ئازیزم، ئێمە هەموومان ڕەشپێستین!
  2023-05-21       1524       

خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی (فڕانز فانۆن، سەرگوزشتەیەکی هزریی)ی دەیڤد کوت

 

نووسینی: ئەحمەد فەتحی سولەیمان

وەرگێڕانی: سامان عەلی

 

ئەوە سەرمایەداریی بوو مارکسی دروست کرد، ئەوە هەژاریی لەڕادەبەدەر بوو لە سیسیلیە گاریباڵدی دروست کرد، ئەوەش ئۆتۆکراسیزمی ڕوسیی بوو لینینی دروست کرد، هەروەها کۆلۆنیالیزمی بەریتانیی گاندی دروست کرد، هەرچی فانۆنیشە، مرۆڤی سپی پێست دروستی کرد.

فەوزی سیلسلی بەو جۆرە ئەو پێشەکییەی دەست پێ دەکات کە بۆ وەرگێڕانە عەرەبییەکەی لێکۆڵینەوەکەی دەیڤد کوت؛ "فڕانز فانۆن، سەرگوزشتەیەکی هزریی" نووسیوە، ئەو کتێبەی کە عەدنان کەیالی لێهاتووانە وەریگێڕاوە. هەر لەگەڵ لە خوێندنەوەی کتێبەکەش دەبینەوە دەسبەجێ هاوڕای دکتۆر فەوزی دەبین لەو بۆچوون و دیدانەیدا کە تیایدا خستوونیەتییە ڕوو.

 

فڕانز فانۆن کێیە؟

فانۆن پزیشکێکی دەروونیی و سەرباز و شۆڕشگێڕ و بیرمەندێکی چەپڕەوی بەناوبانگە، بەڵام بەر لە هەر کام لەوانە مرۆڤێکی ڕەشپێستە. کاتێک لە ساڵی ١٩٥٣دا وەکو پزیشکێک بۆ کارکردن ڕەوانەی ژونیفیل لە جەزائیر کرا تاکو لە نەخۆشخانەکەیدا دەستبەکار بێت، ئەم پزیشکە فەڕەنسییە، لە دژی کۆلۆنیالیزمی فەڕەنسای وڵاتی خۆی، پەیوەندیی بە شۆڕشگێڕە جەزائیرییەکان (موجاهیدەکان)ـەوە کرد.

ڕەفتار و هەڵسوکەوتەکانی فانۆن لە چەندین گۆشەنیگاوە سەیر و سەرسوڕهێن دەردەکەون، چونکە پەیوەندییکردنی فانۆن بە ڕیزەکانی شۆڕشی جەزائیرەوە لەگەڵ ڕەگەزنامە فەڕەنسی و ناسنامە ئایدیۆلۆژییەکەیدا وەکو کەسێکی تا سەر ئێسک چەپڕەو ئەوپەڕی دژواز و ناکۆک دەردەکەوێت، یانی چی کۆمۆنیستێکی فەڕەنسی لایەنگیریی لە ئیسلامییەکان دەکات لە جیهادیاندا لە دژی فەڕەنسا؟

فڕانز فانۆن کە لە ساڵی ١٩٢٥ لە دوورگەکانی ئەنتێل لە دایک بووە و لە ساڵی ١٩٤٤ پەیوەندیی بە ڕیزەکانی سوپای فەڕەنساوە کردووە تاکو لەپێناوی ئازادیی فەڕەنسادا لە دژی نازییەکان بجەنگێت و سەرکەوتووانە زانکۆی لیۆنی دێرینی تەواو کردووە و کتێبێکی بە ناونیشانی "پێست ڕەش و دەمامک سپی" لە ساڵی ١٩٥٢دا بڵاوکردووەتەوە و بگرە هاوسەرگیریی لەگەڵ ژنێکی سپیپێستدا کردووە، لەپاش ململانێیەکی دوورودرێژ دەرکی بەوە کرد تێکۆشانی تاقەتپڕوکێنی لەپێناوی زاڵبوون بەسەر بەربەستی ڕەنگ و پشتبەستن بە کولتوور و تایبەتمەندیی و جیاوازییە زانستییەکەی خۆی و وزە هەڵقووڵاوەکانی خۆی لەپێناوی دەستخستنی ئەو ڕێزەدا کە "وەکو مرۆڤێک" شایانی بوو کارێکی تەواو دوورە دەستە، چونکە مادام کولتووری زاڵ و باڵادەست کولتوورێکی ڕەگەزپەرستانەیە، دواجار ئەو هەمیشە هەر وەکو ڕەشپێستێکی دیکە دەمێنێتەوە! شتێک کە خودی فانۆن خۆی بەم شێوەیە گوزارشتی لێ دەکات: "کاتێک لەگەڵ ئەو کەسانەدا دەدوێم کە کەیفیان پێم دێت، دەڵێن ئێمە وێڕای ڕەنگەکەت خۆشمان دەوێیت، کاتێکیش لەگەڵ ئەو کەسانەدا قسە دەکەم کە قینیان لێمە، پۆزش دەهێننەوە و دەڵێن لەبەر ڕەنگەکەت قینمان لێت نییە، لە هەردوو دۆخەکەشدا خۆم بە یەخسیری هەمان ئەڵقەی نەفرەتیی دەزانم".

