کام میلیشیا لەعێراق سەر بەسوپای پاسدارانی ئێرانە؟
  2023-11-15       1512       
ڕێپێوانی هێزەکانی "سەرایای خۆراسانی" لەبەغدا

ئا: ئاوێنە

 

هاوکات لەگەڵ هەڵگیرسانی جەنگی غەزەدا، گروپەکانی سەر بەکۆماری ئیسلامی ئێران لەعێراق هەڕەشە لەئیسرائیل‌و هێزەکانی ئەمەریکا دەکەن، بەشێک لەم گروپانە بەئەندازەیەک لەئێرانەوە نزیکن کە راستەوخۆ لەژێر فەرمانی ئەفسەرانی هێزی قودسی سوپای پاسداراندان‌و  فەرماندەکانیان عێراقی نین.

لەماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا کە جەنگی نێوان حەماس‌و ئیسرائیل هەڵگیرساوە، ئەو بنکانەی کە هێزەکانی ئەمریکای تتا جێگیرە لەعێراق‌‌و سوریا کراونەتە ئامانجی هێرشی موشەک‌و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەو گروپ‌و میلشیانەی کە سەر بەکۆماری ئیسلامی عێراقن.

ئەم میلیشیاو تاقمە چەکدارانە کە لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن لەعێراق "ژووری ئۆپەراسیۆنەکان"یان بۆ پشتیوانی لەئۆپەراسیۆنەکانی حەماس لەدژی ئیسرائیل راگەیاندوە.

بەدوای هەر هێرشێکدا کە دەکرێنە سەر هێزەکانی ئەمەریکا لەعێراق‌و سوریا، گروپێکی نەناسراو بوونی خۆی لەعێراق ڕادەگەیەنێت‌و  بەرپرسیارێتی ئەو هێرشانە لەئەستۆ دەگرێت. بەپێی راپۆرتێکی "رادیو فەردا" ئەم گروپە نەنسراوانە بەشێوەیەکی سەرەکی لەلایەن ئەو میلیشیانەوە پێکدەهێنرێن‌و پشتیوانی دەکرێن کە بەوەکالەت شەڕ بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەن.

لەدوای ڕوخانی ڕژێمی سەدام حسێنەوە لەساڵی ٢٠٠٣ تا ئێستا چەند گروپێک لەقۆناغە جیاوازەکانی ئەم وڵاتەدا سەریانهەڵداوە کە میلیشیای چەکدارن‌و لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن‌و سەر بەسوپای پاسداران، بەتایبەت دوای داگیرکردنی بەشێکی زۆری باکوری عێراق‌و سوریا لەلایەن چەکدارانی داعشەوە، ژمارەی ئەم گروپانە زیادیان کرد.

گرنگترین ئەم گروپانە بریتین لە:

 

کەتایبی حزبوڵای عێراق

ئەم گروپە لەساڵی 2007 لە شاری عەمارە لەباشوری عێراق دامەزراوە. پێکهێنانی کەتائیبی حزبوڵڵای کەتایب دەرەنجامی هاوپەیمانی چەند گروپێکی میلیشیایی بوو کە دوای ڕوخانی دەسەڵاتی سەدام حوسێن سەریانهەڵدابوو. ئەم گروپانە بریتین بون لە: سوپای ئەبولفەزڵ عەباس، کەتیبەکانی کەربەلا، زەید بن عەلی، عەلی ئەکبەرو سەجاد.

کەتایبی حزبوڵڵای عێراق خۆی وەک "رێکخراوێکی جیهادی ئیسلامی بەرگریکار" دەناسێنێت‌و لە پێگەی فەرمی خۆیدا نوسیویەتی "ولایەتی فقیە" باشترین ڕێگایە بۆ "حوکمڕانی ئیسلام لەکاتی غەیبەتی ئیمامی غایبدا"، کە ئاماژەیە بۆ باوەڕی شیعەکان بەغەیبەتی ئیمامی دوازدەهەمیان.

کەتایبی حیزبوڵڵای عێراق پەیوەندییەکی ڕێکخراوەیی ڕاستەوخۆی لەگەڵ حکومەتی ئێران هەیەو "تێکشکاندنی پڕۆژەی ئەمریکی - ئیسرائیلی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست" بەئەرکی سەرەکی خۆی دەزانێت. چەکدارەکانی ئەم گروپە لەپێشەوەی ئەو گرەپە چەکدارانەدا بون کە شانبەشانی هێزەکانی بەشار ئەسەد لەسوریا شەڕیان لەدژی هێزە ناڕازییەکان کرد، دوای دەستپێکردنی ناڕەزایەتی سەرتاسەری لەم وڵاتە لەساڵی 2011.

