لێهاتوویی نوسەرێک لەفیلمی (باوكە رۆحییەكە)دا
  2023-09-15       1016       

هێژا دڵشاد

 

ماریۆ پۆزۆ، نووسەری رۆمانی باوكە رۆحییەكە، واتا؛ نوسەری ئەو رۆمانەی كە وەك دەنگی بۆمبێكی لە ئەمریكا و زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا دەنگیدایەوە.

 

لەپاش ساڵێك لە بڵاوكردنەوەی رۆمانەكە، لەبەرئەوەی نووسەر دەستی بۆ بابەتێكی زۆر هەستیار و تایبەت راكێشابوو، بەجۆرێك پێشتر هیچ نووسەرێك كاری لەسەر نەكردبوو، ئەویش دەربارەی باسكردنی دیوە شاراوەكەی ژیان و خانەوادە گەورە مافیاكان و دەسەڵاتدارەكانی شاری نیۆركی ئەمریكا بوو، رووداوو و كارەكتەرەكانی ناو رۆمانەكە هێندە سەرنجڕاكێش بوو، بەو هۆیەوە فۆكەسی كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی فیلمی راكێشا، تاكوو رۆمانەكە بكرێتە فیلمێكی سینەمایی، بەڵام ئەم كارە بەهیچ شێوەیەك ئاسان نەبوو وەك ئەوەی فیلمێكی ئاسایی بەرهەمبهێنن، چونكە پێش هەر هەنگاوێك بۆ دروستكردنی فیلمەكە، پێویست بوو لەگەڵ گەورەمافیاكان قسەبكرێت و رەزامەندی ئەوان بۆ بەرهەمهێنانی فیلمێكی مافیایی وەربگیرێت.

لە كتێبی "باوكە رۆحییەكە، تراژیدایەكی سروشتبەخش" لە نوسینی نوسەری عەرەب جەلال نەعیم، وەرگێڕانی شادمان محەمەد، زۆر بەوردیی و هەنگاو بە هەنگاوی قۆناغەكانی بەرهەمهێنانی فیلمی باوكە رۆحییەكە باسدەكات، دەتوانم بڵێم «تەواوی نهێنییەكانی پشت فیلمەكەی بۆ ئێمەی خوێنەر و بینەری فیلمەكە ئاشكراكردووە.

ئەم فیلمە لە تایپی درامی- تاوانكاریییە، چیرۆكەكە باس لە خێزانێكی باڵادەستی مافیا دەكات، ئەم خێزانە بە رەچەڵەك (ئیتاڵی - ئەمریكین)، لە شاری نیۆرك دەژین كە دەسەڵاتی فراوانخوازی بەسەر زۆرێك لە خێزانە ئیتاڵییەكانی نیۆرك و بەرپرسانی شارەكەوە هەیە.

كاتێك بیرۆكەی فیلمێكی سینەمایی لەسەر رۆمانەكە دێتەئاراوە، لە سەرەتا مافیاكانی نیۆرك رێگریی زۆر لە بەرهەمهێنانی ئەم فیلمە دەكەن، تەنانەت بە ئەندازەی ئەوەی نامەی هەڕەشە بۆ گروپ و دەستە و ستافی بەرهەمهێنەرانی فیلمەكە دەنوسن و كار دەگاتە فڕاندنی (سینەمۆبیل - ماشێنی كۆكەرەوەی كەلوپەلی سینەماییەكان)، وە لەوەش نامۆتر پۆلیس ئاگاداری هەموو ئەو جموجۆڵانەی مافیا بوو، بەڵام هیچ رێگرییەكیان پێندەكرا، چونكە دەسەڵاتیان بەسەر هەژمونی مافیاكانی نیۆرك نەبوو!

نووسەری رۆمانەكە - ماریۆ پۆزۆ، بە رەچەڵەك ئەمریكییەكی ئیتاڵییە، بۆیە زۆر ژیرانە لە رۆمانەكەیدا هەڵبژاردەی باشی لەگەڵ كارەكتەر و رووداوەكانی ناو رۆمانەكەدا كرد، هەربۆیە كاتێك باسەكە دێتە سەر ئەوەی رۆمانەكەی بكرێتە فیلم، نووسەر زۆر پێداگری لەوەدەكات لۆكەیشنی فیلمەكە لە نیۆرك وێنەگرتنی بۆ بكرێت، نەوەك شوێنێكیتر یاخود لە ستۆدیۆكانی هۆڵیوود.