ماوەیەکی زۆر بە سەر بوونی فڕانز فانۆن لە جەزائیردا تێپەڕ نەبوو شۆڕشی جەزائیر هەڵگیرسا و فانۆن ڕۆشنبیرە فەڕەنسییەکانی لە نموونەی ئەلبێر کامۆی بینی بانگەشەیان بۆ دەستهەڵنەگرتن لە جەزائیر دەکرد، لە کاتێکدا کۆمەڵکوژیی و کوشتاری تۆقێنەر ئەنجام دەدران لە چوارچێوەی تۆڵەسەندنەوەیەکی کوێرانەدا لە ئەندامانی بەرەی ڕزگاریخوازیی جەزائیریی لە ڕێگای وێرانکردنی ئەو گوندانەی شوێنی نیشتەجێ و ژیانی ئەو ئەندامانە بوو شان بە شانی کوشتن و ئەشکەنجەدانی ڕۆڵەکانی و کۆچپێکردنی ژمارەیەک هاووڵاتیی جەزائیریی کە بە دوو ملیۆن مرۆڤ مەزەندە دەکران لە بەستێنی فاشیزمێکدا کە دووچاری ئەو فەڕەنسییانە بوو شەڕەکەیان کردە شەڕێکی پیرۆز لەپێناوی ئابڕووی فەڕەنسادا، وەک ئەوەی مەزنیی فەڕەنسا تەنها بەوە بێتە دی دەوڵەتێکی کۆلۆنیالیستە نەتەوەیەکی تر دەچەوسێنێتەوە و خاکەکەی داگیر دەکات!

تەنانەت خوێندکارانی جەزائیر لە ناوجەرگەی شاری پاریس لەو هەڵمەتی کۆمەڵکوژییانە قوتاریان نەبوو، لە شەقامەکان پەلکێشی پۆلیسخانەکان دەکران و بێ هیچ هۆیەک ئەشکەنجە دەدران، چەندین پزیشکی فەڕەنسی لەو کارانەوە تێوەگلان، هاوکارییان لە ئەشکەنجەدانی دەستگیرکراوەکاندا دەکرد بەمەبەستی داماڵینی ددانپێدانان لێیان لەگەڵ ڕەچاوکردنی شێوەیەکی شارستانیی و دۆخێکی یاسایی لە بوونی لێکۆڵینەوە لە پێشێلکارییەکان و ئەو دادگاییانەی هەموویان بە هیچ کۆتاییان هات و تاکە فەڕەنسییەکی چ سەربازیی و چ سڤیل بە کوشتنی جەزائیرییەک تاوانبار نەکرا، وەک ئەوەی ئەو گۆماوی خوێنە کە هەستا هیچ بووبێت!

ئەو ئەزموونە چاوی فانۆنی بەسەر ڕوویەکی نوێ لە شیوەکاندا کردەوە، چونکە کاتێک ئەفسەرێکی فەڕەنسیی لەو بارەیەوە ڕاوێژی پێ کرد کە دەیەوێت لەسەر ئەشکەنجەدانی عەرەبەکان بەردەوام بێت بەڵام بێ ئەوەی ببێت بە کەسێکی بە شێوەیەکی گشتی توندوتیژ و توندوتیژانە ڕەفتار لەگەڵ ئەوروپییەکاندا بکات، پەیامەکە ڕوون بوو؛ جیاوازییکردنی ڕەگەزپەرستانە مرۆڤایەتیی تەنها لە سپیپێستەکاندا قەتیس دەکات، چونکە لە ڕوانگەی کۆلۆنیالیزمدا هەر مرۆڤێک ئەوروپیی نەبێت وەکو مرۆڤ تەماشا ناکرێت.

