سەرۆک وەزیرانی پێشوی ئیسرائیل: ئیتر وەشاندنی گورزی سەربازیی دژ بەتاران هیچ سودێکی نییە
  2023-11-12       859       


ئیهود باراک سەرۆک وەزیرانی پێشوی ئیسرائیل ڕایگەیاند، زانیارییان هەیە کە ئێران گەیشتۆتە بەربەستی ئەتۆمی، هەروەک جەختیشیکردۆتەوە، ئیتر وەشاندنی گورزی سەربازیی دژ بەتاران هیچ سودێکی نییە، هەربۆیە دەبێت ئیسرائیل بیرۆکەی بونی ئێرانێکی ئەتۆمیی لەناوچەکەدا قبوڵبکات.

سەرۆک وەزیرانی پێشوی ئیسرائیل چەند ڕۆژێک لەمەوبەر ئەو لێدوانەیداوەو ڕایگەیاندوە، ناتوانین هیچ دەستێوەردانێکی نەشتەرگەرییانە جێبەجێبکەین بۆ ئەوەی تاران نەتوانێت ببێتە هێزێکی ئەتۆمی، ئیتر ئێستا ئێران بۆتە دەوڵەتێکی ئەتۆمیی‌و ئەوەش لەلایەن ئیسرائیلەوە بەهەڕەشە گەورەکە هەژماردەکرێت.

ئاماژەی بەوەشکردوە، هیچ کەسێک ناتوانێت لەوبارەیەوە قسە بکات، لەبەرئەوەی ئەگەر ئێران ئەوە بڵێت ئەوە واشنتۆن سزای زیاتری بەسەردادەسەپێنێت، ئەگەر ئەمریکاش خۆی ئەوە بکات ئەوە جەماوەر دەپرسێت ئەوە چۆن ڕویداو لەوبارەیەوە چی هەنگاوێک دەگرنەبەر؟.

باراک ئەوەشی وتوە، پێموانییە ئێران هەڕەشەی وەشاندنی ئەتۆم لەئیسرائیل یان ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا بکات، هەروەک چۆن هەرگیز کۆریای باکور هەڕەشەیەکی لەو جۆرەی لەکۆریای باشور یان یابان‌و گوامی ئەمریکا نەکردوە. 

لەکۆتاییدا دەڵێت، "ئەوان گەمژەنین‌و هەرگیز ئەوکارە ناکەن، کەسمان نامانەوێت بگەڕێینەوە بۆ چاخی بەردین، بابەتەکە پەیوەندیی بەمانەوەی دەسەڵاتەوە هەیە نەوەک بۆردومانکردنی جیهان، ئەوان ناوێرن بۆمبێک بەسەر ئیسرائیل یان ئەمریکا یان هیچ شوێنێکی تردا بدەن".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×