لەم كتێبەدا، ئاماژە بەوە كراوە رۆمانەكە بە بڕی (410) هەزار دۆلاری ئەمریكی لەلایەن نووسەرەكەوە بە خانەی وەشاندنەكە فرۆشراوە! ئەم برەش لەو سەردەمەدا زۆربووە بەوەش ژمارەی پێوانەیی فرۆشەكانی رابردووی شكاندووە كە لەوەوپێش هیچ رۆمانێك هەرگیز بەو بڕە پارەیە داهات و فرۆشی نەبووە.

لەم كتێبەدا، بەدەر لە بابەتی فیلمی باوكە رۆحییەكە، پانتایی دنیابینی نووسەرێكمان بۆ نیشاندەدات، كە سەرەڕای نەهامەتی و قورسی بژێوی ژیانی، بەڵام توانایەكی رادەبەدەر لە نوسیندا هەبووە، بەجۆرێك توانی لە ژیانێكی كولەمەرگی و قەرزارییەوە بازێكی گەورە بۆ ناو ژیانێكی لوكس و شاهانە بدات بە ئەندازەی ئەوەی چیتر ئەو لە ژووری ماڵە بچوك و كۆنەیدا ژیان بەسەرنابات و بە نوسین و رەشكردنەوەی لاپەڕەوە سەرقاڵ نەبێتەوە، بەوەش لە هۆتێلە گرانبەهاكانی كالیفۆڕنیا و لاسڤێگاس و پاریس پاداشتی ماندوبونی خۆی دەداتەوە، كە سەرچاوەی داهاتەكەی فرۆش باشی پەرتووكەكەی بووە.

رۆمانی باوكە رۆحییەكە، لە ساڵی 1969 دا، بڵاوكراوەتەوە، گێڕانەوەی رووداوەكانی ساڵانی چلەكانی نیۆركە، لە ماوەی 67 هەفتەدا پڕفرۆشترین كتێب بووە، فرۆشی رۆژ بەرۆژ زیاددەكات و بەردەوام دەبێتە مانشێتی بەرگی گۆڤاری نیۆرك تایمز تاوەكو ساڵی 1972، بە نزیكەی یەك ملیۆن دۆلار دەچێتە سەر حساب بانكی نووسەرەكەیەوە! رۆمانەكە، دواتر بۆ زیاتر لە 20 زمانیتر زیندووی جیهانی وەردەگێڕدرێت بە تایبەت لە وڵاتانی وەك فەڕەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا فرۆشی دەبێتە ژمارە یەك.

قۆناغی بەرهەمهێنانی فیلمی باوكە رۆحییەكە لەپاش كۆسپەكانی دەسەڵاتی مافیا، توانرا بەرهەمبهێنرێت و لە 14ی ئازاری 1972، بۆ یەكەمجار لە سینەما نمایشكرا. وە بەهەمانشێوەی رۆمانەكە، فیلمەكەشی دەنگدانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا. دواجار سەرەڕای ئاستەنگییەكان و هەڕەشە جدییەكانی مافیا، فیلمێك لەسەر مافیا بەرهەمهات.

بەشی یەكەمی فیلمەكە بۆ حەوت خەڵاتی ئۆسكار پاڵێورا و توانی پێنج خەڵاتی ئۆسكار بباتەوە. ئەمەش سەركەوتنێكی مێژوویی هۆڵیوود بوو بۆ نووسەر و دەرهێنەری فیلمەكە هەروەها ماریۆ پۆزۆ وەك نووسەری فیلمەكە و خاوەن بەرهەمی رۆمانەكە خەڵاتی ئۆسكاری پێبەخشرا، ئەمەش جارێكیتر گرنگی نووسەری فیلمی دەرخست.