کەتایبی حزبوڵڵا عێراق، بەپێچەوانەی گروپە میلیشیا شیعەکانی دیکە، خاوەنی ئۆرگانی ڕێکخراوەیی ناسراو نییە. ئەمینداری گشتی ئەم گروپە "ئەحمەد موحسین فەرەج ئەلحەمیداوی"یە، کاراکتەرێک کە تا ئێستا وێنەکەی بڵاونەکراوەتەوە. ئەبو مەهدی موهەندیس کە لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزەکانی ئەمریکادا لەگەڵ قاسم سولەیمانی فەرماندەی پێشووی هێزی قودسی سوپای پاسداران کوژرا، یەکێک بوو لەدامەزرێنەران‌و فەرماندەکانی حزبوڵای کەتایب لەعێراق.

کەتایبی حزبوڵڵا عێراق، باڵی سیاسی نییە، بەڵام بەشێکە لەهێزەکانی هاوپەیمانی حەشدی شەعبی. ئەم گروپە بەرپرسیارێتی دەیان هێرشی بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لەعێراق‌و سوریاو هەروەها موشەک گرتنە باڵیۆزخانەی ئەمریکای لەبەغدا لەئەستۆ گرتووە. کەتایبی حیزبوڵڵای عێراق لەلیستی گروپە تیرۆریستییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادایە.

کەتائیبی حیزبوڵڵای عێراق بەشێک لەبنکەو سەنگەرەکانی لەدێرەزووری ڕۆژهەڵاتی سوریادا جێگیرەو  لەو بنکانەشەوە چەندین جار بەهێرشی موشەک‌و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردوەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا لەسوریا.

 

بزووتنەوەی ئەلنوجەبا

بزوتنەوەی ئەلنوجەبا شانبەشانی کەتائیبی حزبوڵای عێراق لەشەڕی سوریادا ڕۆڵێکی دیارو بەرچاوی هەبووە، بەتایبەتی لەشەڕەکانی ساڵی 2015ی شاری حەلەب. ئەم گروپەش سەر بەهێزی قودسی سوپای پاسدارانەو لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە پشتیوانی دارایی‌ دەکرێت‌و چەک وەردەگرێت.

بزووتنەوەی ئەلنوجەبا پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ هەموو ئەو گروپانەدا هەیە کە لەژێر سایەی کۆماری ئیسلامیی ئێراندان‌و پشتیوانی دەکرێن‌. دامەزرێنەرو سەرۆکی ئەم گروپە "ئەکرەم ئەلکەعبی"یە، یەکێکە لەفەرماندە سەربازییە دیارەکانی پێشووی "سوپای مەهدی"، کە گروپێکی شیعەی سەر بەموقتەدا سەدرە. کەعبی دوای جیابوونەوە لەسوپای مەهدی سەرەتا پەیوەندی بەگروپی "عەسایب ئەهلی حەق"ەوە کردو دواتر بزوتنەوەی نوجەبای دامەزراند.

ئەمریکا لەساڵی ٢٠١٥دا بزوتنەوەی ئەلنوجەبای خستە لیستی گروپە تیرۆریستییەکانەوە.

لەتشرینی دووەمی ٢٠١٥ ئەکرەم ئەلکەعبی لەچاوپێکەوتنێکیدا ڕایگەیاند کە پەیڕەوی لە"هەر فەرمانێک دەکات لەلایەن عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەربچێت"، تەنانەت ئەگەر ئەم فەرمانە "ڕوخاندنی حکومەتی عێراق بێت یان بەشداریکردن بێت لەجەنگی دەرەکیشدا".

لە مانگی ئازاری ٢٠١٧دا ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی نزیک لەسوپای پاسداران ڕایگەیاند کە بزوتنەوەی ئەلنوجەبا لەهەوڵی پێکهێنانی "کەتیبەی ڕزگاری جۆلان"دایە بۆ دوورخستنەوەی ئەم ناوچەیە لەداگیرکاریی ئیسرائیل.

 

عەسائیبی ئەهلی حەق

گروپی "عەسائیبی ئەهل حەق" کە دامەزرێنەرەکەی بە"بەرگری ئیسلامی لەعێراق" ناوی دەبات، لەهەناوی رەوتی سەدرەوە هاتۆتەدەر. دامەزرێنەرو سەرکردەکانی، کادێری دیاری ڕەوتی سەدر بون، بەڵام لێی جیابونەوەو گروپی تایبەت بەخۆیان دامەزراند بەئامانجی "بەرەنگاربونەوەی داگیرکاری ئەمریکا". ئەوان بەرپرسیارێتی خۆیان لەژمارەیەکی زۆر هێرشی دژ بەهێزەکانی ئەمریکا لەعێراق راگەیاندوە.

