کێ خاوەن بیرۆکەی دروست کردنی شاری سلێمانی بووە؟ 
  2023-07-11       1681       

بۆ گوندی مەڵکەندی گوێزرایەوە بۆ شوێنی ئێستای و چەندین زانیاری دەربارەی مێژووی شاری سلێمانی؟

نووسینی: غەفور رەشید داراغا ، ساڵی 1961

 

پێشەکی : زامۆئا داراغا

نووسەر ( غفور رشید داراغا ) لە گۆڤاری شەفەق ساڵی ( 1961 ) نووسینێک بڵاو ئەکاتەوە لەسەر مێژووی دروست کردنی شاری سلێمانی ، سەرنجی خۆی ئەنووسێت لەسەر ئەو نووسینەی نووسەر ( عبدوڵا ئەژدەر ) لە گۆڤاری ( ڕۆژی نوێ )دا بڵاوی کردۆتەوە ، سەبارەت بە مێژووی شاری سلێمانی .

ئەوەی کە لێرەدا گرنگە ئەو زانیارانەیە کە نووسەر لەسەر مێژووی شاری سلێمانی کە خۆی شایەت حاڵی هەندێک لە ڕووداوەکانی بووە و تۆماری کردووە ،هەروەها داوا لە مێژوو زانان ئەکات بە ڕۆحی هەست بە بەرپرسیارانەوە مێژووی شاری سلێمانی و ناوچەکە بە گشتی بنووسنەوە ، وەک خۆی ئەڵێت ( سلێمانی لەو شارانەیە کە نەتەوەی کورد شانازیی پێوە ئەکات ) بۆیە گرنگە ئەم مێژووە پاک بکرێتەوە لە هەموو هەڵەکان و لە هەموو بۆوچونێکی نا زانستی مێژووی کە تێکەڵ بەم مێژووە بووە .

ئەوەی سەرنجە لەم نووسینەدا کە نووسەر ( غفور رشید داراغا ) پێش ( 62 ) ساڵ جەغتی لێکردۆتەوە کە ناوچەی سلێمانی هەر لە بنەڕەتدا شوێنێکی شارستانی کۆن بووە ، هەمێشە ئاوەدان بووە . خۆشبەختانە لە ئێستادا لە دوای شەست ساڵ کنەو پشکنینەکان ئەو ڕاستیە پشت ڕاست ئەکەنەوە کە ناوچەی سلێمانی یەکێکە لە کۆنترین شوێنەوارەکانی ئەم ناوچەیە بە گشتی .

کە ئەکرا هەر لەو کاتەوە ئەم شوێنەوارانە بپارێزرایە لە ناوچوون ڕزگار بکرایە ، بۆ نموونە لە کاتی دروست کردنی ( کاسۆمۆڵ ) دا ئەو شوێنەوارانە چۆن خرانە ژێر باڵەخانەکەوە ، بە هەمان شێوە لە کاتی دروست کردنی باڵەخانەکەی ( دەبۆکە ) چەندین شوێنەوار کرا بە ژێر کۆنکرێتی باڵەخانەکەدا وە هەروەها ڕ‌ێگەی باخی بەختیاری و چەقچەق لەسەر ڕێگەی( نالی ستی ) وە چەندین نموونەی تر کە نەیانهێشتووە کەس پێی بزانێ و لە ناوچووە . زامۆئا داراغا . 02/07/2023  

 

سەرنجێک لە نووسینە مێژوویی یەکەی عەبدوڵا ئەژدەر

نووسینی :-غفور رشید داراغا ، ساڵی 1961

مامۆستا عەبدوڵا ئەژدەر لە ژێر ناوی ( سلێمانی ) دا نووسینێکی مێژوویی لە گۆڤاری ( ڕۆژی نوێ )ی خۆشەویست دا ژمارە ( 5 )ی ئاب ساڵی ( 1961 ) ساڵی دووهەم بڵاو کردبۆوە ، سەراپای نووسینەکەی لەو سەرچاوانەوە هەڵێنجاوە ، کە هەمووی بیستراوە ، بە پێویستم زانی هەندێ لەو نووسینە بکۆڵمەوە ، چەند سەرنجێک بخەمە ڕوو ، چونکە شاری سلێمانی لە کۆنەوە تا ئەمڕۆ ، لەو شارانەیە کە نەتەوەی کورد شانازیی پێوە ئەکات ، لەبەر ئەوە پێویستە مێژووی ئەو شارە زۆر ڕوون بێ و هیوادارم کە مێژوو زانان پێنووس بخەنە کار بۆ بژار کردنی ئەو هەڵە و چەوتیانەی کە لکاوە بە مێژووی ئەم شارەوە .

