جەبار یاوەر: هەندێك لە دەزگا ئەمنی و سەربازییەكانی هەرێم لە لایەنی سیاسییەوە ئاڕاستە دەكرێن
  2023-11-10       1306       

ئا: ئاوێنە

 

دوای ئەوەی دژە تیرۆری كوردستان(پارتی)، جارێکی تر زانیاری هەڵەی بڵاوکردەوە لەسەر هێرشێکی درۆنی بۆ سەر هەرێم، جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی پێشوی وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت: لە هەرێمی کوردستان هەندێک لە دامودەزگا هەواڵگری، ئەمنی و سەربازییەکان لە لایەنی سیاسییەوە ئاڕاستە دەکرێن.

 

جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی پێشوی وەزارەتی پێشمەرگە، لە لێدوانێكدا بۆ دەنگی ئەمریكا هۆشداری داوە لەبارەی بڵاوکردنەوەی زانیاری ناڕاست لەلایەن دەزگا ئەمنییەكانەوە و وتویەتی، ئەوە "دەبێتە زەرەرێک بۆ ئاسایشی نیشتمانی و نەتەوەیی و لە ڕوانگەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشەوە دەبێتە هۆی بڕینی هاوکارییە لۆجستی و سەربازی و داراییەکان و هەرێم دەخاتە بەردەم مەترسی جدی."

ڕۆژی دوشەممە، 6-11-2023، لە ئەنجامی هێرشێکی درۆنیدا لە گوندی بۆسکێنی سەربە شارۆچکەی ڕانیە، چوار کەس برینداربون. نزیكەی کاتژمێرێک دوای ڕوداوەکە، دژەتیرۆری کوردستان لە بڵاوکراوەیەکدا ڕایگەیاند "فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا گروپێکی چەکدارانی پەکەکە دەکاتە ئامانج و بەهۆیەوە دو چەکدار کوژران و دوانی دیکەش بریندار بون."

بەڵام بەدواداچونەکانی دەنگی ئەمەریکا دوای ڕوداوەکە زانیارییەکانی دژەتیرۆری پشتڕاست نەکردەوە.

بە گوێرەی لێدوانی کەسی نزیکی قوربانیەکان و پزیشکی چارەسەر، هیچ کەس لە ڕوداوەکەدا گیانی لەدەستنەداوە و تەنها دوان لە قوربانییەکان ئەندامی پەکەکەن و ئێستا تەندروستییان جێگیرە و لە سلێمانی چارەسەر وەردەگرن.

جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی پێشوی وەزارەتی پێشمەرگە ڕاستەوخۆ لەسەر ئەو کەیسە نەدوا، بەڵام ڕەخنەی توندی لە دامودەزگا سەربازی و هەواڵگرییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان گرت بەوەی بەهۆی زاڵبونی هەژمون و ئەجێندای سیاسەتی حزبی لاوازبون.

جەبار یاوەر بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"درۆکردن لە بڵاوکردنەوەی هەواڵی گرنگ و هەستیار کە پەیوەندیدارە بە هێزەکان یان ڕێکخراوەکان بەشیوازێکی ناڕێک یان درۆ بڵاو بکرێتەوە، بێگومان دەبێتە زەرەرێک بۆ ئاسایشی نیشتمانی و نەتەوەیی و گشتی بۆ وڵاتەکە، دەبێتە هۆکارێک بۆ نەمانی متمانە لە نیوان هاوڵاتیان بە گشتی و راستگۆیی ئەو دامودەزگایانەی سەربازی و ئەمنی و هەواڵگرین."

جەبار یاوەر وتیشی "ئێستا لە واقعدا دەبینین گلەیی و گازندەیەکی زۆر هەیە لەلایەن وڵاتانی هاوپەیمانان بە تایبەتی ئەو وڵاتانەی بە هەمو توانای خۆیان هاوکاری هەرێم بون لە ڕوی دیپلۆماسی و سیاسی و پشتیوانی هێزەکانی هەرێم بون بە هەمو دامودەزگاکان بە هێزە سیاسی و ئەمنی و هەوالگرییەكان."