هەڵبەتە سامناکیی کار و کردەوە و ڕەفتارە کۆلۆنیالییەکان تەنها تایبەت نەبوو بە فەڕەنسییەکان، بەڵکو ئەو تەکنیکانەی فەڕەنسییەکان لە جەزائیر بەکاریان هێنان هەمان ئەو تەکنیکانە بوون بەریتانییەکان لە هند و کینیا و بەلژیکییەکان لە کۆنگۆ و بێجگە لە بەلژیکییەکان پێشتر بەکاریان هێنان، چونکە سایکۆلۆژیای داگیرکەر هەمان سایکۆلۆژیایە و تێڕوانینی بۆ داگیرکراوان هەمان تێڕوانینە، لەبەرئەوە هەموو بەشخوراوانی زەوی، بەگوێرەی دەربڕینی فانۆن، خاوەنی یەک دۆزن و یەک دوژمنی هاوبەشیان هەیە پێویستە هەموویان لە دژی لە سەربازگەیەدا یەککەون بەمەبەستی بەرەنگاربوونەوەی وێڕای ئەو جیاوازیی و ناکۆکییە ڕەگەزیی و ئایدیۆلۆژییانەی کە لە نێوانیاندا هەیە.

فانۆن شۆخیی بە هەڵوێستی چەپی فەڕەنسیی نووقوومی نێو دووڕوویی دەکات کە بانگەشەی بۆ شەڕ لە جەزائیر و بۆڕدانی شۆڕشەکەی دەکرد بەڵام پاڵپشتیی لە هندی چینیی دەکرد لە هەوڵیدا بۆ سەربەخۆیی، لەبەرئەوەی سەرانی شۆڕشی هندی چینیی کۆمۆنیست بوون و چین و یەکێتیی سۆڤیەت پشتیوانیی لێ دەکردن، بەم جۆرە تەبایی ئایدیۆلۆژیی بوو بە پێوەر و پێوانە نەک مافی مرۆڤی ڕەنجدەر لەپێناوی ژیانێکی سەربەرزانە و ئەو بنەمایانەی بە هۆیانەوە لایەنگیریی خۆیان بۆ مرۆڤایەتیی بەبێ جیاوازیی دەردەبڕن.

فانۆن هەر زوو ناوی بە ناپاک و داکۆکیکار لە تیرۆری ئیسلامیی ڕۆیشت کاتێک پاکانەی بۆ هێرش و پەلامارەکانی پارتی ڕزگاریخوازی جەزائیریی کرد کە بە هۆیانەوە خەڵکێکی سڤیل لە فەڕەنسییەکان بوونە قوربانیی و گوتی؛ لەنێو داگیرکەراندا مرۆڤی بێتاوان بوونیان نییە و هەموو ئەوروپییەکان لە جەزائیر لە داگیرکاریی جەزائیردا تێوەگلاون و بەشدارن تاکو لە ڕێگای درێژەکێشانی داگیرکارییەکەوە بەرژەوەندیی و سوود و قازانجی ئابوورییان دەست بکەوێت، بۆ نموونە جووتیاری فەڕەنسی کاتێک پێ دەخاتە سەر خاکی جەزائیر دەبێتە نیشتەجێیەک و تایبەتمەندیی خۆی وەکو جووتیارێک لە دەست دەدات و دەبێتە فاکتەرێکی یاریدەدەر بۆ کۆلۆنیالیزم کە تیایدا بەهانە بۆ تاوانەکانی خۆی دەدۆزێتەوە و بیانوو لە بەرگرییکردن لە بەرژەوەندییەکانی خۆی و پاراستنی لە لەناوبردنی جەزائیرییەکان و بەتاڵانبردنی وڵاتەکەیاندا دەبینێتەوە.

