مارگاریتا سیمۆنیان سەرنوسەری ماڵپەڕی هەواڵی "ڕوسیا تودەی" پێشبینیدهكات، ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی ڕوسیا هەڕەشەی هێرشکردنەسەر وڵاتانی ئەندام لەهاوپەیمانی باکوری ئەتڵەسیی (ناتۆ) بکات، بەهۆی پاڵپشتیکردنیان لەئۆکرانیا.
ئاوێنه: بەگوێرەی گۆڤاری نیوزویک، پوتن لەدوای شەڕی ڕوسیاو ئۆکرانیا پەیوەندییەکانی لەگەڵ سەرکردەکانی ئەوروپا تادێت ئاڵۆزتردەبێت، لەکاتێکدا ڕۆژئاوا ئەو لەشکرکێشییەی کە لەمانگی شوباتەوە دەستیپێکردوە، بەناڕەواو پێشێلکردنی نۆرمە نێودەوڵەتییەکان هەژمارکردوە.
ژمارەیەکی زۆر لەوڵاتان بەملیارەها دۆلار هاوکاری سەربازییان پێشکەش بەکیێڤ کردوەو ئەمەش هۆکاربوە بۆ درێژەکێشانی شەڕەکەو گۆڕینی ئاراستەکەی لەبەرژەوەندی ئۆکراینییەکان، ڕوسیاش ناتۆی تۆمەتبارکردوە بەوەی لەڕێگهی دابینکردنی چەک بۆ ئۆکرانیا هێڵی سوری بەزاندوە کە ئێستا گوایە بەشێک لەو چەکانە لەناو سنورەکانی ڕوسیادا بەکاردەهێنرێن.
سیمۆنیان لەچاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانییدا وتویەتی، "پێموایە پوتن بەمزوانە دوایین هۆشداریدەداتە ناتۆ سەبارەت بەهاوکارییەکانی بۆ ئۆکرانیا، پێدانی چەک لەلایەن ڕۆژئاواوە بەکیێڤ بەشداریکردنە لەشەڕەکەدا".
سیمۆنیان ڕایگەیاندوە، ڕوسیاش مافی ئەوەی هەیە بەبێئاگادارکردنەوە ڕایبگەیەنێت کە وڵاتانی ناتۆ ئامانجی شەرعی هێرشی ڕوسیان، بەڵام گومانی ئەوەی هەبوو کە پوتن ئەم ڕێگهیە بگرێتەبەرو لەوبارەیەوە وتویەتی، "هیچ بژاردەیەکی دیکە نابینم بۆ چۆنێتی کۆتاییهێنان بەناکۆکییەکان لەسەرگەیاندی یارمەتییەکانی ئۆکرانیا".