"قەیس خەزعەلی" دامەزرێنەرو سەرکردەی عەسائیب ئەهلی حەق-ە. خەزعەلی ساڵی 2004 دوای ئەوەی سوپای مەهدی قۆڵی سەربازیی پێشووی ڕەوتی سەدر ڕێککەوتنی ئاگربەستی لەگەڵ حکومەتی کاتی عێراق‌و سوپای ئەمریکا واژۆکرد، لەو گروپە جیابووەوەو بەردەوام بوو لەشەڕکردن دژ بەهێزەکانی ئەمریکا.

لەناوەڕاستی ساڵی ٢٠٠٥دا ڕێککەوتنێک بۆ ئاشتەوایی لەنێوان گروپی قەیس خەزعەلی‌و موقتەدی سەدر ئەنجامدرا، بەڵام ساڵێکی نەخایاند ناوی "عەسائیب ئەهلی حەق" وەک گروپێکی سەربەخۆ لەسوپای مەهدی لەلایەن خەزعەلییەوە راگەیەندرا.

گۆڕەپانی چالاکییەکانی گروپی عەسائیب ئەهلی حەق، لەگەڵ تێپەڕینی کاتدا فراوانتر بوو سوریاشی گرتەوە. هێزەکانی ئەم گروپە بەشداری شەڕی ناوخۆی سوریایان کرد بۆ پشتیوانی لەدەسەلاتی بەشار ئەسەد.

گروپی عەسائیب ئەهلی حەق لەلیستی گروپە تیرۆریستییەکانی ئەمریکادایە.

 

ڕێکخراوی بەدر

ڕێکخراوی بەدر یەکێکە لەگروپە چەکدارە دێرینەکانی شیعەی عێراق‌و لەژێر چاودێری ڕاستەوخۆی سوپای پاسداراندایە. ئەم ڕێکخراوە گروپێکی سیاسی‌و کۆمەڵایەتی‌و سەربازییە.

رێکخراوی بەدر لەساڵانی 1982 و 1983 لەلایەن سوپای پاسدارانەوە لەئێران وەک لقی سەربازی "مەجلیسی باڵای شۆڕشی ئیسلامی عێراق" دامەزرا. ئەندامانی ئەم گروپه هاوڵاتیانی عێراقی دژ بەڕژێمی سه دام حوسێن بوون‌و لەئێراندا ژیاون، هەروەها بەشێک لەدیله شیعەکانی جەنگی هەشت ساڵەی عێراق – ئێران چونە ئەم هێزەوە کە بە"تەواب - تۆبەکەران" ناودەبران.

ئەم گروپە لەشەڕی هەشت ساڵەی ئێران‌و عێراقدا شانبەشانی هێزەکانی ئێران لەدژی سوپای عێراق شەڕیان کرد.

لەو ماوەیەدا ئەبومەهدی موهەندیسیش یەکێک بوو لەفەرماندەکانی ڕێکخراوی بەدر. ئێستا هادی عامری، یەکێک لەفەرماندە سەرەتاییەکانی ئەم گروپە، ئەمینداری گشتی ئەم ڕێکخراوەیە.

دوای ڕووخانی ڕژێمی سەدام حوسێن لەساڵی 2003، گروپی بەدر بوو بەڕێکخراوو ناوی خۆی نا "رێکخراوی بەدر بۆ بیناسازیی‌و گەشەپێدان"و لەساڵی 2012 جیابونەوەی خۆی لەمەجلیسی ئیسلامی عێراق ڕاگەیاندو بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی کردو لیستی کاندیدەکانی خستەڕوو.

ڕێکخراوی بەدر بەشێکە لەهاوپەیمانی هێزەکانی حەشدی شەعبی‌و لە شەڕی ناوخۆی سوریاش کۆمەڵێک لەچەکدارەکانی خۆی ڕەوانەی سوریا کرد بۆ بەرگریکردن لەرژێمی ئەسەدو لەژێر ناوی "لقی سەربازی بەدر لەسوریا" یان "هێزەکانی شەهید محەمەد باقر سەدر" کارو چالاکی دەکەن.

 

سەرایا ئەلخۆراسانی

سەرایا ئەلخۆراسانی لەساڵی 1995 لەئێران لەلایەن حەمید تەقەوی، ئەفسەری سوپای پاسدارانەوە دامەزراوە. تەقەوی لە ساڵی ٢٠١٥ لەکاتی تێکهەڵچوونەکانی ناوچەی تکریت لەنێوان هێزەکانی حەشدی شەعبی‌و چەکدارانی داعش کوژرا.