هاوکات فانۆن لە دژی تەقەللای "هاوچەرخاندنی" ژنی جەزائیریی لە ڕێگای لابردنی پەچەکەی و دەرهێنانی لە چوارچێوەی ماڵ بەرەو ژیانی گشتی وەستایەوە، هەڵبەتە نەک لە سۆنگەی باوەڕبوونی بە بۆچوونی ئیسلامییەکان، بەڵکو لە ڕوانگەی دەرککردنییەوە بەوەی ئامانجی کۆلۆنیالیزم تەنها داگیرکردنی زەوی و سەرکوتکردنی گەل نییە بەڵکو سەرلەنوێ پێکهێنانەوەی جڤاکەکانە بەو شێوەیەی داگیرکەر دەیەوێت، ئیتر ڕەفتاری خاوەنکاری فەڕەنسی کە داوای لە کرێکارە جەزائیرییەکانی دەکرد ژنەکانیان لەگەڵ خۆیاندا بهێنن بۆ بۆنە کۆمەڵایەتییەکان، بە جۆرێک لە دەستدرێژیی یاخود لاقەکردنی واتایی ناودێر دەکرد، هەروەها باوەڕی پتەویشی بەوە هەبوو کە ئازادیی لە ڕێگای بەخششەکان یاخود ڕێکەوتەکانەوە بە دەست نایەت، بەڵکو ئازادیی ڕاستەقینە ئەوەیە لەپاش تێکۆشانێک دەسەنرێت کە بە دەرککردن بە مافەکان دەست پێ دەکات.

لە دوا ساڵی ژیانە زەنگین و پڕ لە دژبەریی و وەرچەرخانە هزریی و ئەزموونە قووڵەکانی فانۆندا گرنگترین و بەناوبانگترین کتێبی خۆی بڵاوکردەوە کە کتێبی "بەشخوراوانی زەوی"یە، تیایدا شۆڕشی جەزائیری وەکو نموونەیەک بۆ تێکڕای ئەفریکا لە هەوڵیدا بۆ ڕزگاربوون لە تەوقی کۆلۆنیالیزم و پاشکۆیەتی خستووەتە ڕوو و ئەنجامگیریی ورد دروست و پێشوەختی ئەوەیشی کردووە کە تەنها چوونە دەرەوەی هێزە سەربازییەکانی داگیرکەران لە ئەفریکا مانای ئازادبوونی ئەفریکا ناگەیەنێت، چونکە داگیرکەران لەدوای خۆیان چینێکی بۆرژوازیی مشەخۆر جێدەهێڵن لە داهاتوودا دەبنە کۆسپی هەرە گەورە لەبەردەم ئازادبوونی ڕاستەقینەی ئابووریی و کولتووریی کاتێک ئەو چینەی ئەو کۆلۆنیالیزمە دروستی کردووە لە شوێنێکی بڵندتر لە شوێنی براکانیان داناوە لە هەستی گشتیی نیشتمانیی جیابووەتەوە و بگرە قینیان لە ڕۆڵەکانی نیشتمانەکەی خۆیانە بەرامبەر بە سەرسامبوونیان بە مرۆڤی ئەوروپیی داگیرکەر کە فێرکردن و خوێندن و فەرمان و کاری کارگێڕیی و سامانی پێبەخشیون، ئەو چینە لەدواییدا بەخێرایی دەبێتە بریکاری داگیرکەر و لە ژێر بەیداخەکانی نوێکردنەوە و پێشکەوتندا ئامانجەکانی داگیرکەر بەدی دەهێنێت.

هەر بۆیە فانۆن بڕوای وا بوو جووڵانەوەی ڕزگاریخوازی نیشتمانیی پێویستە یەکانگیری شۆڕشی کۆمەڵایەتی بێت، وەکو کەسێکی لە ناخەوە سۆشیالیستباوەڕیش پێی وا بوو ئەو هەنگاوانەی بەو ئاراستەیەماندا دەبەن بریتین لە خۆماڵییکردنی دامەزراوە قۆرخکارەکان و وەبەرگرتنی چەند هەنگاوێکی ڕیشەییە بەرەو کارگێڕیی ناناوەندیی و بەشدارییکردنی جەماوەریی دیموکراتییانە لە بڕێک پڕۆژەی هەرەوەزییدا تاکو لە پێگە یاخود کورسییەکانی دەسەڵات و قەڵەمڕەوییدا بوار بە بۆرژوازییەتی هەلپەرست نەدرێت شوێنی داگیرکەران بگرێتەوە.

