دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەكانی توركیا دەڵێت: كشانەوەی موحەڕەم ئینجە لەم قۆناغەدا قبوڵ ناكرێت
  2023-05-13       1011       
موحەڕەم ئینجە، سەرۆكی پارتی مەملەكەت و كاندیدی كشاوەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیا

ئەحمەد یەنەر، سەرۆکی دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەكانی تورکیا رایگەیاند، بەپێی یاسای پەیوەندیدار گەیشتونەتە ئەو ئەنجامەی کشانەوەی سەرۆکی گشتیی پارتی مەملەکەت، موحەڕەم ئینجە لە کاندیدبونی بۆ پۆستی سەرۆکكۆمار لە دوای دەنگدانی خولی یەکەم کاری پێ دەکرێت و ئەو دەنگانەی لەم قۆناغەدا پێی دەدرێت پێویستە ئەژمار بکرێن.

ئاوێنە: ئەحمەد یەنەر لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەنوسان باسی لەوە کرد کە دوێنێ کشانەوەی موحەڕەم ئینجە لە کاندیدبون بۆ پۆستی سەرۆکكۆمار گەیشتوەتە دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردن.

لەبارەی كۆبونەوەی ئەمڕۆی دامەزراوەكەیان، یەنەر وتی''لە ئەنجامی کۆبونەوەکەدا، گەیشتوین بەو ئەنجامەی کە بەپێی یاسای پەیوەندیدار دوای بڵاوکردنەوەی لیستی کاندیدەکان لە رۆژنامەی فەرمییدا، کشانەوەی کاندید لە سەرۆکایەتی کۆمار کاری پێناکرێت، لەبەرئەوەشە کشانەوەی سەرۆکی گشتیی پارتی مەملەکەت، موحەڕەم ئینجە لە کاندیدبونی بۆ پۆستی سەرکۆمار لە دوای دەنگدانی خولی یەکەم کاری پێ دەکرێت و ئەو دەنگانەی لەم قۆناغەدا پێی دەدرێت پێویستە ئەژمار بکرێت''.

هەروەها یەنەر جەختی لەسەر ئەوە کردەوە"هەمو رێوشوێنێک گیراوەتەبەر و لە ئێستادا هیچ گۆڕانکارییەک لە کارتی دەنگداندا ناکرێت."

موحەڕەم ئینجە، سەرۆكی پارتی مەملەكەت و كاندیدی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیا، رۆژی پێنجشەممەی رابردو و سێ رۆژ بەر لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانی توركیا، لە هەنگاوێكی چاوەڕوان نەكراودا، كشانەوەی خۆی لە پێشبڕكێی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی راگەیاند.

چاودێران پێیان وایە كشانەوەی ئینجە ئەگەری سەركەوتنی كەمال كلیچدارئۆغلۆ، كاندیدی ئۆپۆزسیۆن بۆ سەرۆكایەتی، لە گەڕی یەكەمی هەڵبژاردنەكاندا زیاتر دەكات.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×