 

شوێنی گەرەکی ( مەڵکەندی ) ئێستا ، شوێنی گوندی مەڵکەندی کۆن نییە :

لە مێژووی وڵاتی سلێمانی دا لە دامێنی لاپەڕە ( 94 ) نووسراوە ( محمود پاشا ) ئەڵێ ، ئەگەر گردی مەڵکەندی هەڵبکەندرێ و زۆر بە باشی تێیدا بگەڕێین گەلێک پاشماوەی کۆن ئەدۆزینەوە کە نیشانەی شارستانیتێکی کۆنە .... هتد

ئەگەر بە ووردی بە گەرەکی مەڵکەندیا بگەرێین ، لە خۆرهەڵات و خۆراوا و باشور و باکوری یەوە ئەبینین چ گردێکی لێ نییە ، نە دەست کرد ( توورەکە ڕێژ ) نە خوا کرد بەڵکو خۆی گەرەکێکە کەوتۆتە خۆراوای سلێمانی یەوە ،

دانیشتوانی جاران بە بەخێو کردنی ( ئاژەڵ و کشتوکاڵەوە ) خەریک بوون و لە هاوینان دا ( گۆزە و دیزەیان ) دروست ئەکرد و گڵیان ئەنایەوە ، لە گردە گڕوێ وە بە وڵاخ ( بەردیان ) ئەهێنا ، ئێستا بە ( عەرەبانەی وڵاخ )زۆربەیان خەریکی بەرد کێشانن وە هەندێکیشیان هەر خەریکی کشتوکاڵە .

کە ( محمود پاشا ) ئەڵێ :- ئەگەر گردی مەڵکەندی هەڵبکەندرێ ... هتد ، دیارە مەبەستی لە گردێکی شوێنەواری دێرینە ، لە گردێکە کەلە کۆنا دروست کراوە لە ئێسکی قەڵایەکی سەربازی دا کە گەلێک خانوو کۆشک و پێویستی ژیان و قوولەی پاراستنی لێ دروست کراوە .

ئەو گردە دەست کردەی کەلە سلێمانی دا بووبێ ، ئەو گردەیە کە بەر لە تێکدانی ، لە بەردەرکی  سەراوە دەستی پێ ئەکرد تا باخەکەی  کتێبخانەی گشتی ( بەردەمی مزگەوتی گەورە ) لەوێوە تا گەراجەکەی ( کریم حاجی فرج ) وە لەوێوە تا بەردەم کۆشکی شارەوانی و بازاڕی زێوەر ، تا خوێندنگەی  (گۆیژەی ) ئێستا ، کە لە چاخی عوسمانیەکاندا پێیان ئەووت ( دەبۆکە یان قشڵە ) کە ( گەرماوی قشڵەی ) ئێستا لە لایەکیەوە دروست کرابوو .

ئەم گردە دەست کردە لە ساڵی ( 1938 ) دا لە کاتی ( مجید یاقوبی متصرف ) دا لە بنەڕەت هەڵکەنرا و شەقامی ( مەولەوی ) پیا برا ، ئەم لا و ئەولاکەشیان تەخت کرد و ڕیزە دوکانیان لێ دروست کرد .

کاتێک ئەم گردە تەخت کرا ، خۆم لە خوێندنگەی سەرەتایی ئەم خوێند ، هەموو ڕۆژێک دوای تەواو بوونی کار و باری خوێندن ئەهاتمە ئەم سەر گردە بۆ سەیر کردن . زۆر باش ئەم شتانەی خوارەوەم لە بیرە بەڵام ئەو کاتە لە بەر بێ زانیاری نەم ئەتوانی لێکی بدەمەوە .

