شەرمەزاری دەسەڵاتی کولتوری لەنێوان ئەخلاق‌و نائەخلاقدا..
  2023-07-14       1416       
گارا رەسوڵ

زامۆئا داراغا

 

لە دوای مەرگی هونەرمەند (گارا رەسوڵ) لە زۆربەی دەزگا حکومی و ناحکومیە هونەریەکانەوە بەیاننامەی ماتەمینی و سەرخۆشی و پێشانگەی ڕێزلینان و یاد و چلە بۆ هونەرمەند گارا کرایەوە کە ئەمە مایەی خۆشحاڵی هەموومان بوو بە تایبەتی ئێمەی شێوەکاران .

کە تا ئێستا بەم شێوەیە ڕێز و ستایشی هونەرمەندێکی شێوەکار نەکراوە لەم هەرێمەدا کە لە یەک کاتدا لە شارەکانی سلێمانی و هەولێر یاد و بۆنەی ماتەمینی بۆ سازبکرێت ، بە هەمان شێوە لە شاری کەرکوکیش هەمان ڕێو ڕەسمی بۆ ئەنجام بدرێت .

بەڵام ئەوەی جێی سەرنج و تێبینی منە لەم چیرۆکەدا هەڵوێستی وەزارەتی ڕۆشنبیرییە کە وەک دەسەڵاتی کولتوری خۆی نمایش ئەکات بە دەرکردنی بەیاننامەی باق و بریق لە کاتی کۆچی هونەرمەند گارا دا وەک ئەوان دەڵێن (هونەرمەندێکی دەست ڕەنگین کە شارەزایی لەمێژووی کورد و گەلاندا هەبووە، بەرهەمەکانی قوڵایی مەعریفی یەکەی ڕەنگیدا بووە ، خاوەنی بڕوانامە ی هونەری و نووسەرێکی رەخنە گری کارامە بووە).

بەهەمان شێوە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری سلێمانی بەیاننامەی لە هەمان شێوە دەرکرد کە پڕ بوو لەستایش و ووشەی بریقەدار و بێ بنەما .

لە یادی چلەی هونەرمەند گارادا پێشانگای (رێزلێنانی) بۆ ئەنجام ئەدەن بە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری سلێمانی وە لەلایەن (یاریدەدەری بەرێوەبەری ڕۆشنبیرییەوە) پێشانگاکە ئەکرێتەوە .

تا ئێرە هیچ کێشەیەک نییە !!  

 

لە رێکەوتی ( 12/12/2021 ) گروپی ( کۆنسێپت ئاڕت ) بە نووسراوی فەرمی داوا لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانی ئەکات بە سپۆنسەر کردنی چالاکیەکی هونەری بە ناوی (پێکەوە بەتەنها) بە هاوبەشی (11) هونەرمەند کە لەنێو ئەو هونەرمەندانەدا هونەرمەند (گارا رەسوڵ) ناوی هاتبوو وەک بەشداربوویەکی پێشانگاک و وەک ئەندامی گروپی (کۆنسێپت ئاڕت)  .

لە داوی بێنەو بەرەیەکی زۆری نێوان بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری سلێمانی و نووسینگەی وەزیری ڕۆشنبیری لە سلێمانی و وەزارەتی ڕۆشنبیری لە هەولێر کە زیاد لە (دە مانگی) پێچوو بەهەر سێ لایەنەکە واتە نووسینگەی وەزیر لە سلیمانی و وەزارەت لە هەولێر وە بەرێوبەرایەتی گشتی لە سلێمانی سپۆنسەرەکەیان ڕەت کردەوە، بەبێ دەست نیشان کردنی هیچ هۆکارێک بۆ ئەو داواکاریە تەنانەت وەڵامی نووسراوەکەشیان نەدایەوە.

ئێمە وەک گروپی ( گۆنسێپت ئاڕت ) لە دەرەوەی ئەم دامودەزگا حکومیانە هەوڵماندا سپۆنسەر پەیدا بکەین، خۆشبەختانە پێشانگاکە لە ڕێکەوتی ( 01/10/2022 ) کرایەوە .

لەو ساتەدابوو کە هونەرمەند گارا تووشی نەخۆشی (شێرپەنجە) بووبوو وە تەندروستی بەرەو خراپی ئەڕۆیی .

