بەڕێوبەرێتی کەمپی مەخمور: نامانەوێت سەنگەرەکانی نزیکمان ڕادەستی پێشمەرگەی پارتی بکرێن
  2023-10-26       1689       

ئا: ئاوێنە

 

دەستەی بەڕێوەبەریی کەمپی مەخمور بە بیانوی نزیکایەتی پارتی لە تورکیا، داوا دەکەن خاڵە سەربازییەکانی نزیک لە کەمپەکەیان ڕادەستی سوپای عێراق بکرێن نەک هێزی پێشمەرگە. بەرپرسێكی پارتیش ئەو تۆمەتە رەتدەكاتەوەو پەکەکە تاوانبار دەکات بە ڕادەستکردنی سێ خاڵی سەربازی گرنگ و ستراتیژی بە حەشدی شەعبی لە چیای قەرەچوخ.

 

 فلز بوداک، ئەندامی دەستەی بەڕێوبەریی کەمپی مەخمور، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئێمە حەز ناکەین سەنگەرەکانی نزیک لە کەمپەکەمان ڕادەستی پێشمەرگەی پارتی بکرێن، چونکە ئەوان نزیکن لە دەوڵەتی تورکەوە و مەترسی گەورەمان لەسەر دروست دەبێت."

ڕۆژی 22ی ئەم مانگە، لەسەر کۆنترۆڵکردنی سێ خاڵی سەربازی لە دیوی ڕۆژهەڵاتی کەمپی مەخمور لەسەر چیای قەرەچوخ و دوای کشانەوەی هێزەکانی پەکەکە لەو خاڵانە، شەڕ لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگەو سوپای عێراق ڕویداو لە ئەنجامدا 3 پێشمەرگە و دو سەربازی عێراقی کوژران.

ئەو سێ خاڵە سەربازییەی ناکۆکییان لەسەر دروستبو، لە ساڵی 2014ەوە هێزەکانی پەکەکەیان تێدابوە بە پاساوی پاراستنی کەمپی مەخمور لە هێرشی داعش. بەڵام ڕۆژی 19ی مانگی دە پەکەکە بە نهێنی هێزەکانی لەو خاڵە سەربازیانە کێشایەوە بەرەو ناوچەکانی قەندیل، هۆکاری کشانەوەکەشیان بۆ بنەمای فکری خۆیان گێڕایەوە.

دوای کشانەوەی هێزەکانی پەکەکە، شەڕ لە نێوان پێشمەرگەو سوپای عێراق دا دروستبو، کاتێک سوپای عێراق هەوڵیدا ئەو خاڵە سەربازییانە بە هێزی خۆی پڕ بکاتەوە، پێشمەرگەش بە بیانوی ئەوەی خاڵە سەربازییەکان نزیکن لە سەنگەرەکانییەوە دژی هەوڵەکانی سوپا وەستایەوە.

سەعید مەم وزینی، بەرپرسی ڕاگەیاندنی لقی نەینەوای پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕەتیکردەوە حزبەکەی دەستی لەگەڵ تورکیادا لە دژی دانیشتوانی کەمپی مەخمور تێکەڵ کردبێت. جەختی لەوە کردەوە "پارتی دەستی بێگانە ڕاناکێشێت بۆ دژایەتی هاوڵاتی کورد."

سەعید مەم وزینی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ناکۆکی نێوانمان لەگەڵ پەکەکە وایکرد، پەکەکە سەنگەرەکان ڕادەستی حەشدی شەعبی بکات و ڕادەستی پێشمەرگەیان نەکات، لە کاتێکدا ئەو سەنگەرانە باڵادەستن بەسەر ناوچەکەدا لەڕوی سەربازییەوە، بۆیە پێشمەرگە ناچار بو هەوڵی کۆنترۆڵکردنیان بدات."

هەروەها وتیشی، "پەکەکە موراعاتی بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان ناکات و گرفت بۆ هەرێم دروست دەکات."

دوای ڕودانی گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە، حکومەتی عێراق و هەرێم لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەیان پێکهێناوە بۆ چارەسەرکردنی سەرچاوەی ئاڵۆزییەکە، یەکێک لە پێشنیارەکان جێگیرنەبونی هیچکام لەو دو هێزەیە لەو خاڵانەی بارگرژی لەسەریان ڕویدا.

سەعید مەم و زینی، وتی، "دانوستانی نێوان هەرێم و بەغدا بەردەوامە. بێگومان دەبێت ئەنجامی دانوستانەکان لەبەرژەوەندی هەردولادا بێت."

هاوکات فلز بوداک، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی کەمپی مەخمور، وتی، "لەبارەی چۆڵکردنی سەنگەرەکان لە حکومەتی عێراق پرسیارمان کرد، وتیان سەنگەرەکان چۆڵ ناکەین، گەر شتی وا ڕوبدات ئاگادارتان دەکەینەوە. ئێستا لەناو کەمپەکەوە سەنگەرەکانمان لێوە دیارە و سوپای عێراقیان تێدایە."

فەریق عیسا عوزێر، سەرۆک ئەرکانی هێزی پێشمەرگە، ئەمڕۆ پێنجشەمە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "هێشتا دۆخی مەخمور هێور نەبوەتەوە، هەوڵەکانی عێراق و هەرێم بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بەردەوامن."

کەمپی مەخمور کە بە کەمپی ڕۆستەم جودیش ناسراوە، نزیکەی 10 هەزار خێزانی کوردی کوردستانی تورکیای تێدایە، کە مپەکە لە ساڵی 1998 دروستکراوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×