1/ هەندێ دیواری ژوور و هەیوانی وای تیادەر کەوت زۆر بە گران ئەڕوخێنرا چونکە بە بەرد و حەرام زادە ( حەرام زادە = قسڵ لە گەڵ خۆڵە مێشی حەمام و گڵ تێکەڵاو ئەکرا بە ئاووە باش تێک ئەدرا تا وەک ماستی لێ ئەهات ) دروست کرابوو لە توانای پاچ و خاکەناز و نوێڵ و ماڵ برا نە بوو بیڕوخێنێ ، هاتن بە تۆپ ڕووخانیان ( تۆپ = جیگایەکی سەخت بە نوێڵ کوون ئەکرێ نزیکەی نیو مەترەیەک پڕ ئەکەن لە باروود پڵیتەیەکی درێژی تێ ئەخنن ، ئەمجا ئاگر ئەنێن بە پڵیتەکەوە پاش چەند چرکەیەک ، ئەتەقێ بە جارێ ئەو لایە هەڵئەتەکێنێ ) بەم جۆرە بە تۆپ ئەو شوێنە سەختەیان تەخت کرد .

2/ ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە کەتا ئێستاش بۆم ساغ نەبۆتەوە ، هەندێ چاڵی گەورە لەو گردەدا دەرکەوت ماڵان ماڵ بوو لە قاوغە قلکەجنۆکە ( هێلکە شەیتانۆکە ) کە هەروەکو خۆی ئەو قاوغە مابوەوە .

3/ چاڵێکی ترم بەر چاو کەوت لە ئێسکی بیرا قووڵیەکەی نزیکەی نیو مەترە ئەبوو ، بە وشکە بەرد هەڵچنرابوو ، سەرەکەشی بە تەلە بەردێک داپۆشرابو.

کە تەلە بەردەکەیان لا برد کەللە سەرێکی تیابوو تەنیا ئێسقانەکەی مابوو ، کە هێنایانە دەرەوە خڕەی لێوە ئەهات ، تەماشا کرا دوو مێخی زەردی تیابوو لە ناو کەللە کەدا ، درێژی هەریەکە ( 3 ) ئینج ئەبوو ئەوکاتە خەڵک بە گەلێک جۆر بۆیان لێک ئەدرایەوە ، وەکو ئەیان ووت خاوەنی ئەم کەل لە سەرە ، کابرایەکی خراپ بووە ، کە مردووە لە ناو گۆڕا ئازاری دراوە و گوڵمێخی وای بە کەللە دا داکوتراوە ، بەڵام گومانی تیا نییە خاوەنی ئەو کەللە سەرە لە کاتی خۆیا لە لایەن کاربەدەستانەوە لە بەر هەر هۆیەک بووبێ تیرە باران کراوە ، پاش کوشتنی سەرەکەیان لێ جیا کردۆتەوە و خستویانەتە ئەو چاڵەوە بەپێی یاسای ئەو کاتە تیری ئەو چاخەش لەوێنەی مێخ دا بووە کەلە زەرد ( بڕۆنز ) دروست کراوە .

لێرەدا زۆر بە داخەوە ئەڵێم کە کەس گوێی نەدایە ئەو شوێنەوارە دێرینە کە شارستانێتی کۆنی ئەم وڵاتەی پێشان ئەدا .

 

گوندی مەڵکەندی لە کوێ دا بووە ؟

ئەو گردە دەست کردە کە ( محمود پاشا ) ئەڵێ لە تەنیشت گوندی مەڵکەندیەوە بووە ئەوگردەیە کە نەختێک بەدوور و درێژی باسمان کرد ، گوندی مەڵکەندیش لە خواروی گردەکەوە بووە کە ئەکەوێتە دەور و بەری ( گەراجی ئەسحابە سپی ) تا قەیسەری ( نەقیب ) تا مەیدانەکەی بەردەم شارەوانی و بەرەو خوارتر .

 

کۆنترین مزگەوت لە سلێمانی ؟

بە قسەی مامۆستا ( محمد قزلجی ) تەکیەی ( ووسو پاشا ) کە پێشی ئەڵێن ، مزگەوتی ( مەڵکەندی ) کۆنترین مزگەوتە وەکو لە پەڕاوی ( التعریف بمساجد السلیمانیة و مدارسها الدینیة ) لاپەڕە ( 24 ) ئەفەرموێ ( مزگەوتی مەڵکەندی کە پێشی ئەڵێن تەکیەی ووسو پاشا ، کاتێک کە سلێمانی دروست کرا زانای بە ناو بانگ ( مەولانا ئیبراهیم ) دەرسی تیا ووتۆتەوە ... هتد ) بەڵام وەکو لە پێشەوە ڕوونمان کردەوە گەڕەکی مەڵکەندی شوێنی گوندی مەڵکەندی کۆن نییە، لەبەرئەوە تەکیەی ووسو پاشا دوای دروست کردنی شاری سلێمانی د     

