وەزیری بەرگری ئەمریکا داوا لە تورکیا دەکات ئەندامێتی سوید لە ھاوپەیمانی ناتۆ پەسەندبکات و دەشڵێت: چەند مانگێکە بەهۆی تورکیاوە ئەندامبوونى سوید ڕاگیراوە.
لۆید ئۆستین، وەزیری بەرگری ئەمریکا، لەکۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ وەزیری نوێی بەرگری تورکیا ئاماژەی بەوەدا، ئامانج لە کۆبوونەوەکە پیرۆزباییکردن بوو لە ھاوتا نوێیە تورکییەکەی و لەنزیکەوە یەکتر ناسین بووە.
ئەوەشی خستەڕوو، داوای لە وەزیری بەرگری تورکیا کردووە، کە وڵاتەکەی ھانبدات، ئەندامێتی سوید لە ھاوپەیمانی ناتۆ پەسەندبکات.
وەزیری بەرگری ئەمریکا ڕوونیشیکردەوە، زیاتر لە چەند مانگە ئەندامبوونی سوید لە ھاوپەیمانی ناتۆ لەسەر رەزامەندبوونی تورکیا وەستاوە.
پێشتر تورکیا چەند مەرجێکی بۆ ئەندامبوونى سوید لە هاوپەیمانى ناتۆ داناوە، یەکێک لەو مەرجانەش پەیوەندی بە کوردەوە هەیە کە سوید ڕێگە لە هەموو چالاکییەکى سیاسی و کلتوری کورد بگرێت و چالاکوانانى سیاسیشی ڕادەست بکاتەوە.