پوتین باری نائاسایی لە مۆسكۆ رادەگەیەنێت و دەڵێت، ئەوەی ڤاگنەر دەیكات "یاخیبون و خیانەتە"
  2023-06-24       936       

ڤیلادیمێر پوتین، سەرۆكی روسیا، لە وتەیەكدا رایگەیاند، باری نائاسایی "بۆ روبەڕوبونەوەی تیرۆر" لە مۆسكۆ راگەیەندراوەو جوڵەكانی گروپی ڤاگنەر-یش بە "یاخیبون لە گەل و هەڤاڵانی شەڕ و خەنجەر لێدان لە پشتەوە" ناودەبات و دەشڵێت"ئەمڕۆ روبەڕوی خیانەتكارانی گەل بوینەتەوە."

ئاوێنە: ڤیلادیمێر پوتین، ئەمڕۆ شەممە، وتەیەكی لەبارەی جوڵەكانی گروپی ڤاگنەر دژ بە سوپای روسیا، پێشكەشكرد و رایگەیاند، "ئەو كردەوانەی یەكگرتوییمان دابەشدەكەن، لە راستیدان خیانەتن بەرامبەر بە یەك گەل و هەروەها خیانەتن لەو هەڤاڵانەی ئێستا لە بەرەی جەنگدان و ئەوەش خەنجەر لێدانە لە پشتەوە لە وڵات و گەلەكەمان."

وتیشی"هەر پشێوییەكی ناوخۆی دەبێتە هەڕەشەیەكی كوشندە بۆ دەوڵەت و نەتەوەكەمان. ئەمە گورزێكە لە روسیاو گەلەكەمان و رێكارەكانمان بۆ پاراستنی نیشتمان بەرامبەر بەم هەڕەشەیە، كوشندە دەبێت."

جەختیشی كردەوە، هەمو ئەوانەی تاوانبارن لە هەوڵی یاخیبوندا، سزا دەدرێن و لەبەردەم یاساو گەلدا لێپێچینەوەیان لەگەڵ دەكرێت.

پوتین داوایكرد كۆتایی بە بەشداریكردن لەو "یاخیبونە چەكداری"یە بهێنرێت، وتیشی، دەزگا ئەمنییەكان فەرمانی راگەیاندنی "باری روبەڕوبونەوەی تیرۆر"یان پێگەیشتوە.

ئاماژەی بەوەشدا  كە رێكاری توند دەگیرێتەبەر بۆ "گەڕاندنەوەی سیستم بۆ شاری رۆستۆڤ"ی باشوری روسیا، ئەو شارەی كە سەرۆكی گروپی ڤاگنەر دەڵێت، هەمو بنكە سەربازییەكانی لەوێ كۆنترۆڵ كردون.

سەرۆكی روسیا وتیشی، لە ئێستا رێكاری زیاتر گیراوەتەبەر بۆ "ڕوبەڕوبونەوەی تیرۆر" لە مۆسكۆ و چەند ناوچەیەكی دیكەی روسیا.

لەكۆتایی وتەكەیدا پوتین وتی، روسیا بەسەر سەرجەم ئاڵنگارییەكاندا "سەردەكەوێت و بەهێزتر دەبێت."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×