روست کراوە ، کاتێک ( ئیبراهیم پاشا ) سلێمانی ئاوەدان کردوە ، گوندی مەڵکەندی گواستەوە بۆ شوێنی گەڕەکی مەڵکەندی ئێستا ، چونکە ئەو کاتە خەڵکی ئەو گوندە بە بەخێو کردنی مەڕ و ماڵات و ئاژەڵەوە خەریک بوون وە ئەمەش دەستی نەدا بۆ بابانیەکان کە ئەیان ویست سلێمانی بکەن بە پایتەختی میرنیشینەکەیان و گەلێک ڕێک و پێک و جوانی بکەن ، ئەگەر چەرخ یاریان بوایە ، بۆ ئەوەی تیا بحەوێنەوە ، بە تایبەتی ( ئیبراهیم پاشا ) کە زۆر لە بەغدادا مابووە و گەلێ شاری تری دیوە ، ئەیویست سلێمانیش بەرێتە ڕیزەی ئەو شارانە .

ئەمە لە لایەکەوە وە لە لایەکی ترەوە ( ئیبراهیم پاشا ) ئەیویست شارەکە لە دەورو بەری گردە دەست کردە کە دروست بکات و سەر گردەکە بکات بە ( سەربازگە ) ئەمەبووە هۆی گواستنەوەی گوندی مەڵکەندی بۆ خۆرهەڵاتی سلێمانی ( بۆ شوێنی گەڕەکی مەڵکەندی ئێستا )

لە بەر ئەوەی گەڕەکی مەڵکەندی تێک درا ( جگە لە مزگەوتەکەی ) خەڵکەکە دار و پەردوکەیان گواستەوە و گەڕەکی مەڵکەندی ئێستایان لێ دروست کرد .

بەڵام مزگەوتەکە هەر لە شوێنی خۆی مایەوە کەوا ئێستا بەرامبەر ( عەماری ئارد و گەنمی اعاشەیە ) کە پێی ئەڵێن مزگەوتی ( شێخ محمدی ئالەکی ) کە لەم  چەند ساڵانەی دواییا دا چاک و ڕێک و پێک کرا .

 

( ئیبراهیم پاشا ) خاوەنی فکرەی ( بیرۆکەی ) دروست کردنی  سلێمانی نە بووە :

مێژوو ناسەکان بە تایبەتی باوکی مێژوو نووسی نوێی کورد مامۆستا ( ئەمین زەکی ) کە کاک عبدوڵا ئەژدەر لێوەی وەرگرتووە ، لاپەڕە (  87 ) ڕۆژی نوێ ژمارە ( 5 ) ساڵی دووهەم ئەڵێ ( هەروەکو لە پێشەوە باسمان کرد ئاوەدانیشی تیا بووە وەکو گوندی مەڵکەندی و ئەو سەرایەش کە محمود پاشای مامی ئیبراهیم پاشا تیادروست کردوە ) ڕستەی ( ئەو سەرایەش ) کە محمود پاشای مامی ئیبراهیم پاشا تیادروست کردوە گەلێک سەرنج ڕائەکێشێ و ئەم تێبینیانەی خوارەوە ئەخاتە بەر چاو :-

وشەی ( سەرا ) کە ئەمین زەکی بەکاری هێناوە و کاک عبدوڵا ئەژدەر لێوەی وەرگرتوە و وەکو خۆی نووسیوێتی وە گەلێک مانای هەیە :-

ا / سەرا ، بە مانا شوێنی فەرمان ڕەوایەتی یە .

ب / سەرا ، بە مانا کۆشکێکی گەورەیە کە خاوەنەکەی بەدەست بێ .

ج / لەگەڵ وشەی کارواندا پێکەوە بلکێنرێ وشەی ( کاروان سەرا ) پێکدێنێ کە ئەمەش شوێنێکی گەورەی ئەوتۆیە کە کاروان بە زەلامەکان و وڵاخەکانیانەوە تێیدا ئەحەوێنەوە .

