هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار و پەرلەمانی تورکیا دەستیپێکرد
  2023-05-14       472       

بەیانی ئەمڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 14ی ئایاری 2023، کاتژمێر 8:00 سندوقەکانی دەنگدان بەرووی 64 ملیۆن و 113 هەزار کەسدا کرایەوە کە تا کاتژمێر 5:00ی ئێوارە بەردەوامدەبێت، لەو رێژەیەش چوار ملیۆن و 904 ھەزار و 672 کەسیان بۆ یەکەم جارە دەنگ دەدەن، ئەم هەڵبژاردنە لەناوخۆی تورکیادا بە 'هەڵبژاردنی سەدە' ناودەبرێت.

ئەم خولەی پەرلەمانی تورکیا 28 ەمین خولی پەرلەمانە، تیایدا بازنەکانی دەنگدان بە 87 بازنە لە تورکیا و دەرەوەی تورکیا دیاریکراوە و ژمارەی سندوقەکانی دەنگدانیش 191 هەزار 884 سندوقە.

پارتە سیاسیەکانی تورکیا لەناوخۆدا رێکەوتوون و پێنج هاوپەیمانێتیان دروست کردووە و کۆی پارتەکانیش 24 پارت بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکان کردووە لەگەڵ 151 کاندیدی سەربەخۆ.

ململانێیەکی بەهێزیش لەنێوان رەجەب تەیب ئەردۆغان و کەمال کلیچدار ئۆغلۆ هەیە لەسەر بەدەستهێنانی کورسی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، لەسەر پشکی هەریەکە لە پارتەکانی 'گەلی کۆماری تورکیا' و 'پارتی داد و گەشەپێدان' خۆیان کاندید کردووە.

لەم هەڵبژاردنەدا کوردیش کاریگەری بەرچاوی هەیە لە یەکلایی کردنەوەی ململانێکانی نێوان دوو کاندیدەکەی سەرۆکایەتی و پارسەنگ کردنی تەرازووی هێز لەنێوان حزبی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆندا.

ئەگەرچی بەشێوەیەکی زانستی و ورد ئامارێک لەبەردەستدانییە تا رێژەی دەنگدەرانی کورد لە تورکیا دەستنیشانبکات، بەڵام بەگوێرەی زانیارییە نافەرمییەکان 25 بۆ 30 ملیۆن کورد لە تورکیا دەژین و لەو نێوەندەشدا نزیکەی 15 ملیۆن هاووڵاتی کورد مافی دەنگدانی هەیە. بەڵام پارتە کوردییەکان بەسەر هاوپەیمانێتییەکاندا دابەشبوون و نەیانتوانیوە هێڵی گشتی یەکگرتووییان بپارێزن، پارتی دیموکراتی گەلان 'هەدەپە' بە بەهێزترین پارتی سیاسی کوردی دادەنرێت و لە ئێستادا لەژێر ناوی پارتی سەوزدا پاڵپشتی کەمال کلیچدار ئۆغلۆ دەکات.

بەپێی وتەی ئەحمەد یەنار، سەرۆکی دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا، لە ئێوارەی رۆژی هەڵبژاردن ئەنجامە بەراییەکان ئاشکرادەکرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×