سەرۆكی ڤاگنەر: بەبێ تەقە سەرۆکایەتیی سوپای روسیامان لە رۆستۆڤ گرت
  2023-06-24       1521       

سەرۆکی گروپی ڤاگنەر رایگەیاند، بەبێ تەقەکردن، سەرۆکایەتیی سوپای روسیایان لە هەرێمی رۆستۆڤ کۆنترۆڵکردوە. دەشڵێت، خەڵک پاڵپشتیمان دەکەن، چونکە دەزانن ڤاگنەر بۆ "دادپەروەری" دەجەنگێت.

ئاوێنە: یەڤگینی پریگۆژین، سەرۆکی گروپی ڤاگنەر پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە لە تۆمارێکی دەنگیدا وتیشی"سەبارەت بە خیانەتکردن لە نیشتمان، سەرۆک پوتین هەڵەیەکی گەورەی کردوە، ئێمە نیشتمانپەروەرین."

وتیشی، ناپاکیی راستەقینە لە نێو سوپای روسیادایە، نەوەک گروپی ڤاگنەر.

 بەگوێرەی زانیارییە نافەرمییەکان، هێزەکانی ڤاگنەر ئێستا لە رێگەی ئەوتۆبانی M-4 کە هەرێمی رۆستۆڤ بە مۆسکۆ دەگەیەنێت، هەوڵی گەیشتن بە مۆسکۆ دەدەن.

شەوی رابردو گروپی ڤاگنەر لەسوپای روسیا هەڵگەڕایەوەو هێرشیکردە سەر چەند بارەگایەک کە سەرپەرشتی بەرەکانی پێشەوەی جەنگ لەئۆکرانیا دەکەن، نیوەڕۆی ئەمڕۆش پوتن ئەو کەسانە بە "خیانەتکار" ناوبرد.

دامەزرێنەری گروپی ڤاگنەر کێیە؟ 
یەڤگینی پریگۆژین لە یەکی حوزەیرانی‌ ١٩٦١ لە سانت پترس بۆرگ لە دایک و باوکێکی رووسی یەهودی لە دایک بووە، ساڵێ ١٩٧٧ پەیمانگای وەرزشی تەواوکردوە و ئارەزوویەکی زۆری بۆ یاری هۆکی سەر سەهۆڵ هەبووە.

ساڵی ١٩٧٩ بە تۆمەتی دزیکردن و چەند تاوانێکی تر لەگەڵ ژمارەیەک هاوڕێی بۆ ماوەی ١٢ ساڵ سزای زیندانی کردنیان بۆ دەرکرا، ساڵی ١٩٩٠ دوای ئازادکردنی کۆمپانیایەکی تایبەت بە خواردنی خێرا دروستدەکات کە لەماوەی چەند ساڵێکی کەمدا ژمارەیەکی زۆر رێککەوتن لەگەڵ خوێندنگە و ناوەندە گەورەکانی رووسیا ئەنجامدا بۆ دابینکردنی خواردن لەوەشدا قازانجێکی زۆری بەدەستهێنا، بە جۆرێک ساڵی ٢٠١٢ لەگەڵ سوپای رووسیا رێککەوتنێکی ئەنجامدا بۆ دابینکردنی خۆراک بۆ ماوەی ساڵێک بە بڕی یەک ملیار و ٢٠٠ ملیۆن دۆلار.

ڤاگنەر گرووپێکی چەکدارای رووسیە، ساڵی ٢٠١٤ بەشداری شەڕی ناوخۆی سوریا یان کردووە، بەشێک لە ئەندامەکانی ڤاگنەر تاوانباری زیندان و مافیاکانن، ئێستا ڤاگنەر لەلایەن یەڤگینی پریگۆژین سەرۆکایەتی دەکرێت و لە شەڕی رووسیا و ئۆکرانیا رۆڵێکی سەرەکیان بینی و چەندین شاری سەرەکیان لە ئۆکرانیا کۆنتڕۆڵکرد.

 

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×