ئەو سێ سەرنجە ئەمەی خوارەوە ئەگەیەنێ :

( محمود پاشا ) نیازی هەبووە کە پایتەختی میرنیشنەکەی بگوێزێتەوە بۆ شوێنی سلێمانی ، وە هاتووە کۆشکێکی گەورەی تیادروست کردوە کە ببێتە مەڵبەندی فەرمانڕەوایەتی ، بەڵام چەرخی ڕۆژگار دژی بووە و پێی تەواو نەکراوە ، ئەگینا دروست کردنی کۆشکێکی وا گەورە لە سەروو گردە دەست کردەکەوە لە نزیک گوندی مەڵکەندی یەوە بۆ ئەوەی نەبووە :-

1/ کە بیکاتە شوێنێکی خۆ حەسانەوە و ڕابواردن و ڕاوکردن ، چونکە میرانی بابان هێندە تووشی دەردی سەری و دژوار و تەگەرە و کۆسپ بوون کە هەر بیریان لە ڕابواردن نەکردۆتەوە .

2/ دروست کردنی ئەو کۆشکە دیسان ئەوە نا گەیەنێ کە بۆ حەوانەوەی ئەو کاروانانە دروست کرابێ کە لە قەڵا چوالانەوە ئەچوون بۆ کەرکوک و بەغدا ، چونکە :

ا / شوێنی سلێمانی لە قەڵاچوالانەوە نزیک بووە .

ب / لە شوێنی سلێمانی گوندی مەڵکەندی لێ بووە کە کاروان بە ئاسانی تێیدا حەواوەتەوە .

ج / شوێنی سلێمانی خۆی لە خۆیا شوێنێکی ئاودارە بۆ حەوانەوەی کاروان دەستی داوە .

لە بەر ڕۆشنایی ئەو زانیاری یەی سەرەوە ، بۆمان دەرئەکەوێت کە ( محمود پاشا ) لە قەڵاچوالان بێزار بووە و ویستویەتی پایتەختی میرنیشینەکە بگوێزێتەوە بۆ سلێمانی ، بۆ ئەمە کۆشکێکی گەورەی تیادروست کردوە .

بەڵام ڕۆژگار یار نەبووە کە بەم کارە هەستێ ، تووشی گەلێک قۆرت و کۆسپ بووە وازی لێ هێناوە . بەڵام دوای ئەو ( ئیبراهیم پاشا )ی برازای ئەو کارەی بەجێ هێناوە و قەڵاچوالانی چۆڵ کردووە و هاتۆتە شوێنی سلێمانی ئەوشارەی دروست کردووە .

 

ئیبراهیم پاشا لە کوێ شارەکەی دروست کرد ؟

ئیبراهیم پاشا کە هات شاری سلێمانی دروست بکات ، سەر گردە دەست کردەکە و ئەم لا و ئەولای هەڵبژارد ، لەتەنیشت سەراکەی مامی یەوە هەندێ کۆشک و خانووی دروست کرد ، سەراکەی مامی کرد بە شوێنی فەرمان ڕەوایی ، گوندی مەڵکەندی کە لە خوارووی گردە دەست کردەکەوە بوو ، گواستی یەوە بۆ خۆرهەڵاتی سلێمانی ، سەر گردە دەست کردەکەی کرد بە سەربازگە ، ئەم شوێنەی کە ( ئیبراهیم پاشا ) شارەکەی تیادروست کرد کەوتبووە نێوان دوو شیوی گەورەوە لای ڕاستی ئەو شیوەیە ( کە دەمێکە سەرەکەی داپۆشراوە ) کە لە ( پیرمەنسورەوە ) دەست پێ ئەکات تا ( سەر شەقام ) کە لەوێ پێی ئەڵێن ( شیوی قازی ) ئەم شیوە زۆربەی ئاوی چیای ( گۆیژە )ی پیا ئەڕوات ، لای چەپی ئەو شیوەیە کە لە گردی ( جۆگەوە ) دەست پێ ئەکات بە ماڵە شێخەکانا ئەڕوات تا خوار مەیدانی ماست فرۆشەکان کە لەوێ پێی ئەڵێن ( ئاشە گواوی ) لەوێوە بۆ چوارباخ .

ئەم دوو شیوە ئەم بەر و ئەو بەری دار و جەنگەڵ بووە ، نێوان هەردوو شیوەکە شاری لێ دروست کراوە .  

