سەرۆكی ڤاگنەر: بنكە سەربازییەكانی رۆستۆڤ-مان لە باشوری روسیا كۆنترۆڵكردن
  2023-06-24       616       

سەرۆکی گروپی ڤاگنەر دەڵێت، هێزە چەکدارەکانیان گەیشتونەتە نێو شاری رۆستۆڤ لە باشوری روسیا و بنکە سەربازییەکانی ئەو شارەیان کۆنترۆڵکردون.

 ئاوێنە: یاڤگینی پریگۆژین، سەرۆکی گروپی ڤاگنەر رایگەیاند، خۆی و هەزاران چەکداری بە مەبەستی لابردنی فەرماندە سەربازییەکانی روسیا لە پۆستەکانیان بەرەکانی جەنگیان جێهێشتوە و چونەتە نێو روسیا.

پریگۆژین لە ڤیدیۆیەکدا کە لە تەلەگرام بڵاوکراوەتەوە، دەڵێت، "ئێستا لە نێو فەرماندەیی سوپاداین؛ ئێستا سەعات 7:30 خولەکی بەیانییە"؛ وتیشی، بنکە سەربازییەکانی رۆستۆڤ و فڕۆکەخانەیەکی سەربازی کۆنترۆڵکراون.

 ئەو بنکە سەربازییانەی پریگۆژین بانگەشەی کۆنترۆڵکردنیان دەکات رۆڵێکی گەورەیان لە شەڕی دژ بە ئۆکراینادا هەیە، چونکە شوێنی جوڵەپێکردن و رێکخستنەوەی هێزەکانی سوپای روسیان و فڕۆکەخانە جەنگییەکەش بۆ فڕینی فڕۆکە جەنگییەکانی روسیا بەکاردەهات کە لە شەڕی ئۆکراینادا بەشدارییان هەبو.

پریگۆژین وتیشی، هیچ جموجوڵێکی سەربازیی زەمینی و ئاسمانیی پەیوەست بە شەڕی ئۆکراینایان نەوەستاندوە.

سەرۆکی ڤاگنەر ئاماژەی بەوەش دا، فڕۆکەخانە سەربازییەکەیان کۆنترۆڵکردوە تاوەکو رێگری بکرێت لەوەی لەو فڕۆکەخانەوە هێرش بکرێتە سەر چەکدارانی گروپەکەی و داوا لە هاوڵاتییانی روسیاش دەکات بڕوا بەوە نەکەن لە تەلەڤزیۆنەوە پێیان دەگوترێت.

پریگۆژین وتیشی"کاتێک پێتان دەڵێن شکست لە بەرەکانی پێشەوەی جەنگ رویداوە بەهۆی ڤاگنەرەوە [بڕوایان پێ مەکەن]، ئەو شکستانەی رودەدەن هۆکاری دیکەی هەیە."

 یاڤگینی لەبارەی راگەیەندراوەکانی سوپای روسیا پەیوەست بە بەرەکانی جەنگ وتی، روسیا بە هەڵە ئامارەکان دەخاتەڕو؛ وتیشی"روبەرێکی گەورە لەدەستدراوە. سەربازی زۆر کوژراون، سێ بۆ چوار هێندە زیاتر لەوەی لەلایەن فەرماندەیی سوپاوە بڵاودەکرێنەوە."

بەرپرسانی رۆستۆڤ داوایانکردوە خەڵک لە ماڵەکانیان بمێننەوە. روسیا کەیسێکی تاوانکاری دژی پریگۆژین کردوەتەوە و بە هەوڵی "یاخیبونی چەكداری" تۆمەتباری کردوە.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×