فانۆن وەک چۆن ڕەخنەی ئەو سیاسییە چەپڕەوانە دەکات کە پشتگیرییان لە کۆلۆنیالیزم کرد، ئاوڕ لە هەڵوێستی ئەو کرێکار و جووتیارە فەڕەنسییانەش دەداتەوە کە پشتیوانیی لەو داپڵۆسین و کوشتارانە دەکەن کە فەڕەنسییەکان بە هۆیانەوە ڕووبەڕووی شۆڕشی جەزائیریی بوونەوە، ئەمەش پرسێکە وا لە فانۆن دەکات دەربەستیی و پەیوەندیی کرێکارانی فەڕەنسا بە پڕۆلیتاریای جیهانیی بداتە دواوە و پێی وا بێت بەرژەوەندییە تایبەتەکانیان بەسەر پەیوەندیی چینایەتییاندا زاڵ بوو.

بەڵام ئەو شتەی لە هەر شتێکی دیکە زیاتر فانۆنی ڕووبەڕووی ڕەخنە کردەوە باوەڕبوونی بوو بە توندوتیژیی وەکو ئامراز و هۆکارێک بۆ پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی. "بە تەنها هەر توندوتیژیی، ئەو توندوتیژییەی گەل پێیەوە پابەند دەبێت، ئەو توندوتیژییەی سەرانی جێبەجێکاری ڕێکی دەخەن و پەخشی دەکەن، کارێک دەکات جەماوەر بتوانێت لە ڕاستییە کۆمەڵایەتییەکان تێبگات و و کلیلی ئەو ڕاستییانەی پێبدات".

فانۆن تاکتیکەکەی گاندی و فەلسەفەی ناتوندوتیژیی لە ململانێی هند لەگەڵ کۆلۆنیالیزمی بەریتانی ڕەتداوەتەوە و وەکو ململانێیەکی ناڕەسەن و ناڕاستەقینە لێی ڕوانیوە لەبەرئەوەی ئەو توندوتیژییەی داوەتە دواوە کە فانۆن کردوویەتی بە مەرجێک بۆ ڕزگاربوونی ڕاستەقینە و چارەسەر و چاکبوونەوەیەک بۆ ئەو گرێی کەموکووڕیی و هەستکردن بە پایەنزمییە کە ڕۆڵەکانی کۆلۆنیالەکان بە دەستییەوە دەناڵێنن.

دەتوانین ئەم ڕوانگەیەی فانۆن وەکو پێچەوانەیەکی خودی پڕۆسەی کۆلۆنیالیزەکردن خۆی تەماشا بکەین، چونکە بۆ ئەوەی ئەوروپییەکان بتوانن ببن بە بڕێک هێزی کۆلۆنیالیستیی، ئەندازەیەکی لەڕادەبەدەر لە توندوتیژییان بەکارهێنا و ئەم توندوتیژییەشیان بەوە پاساو دایەوە ئەو گەلانەی کۆلۆنیالیزەیان دەکەن سەر بە ژمارەیەک ڕەچەڵەکی پایەنزمترن، هەر بۆیە بەگوێرەی یاسای سروشت کە وا دەکات مانەوە بۆ بەهێزتر بێت، کارێکی سروشتییە پەلاماریان بدەن و بیانچەوسێننەوە و وڵاتەکانیان داگیر بکەن، هەر ئەوەشە سەرچاوەی ئەفسانەی مرۆڤی پێست سپی کە شارستانیی لەگەڵ خۆیدا برد بۆ ژمارەیەک گەلی سەرەتایی و دواکەوتوو بەپێچەوانەی خواستی ئەو گەلانەوە و بە دەست و پێی کۆت و پێوەندکراوەوە پەلکێشی پێشکەوتنی مرۆڤایەتییان دەکات، بەمەبەستی پێچەوانەکردنەوەی کاریگەرییەکانی ئەو پڕۆسەیەش پێویستە لە ڕووبەڕووبوونەوەی داگیرکەردا پەنا بە توندوتیژیی ببرێت نەک ئەو هۆکارە بێوەیانەی کە بە داوەرییکردن بە ویژدان و دادگەریی کۆلۆنیالیست برەو بە ئاشتەوایی و هەستکردن بە پایەنزمیی دەدات.

