باڵیۆزخانەی سعودییە لە تاران دەکرێتەوە
  2023-06-15       428       

دوای کردنەوەی باڵیۆزخانەی ئێران لە ریاز، سەرەتای هەفتەی داهاتوو باڵیۆزخانەی سعودییەش لە تاران دەکرێتەوە.

ئاوێنه‌: ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی نزیک لە حکومەتی ئێران بڵاویکردەوە:" فەیسەڵ بن فەرحان وەزیری دەرەوەی سعودییە، رۆژی شەممە بە سەردانێکی فەرمی دەگاتە تارانی پایتەختی ئێران".

ئاماژەی بەوەشکرد:" بەگوێرەی زانیارییەکان، هۆکاری سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی سعودییە بۆ ئێران کردنەوەی باڵیۆزخانەی وڵاتەکەیەتی لە تاران".

لە سەرەتاکانی ئەم مانگەدا، وتەبێژی دەرەوەی ئێران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا کردنەوەی باڵێۆزخانەی وڵاتەکەی لە شاری ریازی پایتەختی سعودییە راگەیاند.

شایەنی باسە لە مانگی ئازاری ئەمساڵدا، دوای حەوت ساڵ لە ناکۆکی نێوانیان و بە نێوەندگیری چین، ئێران و سعودییە رێککەوتن لەسەرئەوەی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوانیان دەستپێبکەنەوە، دواتریش وەزیرانی دەرەوەی هەردوو وڵات لە کۆبوونەوەیەکدا جەختیان لە رێککەوتنی نێوانیان و کردنەوەی باڵیۆزخانەکانیان لە وڵاتی یەکدی کردەوە.

حەوت ساڵ پێش ئێستا لە سێدارەدانی ئەبونەمر لەلایەن سعودییەوە کە کەسایەتییەکی دیاری شیعە مەزهەب بوو، لە ئێران ناڕەزایەتی لێکەوتەوە و خۆپیشاندانی هاوڵاتییانی وڵاتەکە دەستپێکرد.

دوای دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکان، خۆپیشاندەران هەڵیانکوتایە سەر باڵیۆزخانەی سعودییە لە تاران و ئەمەش ریازی نیگەران کرد، بەوهۆیەشەوە سەرجەم پەیوەندییەکانی نێوا ئەو دوو وڵاتە راگیرابوون.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×