ئاڵ رۆدی، بەرهەمهێنەری فیلمەكە، هەر لە سەرەتاوە زۆر ژیرانە مامەڵە لەگەڵ ئەو رۆمانەدا دەكات تاوەكو بیكاتە فیلمێك و شاكارێكی سینەمایی، هەربۆیە بڕیاری ئەوە دەدات لەگەڵ پۆزۆی نووسەری رۆمانەكەدا دابنیشێت و سەرلەنوێ‌ سیناریۆی فیلمەكە بە پشتبەستن بە دەق و كارەكتەر و رووداوەكانی ناو رۆمانەكە بنوسنەوە.

بۆ زانین، لەم فیلمەدا رۆماننووسەكە، بەشداریی لە داڕشتنەوە و نوسینەوەی سیناریۆی فیلمێك دەكات، كە سەرچاوەی لە لاپەرەكانی رۆمانەكەیەوە وەرگیراوە.

لە مەراسیمی خەڵاتی ئۆسکاری ساڵی ١٩٧٥، ماریۆی نووسەری رۆمانەکە، وەک باشترین سکرین پلەی فیلمەکە، خەڵاتی ئۆسکاری پێدەبەخشرێت. توانای نووسەرێک و رۆماننوسێک لەسەر ستێجی ئۆسکار سەرکەوتنێکی گەورەیە.

لەپێش قۆناغی كاركردن بۆ فیلمەكە، ئاڵ رۆدی بەرهەمهێنەری فیلمەكە، چەند دیدارێك لەگەڵ جۆزێف كۆڵۆمبۆ-ی سەرۆك مافیا ئەنجامدەدات، كە یەكێكە لە ئەندامی سەرەكییەكانی پێنج خێزانە گەورە مافیاكانی نیۆرك، دواجار لەپاش ئەوەی بەشێك لە دەقی سیناریۆكە بە جۆزێف دەدات تاوەكو بیخوێنێتەوە، بۆ ئەوەی ترسی لە بەناشرینكردنی مافیا و هەموو ئەو بۆچونانەی لەسەر بەرهەمهێنانی فیلمێك لەسەر مافیا هەیەتی بڕەوێنێتەوە، دواجار جۆرە رێككەوتنێك لەنێوان بەرهەمهێنەر و مافیا دێتەئاراوە. لێرەوە بەدواوە مافیا ترسێك نییە لەسەر ژیانی ئەوان كە ئیتر دەتوانن كار لەسەر فیلمەكە بكەن.

وەك بینەری فیلم ئەوەندەی سەرنجم دابێت فیلمە هەرە باش و ناودارەكان لە رۆمانی نووسەرێكەوە وەرگیراون و كراونەتە فیلم، لەم سۆنگەیەوە نووسەری فیلم و نووسەران بەگشتی، رۆڵێكی گرنگ دەبینن و كایەیەكی دیاری سینەما و پیشەسازی فیلمن.

ماریۆ پۆزۆ، (1920-1999) بەرەچەڵەك ئیتاڵی، باش لە هەڵسوكەوت و سروشتی مافیا ئیتاڵییەكانی نیۆرك تێگەیشتبوو. هەر ئەوەش وایكرد بتوانێت رۆمانێكی جوان و بەهێز بنوسێت و لەگەڵیدا زانی چۆن رۆڵ بدات بە كارەكتەرەكانی ناو رۆمانەكەی.

پۆزۆ، وتەیەكی هەیە كە تەواو دەلالەت لە سەر كرۆكی رۆمانەكەی دەكات و دەڵێت "قورسی ژیان وای لە هەموان كردووە بەدەر لە باوكە بایەلۆژییەكەمان، پێویستمان بە باوكێكی رۆحی بێت".

لەم كتێبەدا نهێنی قۆناغی نوسینەوەی رۆمانێكی بەناوبانگ، چۆنێتی بوون بە شاكارێكی ئەدەبی و دواتریش سینەمایی ئاشكرادەكات.

فیلمەكە ریتینگی 9.2 ی پێدراوە. پلەی دووەمی لە ریزبەندی 100 فیلمی مێژوویی سینەمایی تۆماركردووە.

پێشنیار دەكەم هەر كەسێك لە ئەهلی نوسین، یان هونەر و سینەمایە، ئەم كتێبە بخوێنێتەوە.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×