هەدەپە داوا دەكات پارێزگاری لە گیانی ئەندامانیان بكرێت لە هەرێمی کوردستان
  2023-11-06       1338       

ئا: ئاوێنە

 

هەدەپە رایگەیاند، ژیانی لایەنگران و ئەندامانی حزبەكەیان لەلایەن دەزگای هەواڵگری میتی تورکیاوە لە باشوری کوردستان لەژێر مەترسیدایە و چاودێریی دەکرێن، داوا دەکەن حکومەتی هەرێم پارێزگاری لە گیانی پەنابەرانی سیاسیی باکوری کوردستان و ئەندامانیان بکات.

 

 بێریڤان گونەش، پەرلەمانتاری هەدەپە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: لە باشوری کوردستان هەڕەشە و مەترسی لەسەر گیانی لایەنگرانی هەدەپە هەیە، بۆیە ئەرکی حکومەتە پارێزگاری لە گیانی ئەندامان و لایەنگرانمان بكات.

ئەو پەرلەمانتارە وتیشی: هەدەپە کارو چالاکی سیاسی، بە شێوەیەکی دیموکراسی ئەنجام دەدات، بە جۆرێک هەدەپە لە پێناو مافەکانی گەلی کورد لە هەر چوارپاچەی کوردستان تێکۆشان دەکات.

باسی لەوەش کرد: ئەندامان و لایەنگرانی هەدەپە لە باشوری کوردستان لە سەقامگیریدا نین، کوردانی باکوری کوردستان لە ژێر هەڕەشە و مەترسی میتی تورکیادا ئاوارەی باشوری کوردستان بون، هەروەها لە باشوری کوردستان هەڕەشەی میتی تورکیایان لەسەرە.

وتیشی: لە ڕۆژی 29ـی مانگی ڕابردوەوە، لە یادی 100ساڵەی دامەزراندنی کۆماری تورکیادا، چەند کەسێک چاودێریی بارەگای نوێنەرایەتی هەدەپە دەکەن لە شاری هەولێر، هەوڵیانداوە هێرش بکەنە سەر بارەگای هەدەپەو هەوڵی تیرۆکردنی ئەندامان بدرێت، بەڵام پلانەکانیان سەری نەگرت.

بێریڤان گونەش ئاماژەی بەوەش کرد: ئەرکی دەسەڵاتداران و حکومەتی هەرێمی کوردستانە، پارێزگاری لە سەر و گیانی ئەندامان و لایەنگرانی هەدەپە لە باشوری کوردستان بکات، هەروەها حکومەت پیلانگێڕانی پشت ئەم روداوانە بۆ ڕایگشتی ئاشکرا بکات و بە سزای خۆیان بگەیەندرێن.

لە کۆتاییدا باسی لەوەش کرد: داوا لە نەتەوە یەکگرتوەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و لایەنە پەیوەندارەکان دەكەن ڕێگا نەدرێت پەنابەرانی سیاسیی ژیانیان لە ژێر هەڕەشە و مەترسیدا بێت، هەروەها پێویستە حکومەتی هەرێم ڕێگا نەدات باشوری کوردستان ببێتە جێگای تیرۆرکردن و کوشتنی کوردان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×