هێزه‌كانی خەلیفە حەفتەر فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی تورکیای خستەخوارەوە
  2019-07-22       1701       

سوپای نیشتمانیی لیبی، كه‌ له‌لایه‌ن  خەلیفە حەفتەر سەرۆکایەتی ده‌كرێت و لە حکومەتی ویفاقی نیشتمانیی وڵاتەکەی هەڵگەڕاوەتەوە، خستەخوارەوەی فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی تورکی رادەگەیەنێت.

ئاوێنه‌: سوپای نیشتمانیی لیبی لە پەیجی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبوک)، رایگەیاندووە، هێزەکانیان رۆژی یەکشەممە 21-7-2019 فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی تورکییان  لە ناوچی عەین زارە لە باشووری تەڕابلوسی پایتەخت، خستووەتە خوارەوە.

سوپاکە تورکیا بە دوژمن ناودەبات و رایگەیاندووە، ''رێگا نادەین دوژمن سەروەرییەکانمان پێشێل بکات''.

پێشتر ئەحمەد مسماری، وتەبێژی سوپای نیشتمانیی لیبیا، کە مشیر خەلیفە حەفتەر سەرۆکایەتیی سوپاکە دەکا، بەهۆی پاڵپشتیی تورکیا لە حکومەتی ویفاقی نیشتمانیی لیبیا، شەڕی لە دژی تورکیا راگەیاند.

حکوومەتی ویفاقی نیشتمانی بە کۆدەنگیی هەموولایەنە لیبییەکان پێکهاتووە، لەلایەن سەرکردەکانی سەر بە رەوتی ئیخوان موسلیمین سەرۆکایەتی دەکرێ و پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە)ی دەسەڵاتداری تورکیا، کە رەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیا سەرۆکایەتی دەکات، پارتێکی سەر بە رەوتی ئیخوان موسلیمینە.

دوای کودەتای عەبدولفەتاح سیسی بەسەر محەمەد مورسیی ئەو رەوتە لە میسر خرایە ناو لیستی تیرۆر و دواتریش وڵاتانی سعودیە و ئیمارات ئیخوانیان وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی ناساند.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×