چوارباخ :- ئەم شوێنە کە ئەکەوێتە خواری سلێمانی یەوە ، چوارباخی گەورەی میوەی لێ دروست کرا لە لایەن بابانەکانەوە ، بە ئاوی شیوی ( ئاشە گواوی ) ئاو ئەدرا کاتێک کە میرنیشینی بابان لەناو چوو ئەم باخانەش فەوتا وە کە شار پەرەی سەند کرا بە خانوو و بەرە ، ئێستا چوارباخ گەڕەکێکی شاری سلێمانی یە .

 

یەکەم مزگەوت کە ئیبراهیم پاشا دروستی کرد:

کاتێک کە قەڵاچوالان چۆڵ کرا ، مزگەوتەکەشی تێکدرا ، ئیبراهیم پاشا فەرمانی دا کە دار و پەردوکەی بهێننە سلێمانی وە مزگەوتێک دروست بکەن لای چەپی گردە دەست کردەکەوە ، بەم جۆرە ( مزگەوتی گەورە ) دروست کرا ، تا ئێستاش هەندێک لە نیرگە و دارەکانی مزگەوتی قەڵاچوالان ماوە لە مزگەوتی گەورەدا خۆ بە تایبەتی دوو دەروازەکەی کە هینی مزگەوتەکەی قەڵاچوالان بووە تا ( 15 ) ساڵ پێشی هەر تێیدا بوو ، کە دەریان هێنا ، ئەو دەرگایەی ئێستایان تێ خست ئەو دوو دەروازەیە ئێستاش ماوە ، ئەوەتە لە ماڵی ( سەلمە خانی نەقیب ) دانراوە .

مزگەوتی گەورە بەر لەوەی گردی ( سەیوان ) ببێتە گۆڕستان پاشاکانی بابان کە ئەمردن لەوێ ئەنێژران ، ئەو منارەیەش لە لایەن ( سلطان عبدالحمید خانەوە ) دروست کراوە لە ساڵی ( 1308 )ی کۆچی دا ( 1890 ) زاینی .

 

  * نووسەر غفور رشید داراغا ، ساڵی ( 1923 ) لە شاری سلێمانی لەدایک بووە ، لە ساڵی ( 1976 ) کۆچی دوایی کردوە .

* سەرنجێک لە نووسینە مێژوویی یەکەی عەبدوڵا ئەژدەر ، لە نووسینی :- غفور رشید داراغا گۆڤاری شەفەق ژمارە ( 3 ) ساڵی چوارەم 15/ ئاب / 1961 بڵاو بۆتەوە .    

* گۆڤاری ( شەفەق ) گۆڤارێکی نیومانگی خوێندەواری گشتییە جارێ مانگی جارێک لە شاری کەرکوک دەرئەچێ ، خاوەن ئیمتیاز و سەرەک نووسینی ( عبدالقادر برزنجی ) دەستەی نووسەران ، ( حمید عثمان و محمد نوری تۆفیق  ) لە چاپخانەی ژین لە سلێمانی لە چاپی داوە ، گۆڤاری شەفەق لە هەموو کوردستانا ( کتێبخانەی خەبات ) لە سلێمانی بڵاوی ئەکاتەوە ، هەر دانەیەک بە ( 80 ) فلسە.

* دووبارە لە چاپدانی شەفەق یەکەم گۆڤاری کوردیی کەرکوک ، بەرگی یەکەم ئامادەکردنی  ، سدیق ساڵح ، ڕەفیق ساڵح ، عبدوڵڵا زەنگەنە ، ساڵی ( 2011 ) بنکەی ژین ، لاپەڕە 756 بۆ 759 .

* سلێمانی لە نووسینی نووسەر ( عەبدوڵا ئەژدەر ) گۆڤاری ( ڕۆژی نوێ ) گۆڤارێکی ئەدەبی ، سیاسی ، کۆمەڵایەتی یە ، ژمارە ( 5 ) ساڵی دوو ، ئابی ساڵی ( 1961 ) لاپەڕە ( 77 بۆ 80 ) بڵاو کراوەتەوە .

چاپخانەی کامەرانی – سلێمانی دانەی بە ( 140 ) فلسە .

* دووبارە لە چاپدانی کۆڤاری ( ڕۆژی نوێ ) ساڵی دووەم ژمارە ( 1 بۆ 6 ) مارت بۆ ئەیلوولی ساڵی ( 1961 ) ئامادەکردنی  بەرێزان ، سدیق ساڵح وە ڕەفیق ساڵح ، بنکەی ( ژین ) سلێمانی ساڵی ( 2011 )

     

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×