دو مامۆستای زمانی كوردی لە سنە هەریەكەیان بە 10 ساڵ زیندانی سزادران
  2023-10-27       1207       

ئا: ئاوێنە

 

سروە پورمحەمەدی و ئیدریس مینبەری كە دو چالاکوانی مەدەنی و مامۆستای زمانی کوردی و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەرایەتیی ئەنجومەنی فەرهەنگی کۆمەڵایەتیی نۆژینن لە سنە، لەلایەن دەسەڵاتی دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە هەریەكەیان سزای 10 ساڵ زیندانیكردنیان بەسەردا سەپێنرا.

 

رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی، سزای ئیدریس مینبەری و سروە پورمحەمەدی، لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنەوە دەركراوەو بڕیاری دادگاكە دوێنێ پێنجشەممە، بەشێوەی فەرمی بە جوانمێر عەبدوڵاهی و هێمن مەجیدی، پارێزەرانی ئیدریس مینبەری راگەیەندراوە.

ئیدریس مینبەری لە لاپەڕەکەی خۆی نووسیویەتی، ئەو سزایە بە چەند تۆمەتێكی وەک "شوێنکەوتنی لاپەڕەکانی هەنگاو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بەشداری لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ژینا ئەمینی، ڕەواییدان بە بزوتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، ڕێبەری ئەنجومەنی کولتووری نۆژین بەمەبەستی دانانی کارگەی فێرکاری لەبارەی فیدراڵیزم" و ژمارەیەک تۆمەتی دیکە بەسەریدا سەپێندراوە.

ئیدریس مینبەری، پێشتر لەلایەن لقی 106ی دادگای تاوانەکانی ئەو شارە بەتۆمەتی "تێکدانی ئاسایشی گشتی" سزای یەک ساڵ زیندانیكردنی بە ئەژمارکردنی ڕۆژانی پێشوی دەستبەسەربونی و دورخستنەوەی بۆ بەندیخانەی دیزڵئاوای کرماشان و هەروەها، لێدانی 40 قامچی بەسەردا سەپێندرابو.

ئەو ئەندامەی دەستەی بەڕێوەبەریی فەرهەنگی کولتوری کۆمەڵایەتی نۆژین لە سنە، ڕۆژی یەکشەممە 18ی 12ی 2022، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیركراو رۆژی یەکشەممە 29ی 1ی 2023، دوای 43 ڕۆژ لە دەستگیركردنی، بەدانانی بارمتەی یەک ملیار تمەن و بەشێوەی کاتی هەتا کاتی کۆتاییهاتنی پرۆسەی دادگاییکردنی ئازادکرا.

هەروەها سروە پورمحەممەدی، ڕۆژی یەکشەممە 29ی 1ی 2023 دوای ڕۆیشتن بۆ دادگای سنە بۆ بەدواداچونی دۆسیەی ئەندامە دەستبەسەرکراوەکانی نۆژین، لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستگیركراو رۆژی دوشەممە 13ی 2ی 2023 بە دانانی بارمتە ئازادكرا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×