ڕەخنەکارانی فڕانز فانۆن وەکو بانگەشەکارێکی توندوتیژیی و هاندەری قین و دژە ڕەگەزپەرستیی لە فانۆن دەڕوانن، بەڵام خودی فانۆن خۆی وەکو هۆکار یاخود ئامرازێک بۆ خاوێنبوونەوەی کۆمەڵایەتیی و چارەسەر بۆ نیرۆسیسێکی دەستەجەمعیی کە کۆلۆنیالیزم دروستی کردووە و وای کردووە گەلانی کۆلۆنیالیزەکراو هەستکردن بە پایەنزمییەکی ئاکاریی تیایاندا تەشەنە بکات کە وا دەکات ئەوانەی دەگەنە دەسەڵات لە دزین و بەتاڵانبردنی گەلەکانیان سڵ نەکەنەوە بەو جۆرەی کە پێشتر سەردارانی کۆلۆنیالیزمیان سڵی نەدەکردەوە لە توندوتیژیی دەڕوانێت، ڕەنگە خاڵی بەیەکگەیشتنی نێوان فانۆنی مارکسیست لەگەڵ ئەو ئیسلامییانەدا کە بەهای جیهاد بەرز دەنرخێنن لێرەدا بێت، چونکە جیهاد، لە ڕێگای ئەو بەرەنگاربوونەوەیەوە کە وەکو هاوتایەک کە لە ڕووی هێز و ورەوە هیچیان لەوان کەمتر نییە و لەوەدا لەوان سەردەستترن کە لە هەوڵیاندا لەپێناوی ئازادیی هەق بە ئەوانە، بەرەنگاری چەوساوەکان دەبنەوە، خەڵک لە تەوقی بەندایەتیی دونیا دەردەهێنێت و هەستکردن بە کەرامەتیان پێدەبەخشێت.

بەو جۆرە فانۆن چووە سەربازگەی شۆڕشی جەزائیری خودان مۆرکی ڕۆشنی ئیسلامییەوە و بەرگریی و داکۆکیی لێ کرد و بەشداریی لە دەرکردنی ڕۆژنامەی "موجاهید"ی زمانحاڵی بەرەی ڕزگاریخوازی جەزائیریی لە تونس کرد و لەلایەن شۆڕشەکەوە بە نوێنەری شۆڕش لە گانا و مالی هەڵبژێردرا و لە چەندین هەوڵی فەڕەنسی بۆ ڕفاندن و تیرۆرکردنی ڕزگاری بوو بەڵام لە دەست ئەو نەخۆشییە ڕزگاری نەبوو کە هەر زوو بە جەستەیدا بڵاو بووەوە.

فانۆن کە دووچاری شێرپەنجەی خوێن بوو و بەخێرایی تەندروستیی تێکچوو، چارەنووس بواری نەدا پەرە بە بۆچوون و ئایدیا سەرنجڕاکێشەکانی بدات، لە سەرەتای ساڵی ١٩٦١دا فانۆن دوا هەناسەی ژیانی دا و لە تەمەنی سی و شەش ساڵییدا لە نەخۆشخانەیەک لە واشنتن کۆچی دوایی کرد، لەدوای مردنیشی جەزائیرییەکان لاشەکەیان گواستەوە و لە گۆڕستانی سوپای ڕزگاریخوازی جەزائیریی ناشتیان بەرلەوەی جاڕدانی سەربەخۆیی جەزائیر لە ساڵی دواتردا بە چاوەکانی خۆی ببینێت.

ئەوەی لە ئێستادا بۆ ئێمە ماوەتەوە یاخود بەجێماوە، کەلەپوورە هزرییەکەی فانۆنە کە تا ڕۆژگاری ئەمڕۆمان شایانی ئاوڕلێدانەوە و تێڕامانە، فانۆن کاتێک باسی "مرۆڤی سپی پێست" دەکات، باسی ڕەنگ ناکات، بەڵکو باسی کولتوورێکی خاوەن بڕێک شەقڵی تایبەت دەکات تا ڕۆژگاری ئەمڕۆمان باڵادەستە، کاتێکیش باسی "مرۆڤی ڕەشپێست" دەکات، مەبەستی لە ڕەنگ نییە بەڵکو مەبەستی لە دۆخێکی کۆمەڵایەتیی و کولتووریی و ئابوورییە کە تا ڕۆژگاری ئەمڕۆمان تەواوی گەلانێکی زەوەند و زۆر دیل و یەخسیرین، هەر بۆیە شەڕی ڕزگاربوون هێشتا زۆری ماوە و تەواو نەبووە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×