 لێرەوە ئەو ڕاستیەمان بۆ دەردەکەوێت کە ئەم دامودەزگا حکومی هونەریانە چەند بێ ئاگا و نەزانانە کولتور بەڕێوە دەبەن، لە هەمانکاتدا چەند بێ شەرمن لە ئاست هونەرمەند گارا دا لە دوای مردنەکەی فرمێسکی تیمساحی بۆ ئەرژن . ئەم یاری کردنە لە نێو (ئەخلاق و نائەخلاقدا) کایەی کولتوری ئەم هەرێمەی خستۆتە دۆخێکی زۆر خراپ و دژوارەوە  کە بە باوەڕی من گەورەترین زیانی گەیاندوە بە کولتور و فەرهەنگی ڕۆشنبیری ئێمە  کە وایکردوە دەسەڵاتی کولتوری ئەم هەڕێمە توشی نەخۆشی دەبڵ مۆڕاڵی بێت و توانای جیاکردنەوەی چالاکی هونەری و نا هونەری نەمێنێت ،

هەموومان ئەزانین وەزارەتی ڕۆشنبیری وەزارەتێکی خزمەتگوزارییە پێویستە لە ڕێگەی کار و ئەجندەکانیەوە  کارئاسانی و هاوکاری هەموو هونەرمەندێک و چالاکیەکی هونەریە بکات لە سەر بنەمای ئەوە کە ئەم وەزارەتە بەبێ هونەرمەندان و ڕۆشنبیران هیچ بەهایەکی نامێنهت و ئەرکە گەورەکە لە دەست ئەدات و لەدەستیشی داوە .

لە بەر ئەم هۆکارانە بۆ من گرنگە ئەم ڕاستیانە تۆمار بکەم کە وەزارەتی ڕۆشنبیری و بە تایبەتی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانی گەیشتۆتە چ ئاستێکی شەرمەزارانە لە بەڕێوەبردن و مامەڵە کردنی لە کایەی هونەری ئەم هەرێمە ، هەتا هونەرمەندەکە لە ژیاندایە و ئەکتیڤە و کاری هونەری ئەنجام ئەدات ئێوە وەک دەسەڵاتی کولتوری ئەبنە ڕێگر و بەربەست لە بەردەم ئەم هونەرمەندانە کە دڵنیام نەک هونەرمەند گارا بەڵکو دەیانی وەک هونەرمەند گار ئاوا مامەڵەی لەگەڵ کراوە نەیان هێشتوە کارە هونەریەکانی ئەنجام بدات و ڕووناکی ببینێت هەر لە سەرەتاوە دژایەتی کاری جددی ئەکەن .

بەڵام دوای مردنی هونەرمەندەکە دێن شیعر و شانامە و ناسنامەی هونەرمەندی کوردی پێ دەبەخشن و پێشانانگەی ڕێزلێنانی بۆ ڕێکدەخەن . ئەوەی تڕاژیدیە و ئەبێت لێرەدا بووترێت هەمیشە هونەرمەندە سەربەخۆکان ئەو هونەرمەندانەی کە خاوەن هەڵوێست و بیرو باوەڕی تایبەت بە خۆیان هەبووە وە هەمیشە دژی ئەو جۆرەن لە دەسەڵاتی کولتوری ستەمکار و گەندەڵەن ، لە ژیانیاندا تەنها بوون وە هەمیشە دژایەتی و فرامۆش کراوە لەلایەن دەسەڵاتی کولتوریەوە ، بەلام بە مردنی هونەرمەندەکە سەدان دۆست و خاوەنی بۆ پەیدا ئەبیت . هەموویان ( گوایە ) ئەیانەوێت کارە هونەریەکانی بۆ بپارێزن بە بێ ئەوەی هیچ دامو دەزگایەکی کار کۆکەرەوە و پارێزگاریکەری هونەری بوونی هەبێت و پێشانگای بۆ ڕکبخەن ، نووسینەکانی بۆ چاپ بکەن بەلام پێش مردنی بە چەند مانگێک ئامادە نەبوون  سپۆنسەری پێشانگاکە بکەن .

گارا خۆی تا لەژیاندا بوو بە هەموو جۆرێک ئەو شێوازە لە بەڕێوەبردنی کولتوری ڕەت ئەکردەوە کە ئەم دەسەڵاتە پەیڕەوی ئەکات بە توندی دژی ئەو جۆرە لە ئەخلاقانە دەوەستایەوە ، کە پێشانگا و وێنە کورت دەکاتەوە لە (بۆنەدا) و  جەختی لەسەر ئەوە دەکردەوە کە دەسەڵاتی کولتوری چەند ناهونەریانە مامەڵە لەگەڵ هونەردا ئەکات.

 

تێبینی :- ئەو بەڵگە نامانە کە بڵاو کراونەتەوە لەگەل ئەم نووسینەدا کۆپیەکی لە بەرێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانیە و بەهەمان شێوە کۆپیەکی لە وەزارەتی ڕۆشنبیری و دیوانی وەزارەتی رۆشنبیری بوونی هەیە ئەمە تەنها مشتێکە لەو خەرمانە قێزەوەندە کە ئەم دەسەڵاتە کولتوریە بەرێوەی ئەبات . هەروەها ئەو فۆتۆیانەی تر هەمووی لە پەیچی فەرمی وەزارەت و بەرێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانیەوە وەرگیراوە .

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×