وتیشی"لە سەروی هەمویانەوە ئەمەریکا لەم دو سێ ساڵەی دوایی گلەیی و گازندەی زۆر دەکەن هەم دەربارەی شێوازی بەکارهێنانی ئەو ‌هێزانە هەم شێوازی کارکردنی ئەو هێزانە هەم مامەڵەکردنی ئەو هێزانە لە کاری ڕۆژانەیاندا لەگەڵ روداوەکاندا، لەگەڵ شێوازی بڵاوکردنەوەی هەواڵەکان هەم شێوازی مامەڵەیان لەگەڵ یەکتریدا."

دوای ڕوداوەکەی ڕانیە، بەشێک لە میدیا جیهانیەکانیش هەواڵەکەیان لە زاری دژە تیرۆرەوە بڵاوکردەوە، کە گوایە هێرشەکە چوار چەکداری پەکەکەی کردۆتە ئامانج و بەهۆیەوە دوانیان کوژراون. بەڵام دەنگی ئەمەریکا لەڕاپۆرتێکدا ئاماژەیداوە کە هیچ کەس لە ڕوداوەکەدا گیانی لەدەست نەداوە و دو لە بریندارەکانیش مەدەنین.

ئەوە یەکەم جار نییە لە دەزگای دژەتیرۆری کوردستان هەواڵی ناڕاست بڵاودەکرێتەوە.

دەنگی ئەمەریکا لە ڕاپۆرتێکی مانگی هەشتدا ئاماژەی بەوە دا کە دەزگای دژەتیرۆر لەسەر هێرشێکی درۆنی تورکیا بۆ سەر پێنجوێن لە بەرواوی 11-8-2023 زانیاری هەڵەی بڵاوکردۆتەوە.

دەزگاکە لەڕاگەیەندراوێکدا وتویەتی هێرشەکەی تورکیا بۆ سەر پێنجوێن "ئۆتۆمبێلێکی چەکدارانی پەکەکەی کردە ئامانج، بەهۆیەوە بەرپرسێکی باڵای پەکەکە و چەکدارێکی دیکە و شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە کوژران."

بەڵام لە ڕاپۆرتێکی دەنگی ئەمەریکا ئەوە ڕونکراوەتەوە کە سێ قوربانییەکان هاوڵاتی عەرەبی خەڵکی موسڵ بون، لە نێوانیاندا مامۆستایەک بو بە ناوی زیاد مستەفا کە سەردانی پێنجوێنی کردبو بە مەبەستی بەخێرهێنانەوەی کچە 18 ساڵەکەی بە ناوی ڕەیام کە بە مەبەستی خوێندن لە وڵاتی ئێران بو. هەردوکیان لە هێرشەکە گیانیان لەدەستداوە.

لە کاتێکدا هۆکاری بڵاوکردنەوەی ئەو زانیارییە هەڵانە ڕون نییە، بەڵام بەڕای جەبار یاوەر بەشێک لە دەزگاکان لەژێر هەژموی حزبدان و بەوشێوەیەی کە بەرژەوەندی لایەنی سیاسی دیاریکراو بپارێزێت هەواڵەکان بڵاو دەکرێنەوە.

جەبار یاوەر ڕایگەیاند، "ئەو نمونانە، نمونەی شێوازی ئەو دامودەزگا ئەمنی و سەربازی و ئەمنیانەیە چونکە لەلایەنی سیاسییەوە ئاڕاستە دەکرێن، چونکە ئەو دامو دەزگا ئەمنیانە نین کە لە وڵاتە پێشکەوتوەکان بۆ بەرژەوەندی باڵای وڵات کاردەکەن..بەڵام لە هەرێم لەلایەنی سیاسییەوە ئاڕاستە دەکرێن یان سەرپەرشتی دەکرێن."

وتیشی،"دەبێت لە هەرێم پێداچونەوەی گشتی بکەین لە بارەی هەمو هێزەکانی هەرێمی کوردستان. هەمو دامو دەزگاکانی هەواڵگری لە هەرێم ئەگەر بەشیوەی مۆدێرن بۆ خزمەتکردنی دەوڵەتداری لە هەرێم و ئاسایشی نشتیمانی و نەتەوەیی ڕیک نەخرێنەوە، بۆ خزمەتی ئاسایشی وڵات کار نەکەن، تەنها بۆ بەرژەوەندی لایەنێکی سیاسی دیاری کراو کار بکەن، لە ئایندەدا دەبێتە زەرەرێکی گەورە لە سەر هەرێمی کوردستان."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×