ڕەگ‌و ڕیشەی ئەم گروپە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٨٦. سەرەتا کەتیبەیەکی بچوک بوو بەناوی "کەتیبەی کەرار"، کە شانبەشانی هێزەکانی ئێران لەجەنگی ئێران‌و عێراقدا شەڕیان دەکرد. ئەم کەتیبەیە لەلایەن کەسێکەوە سەرپەرشتی دەکرا بەناوی یاسین ئەلموسەوی، کە یەکێک بوو لەیاریدەدەرانی محەمەد باقر حەکیم، سەرۆکی پێشووی ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی ئیسلامی عێراق. بەڵام لەساڵی ١٩٩٥ ئەم کەتیبەیە پەرەی پێدراو لەلایەن حەمید تەقویەوە ناوی لێنرا "سەرایا ئەلخۆراسانی".

دوای ڕوخانی دەسەڵاتی سەدام حوسێن لەساڵی 2003، بەشێک لەم ڕێکخراوە حزبێکی سیاسی بەناوی "تەلیعەی ئەلخۆراسانی" پێکهێناو وەک بەشێک لەهاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بەسەرۆکایەتی نوری مالیکی، سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق، بەشداری حکومەتی کرد.

لەساڵی ٢٠١٣ەوە "سەرایای خۆراسانی" وەک باڵی سەربازی "حزبی تەلیعەی ئەلخۆراسانی" ناسێندرا. چەکدارانی ئەم گروپە بۆ بەرگری لەڕژێمی بەشار ئەسەد لەسوریا شەڕیان کرد. ئەم گروپه تەنانەت لەشەڕی سوریاشدا هیچ هەوڵێکی نەدا بۆ شاردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێرانداو بەپێچەوانەوه لۆگۆی سوپای پاسدارانیان لەسهر ئاڵای خۆی وێنا کردو بەئاشکرا پابەندبونی خۆی بەعەلی خامنەیی ڕێبەڕی کۆماری ئیسلامی ڕاگه یاند. ئێستا "ئەحمەد عەبدوڵڵا مەهدی ئەلیاسری" ئەمینداری گشتی ئەم گروپەیە.

 

گروپە تایبەتەکان

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لەمانگی ئایاری ساڵی 2021 بڵاویکردەوە کە کۆماری ئیسلامی ئێران سەدان کەسی دڵسۆزو وەفاداری لەنێو ئەو میلیشیایانەی کە خستونیەتیە ژێر باڵی خۆیەوەو پشتیوانیان دەکات هەڵبژاردوەو "گروپ‌و یەکینەی تایبەتی بچوکتر"ی لێپێکهێناون.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتەی رۆیتەرز، کە بەوەرگرتنی زانیاری لەبەرپرسانی ئەمنی عێراقی‌و پشتبەستن بەلێدوانی سەرکردەی بەشێک لەگروپە میلیشیاکان‌و سەرچاوە دیپلۆماسییەکان ئامادە کراوە، ئەندامانی گروپە تایبەتەکان لەساڵی ٢٠٢٠ بەشێوەیەکی زۆر نهێنی لەلایەن ئەفسەرانی سوپای قودسی سوپای پاسدارانەوە مەشق‌و ڕاهێنانیان پێکراوە. کارپێکردن‌و رێنمایی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان‌و کاری سیخوڕی، هەروەها شەڕی ئەلیکترۆنی، گرنگترین ئەو ڕاهێنانانەن کە پێشکەش بەو گروپانە دەکرێن.

ئەم ڕاپۆرتە باس لەوە دەکات کە ئێران لەڕێگەی ئەم گروپە تایبەتانەوە هەوڵی قەرەبووکردنەوەی شکستی سەرکردایەتیکردنی گروپە بەوەکالەتەکانی بکات لەدوای کوژرانی قاسم سولەیمانی، چونکە ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی ئێستای هێزی قودسی سوپای پاسداران، ئەو کاریگەرییەی نییە لەسەر گروپە وەکیلەکانی کە پێشتر قاسمی سولەیمانی هەیبوو.

لەلایەکی دیکەوە، بە بڕوای دەسەڵاتدارانی ئێران، ئەم "گروپە تایبەتانە" کەمتر دەکەونە ژێر کاریگەریی زلهێزە رکەبەرەکانی ئێران‌و لەزەبروەشاندن لەبەرژوەندی دوژمنانی کۆماری ئیسلامی‌ سەرکەوتوتر دەبن بەتایبەتی لەڕێگەی ئۆپەراسیۆنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بەردەستن ئەم گروپە تایبەتانە ڕاستەوخۆ فەرمان لەئەفسەرانی هێزی قودسی سوپای پاسداران وەردەگرن‌و سەرکردەو فەرماندەکانیان عێراقی نین.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×