییه‌ی سیاسه‌تی ده‌وڵه‌تی توركیا په‌یڕه‌وی ده‌كات."