شکستی "حەماس"، شکستی "قوڵایی ستراتیجی" ئێرانە
  2023-11-16       1586       

ئا: ئاوێنە

 

ئێران بەوریایی خۆی لەشەڕی ئیسرائیل‌و ئەمەریکا لائەدات بۆ ئەوەی باجەکەی نەدات، ئاژانسی ڕۆیتەرز دەڵێت "حەماس لەجەنگی غەزەدا چاوەڕوانی پشتیوانی سەربازیی (میحوەری مقاوەمە)ی دەکرد، بەڵام خامنەیی لەدوا دیداریدا بەئیسماعیل هەنیەی وتوە: کۆماری ئیسلامی ئێران بەشداری لەم جەنگەدا ناکاو ئەو دەنگانە لەحەماسدا بێدەنگ بکە کە دەیانەوێت ئێران‌و حزبوڵا لەجەنگی دژ بەئیسرائیل تێوە بگلێنن".

 

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لەزاری سێ بەرپرسی باڵای ئێران‌و بزوتنەوەی حەماسەوە رایگەیاند، عەلی خامنەیی، رابەری کۆماری ئیسلامی ئێران لەدوا دیداریدا لەگەڵ ئیسماعیل هەنیەی سەرکردەی حەماس، کە دوای هەڵگیرسانی جەنگی غەزە لەتاران کۆبونەتەوە، خامنەیی بەڕونی بەئیسماعیل هەنیەی وتوە "ئێوە سەبارەت بەهێرشی ٧ی ئۆکتۆبەر بۆ سەر ئیسرائیل پێشوەخت ئێمەتان ئاگادار نەکردوەتەوە، لەبەرئەوە چاوەڕوان مەبن ئێمە لەسەر خواستی ئێوە بچینە ئەم جەنگەوەو راستەوخۆ بەشداری لەجەنگی حەماس دژ بەئیسرائیلدا بکەین". بەڵام هاوکات خامنەیی دڵنیایی ئەوەی داوە بەئیسماعیل هەنیە کە ئێران بەردەوام دەبێت لەپاڵپشتییە دارایی‌و سیاسییەکەی بۆ حەماس. هاوکات باس لەوەش دەکرێت کە ئێران‌و ئەمەریکا ناڕاستەوخۆ لەگفتوگۆدان بۆ ئەوەی ئەم شەڕەی ئێستای نێوان ئیسرائیل‌و حەماس لەغەزە، فروانتر نەبێ‌و ناوچەکانی دیکە نەگرێتەوەو ئێران‌و حزبوڵای لوبنان تێوەنەگلێن.

 

بەپێی زۆرێک لەناوەندە سیاسی‌و سەربازییەکان، هێرشی حەماس لە ٧ی ئۆکتۆبەردا بۆ سەر ئیسرائیل وەرچەرخانێکی مێژوویی گرنگ بوو. ئەم روداوە وایکرد بۆ یەکەمجار هێزەکانی "میحوەری مقاوەمە" کە ئێران سەرپەرشتی‌و پاڵپشتییان دەکات، لەچەند بەرەیەکدا پێکەوە بکەونە ئامدەباشییەوە. میلیشیا عێراقییەکانی سەر بەئێران هێزەکانی ئەمریکا لەعێراق‌و سوریا دەکەنە ئامانج‌و حوسییەکانی یەمەنیش موشەک‌و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئاراستەی ئیسرائیل دەکەن‌و لەباشوری لوبنانیشەوە حزبوڵا ناو بەناو بەفڕۆکەی بێ فڕۆکەوان‌و موشەک هێرش دەکاتە سەر باکوری ئیسرایل.

 

ئەم جەنگە زیاتر هاوپەیمانییەکی ناوچەیی دەردەخات کە ئەندامەکانی بریتین لەچەند هێزو میلشییایەکی سەر بەئیران کە لەسەر بنەمای مۆدێلی سوپای پاسداران دیزاین کراون‌و ڕێکخراون‌و بە"میحوەری مقاوەمە" ناودەبرێن‌. کۆماری ئیسلامی ئێران پشتیوانی دارایی‌و چەک بۆ حەماس‌و جیهادی ئیسلامی فەلەستینی دابین دەکات، هەروەها بۆ حزبوڵای لوبنان، حەشدی شەعبی عێراق، هێزەکانی هەوادارئ ئەسەد لەسوریاو ئەنساروڵای یەمەنیش.

 

بەڵام هێرشەکەی ٧ی ئەکتۆبەری حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، هاوکات وایکردوە حزبوڵڵاو هێزەکانی دیکەی "میحوەری مقاوەمە" ڕوبەڕوی بژاردەی قورس ببنەوە.

 

نەتانیاهۆ چەندین جار جەختی لەوە کردوەتەوە سوورە تا لەناوچوونی تەواوەتی حەماس بەردەوام دەبێت لەجەنگی غەزە. لەڕۆژی هێرشەکەی حەماسدا بۆ سەر ئیسرائیل، محەمەد زەیف، فەرماندەی سەربازیی بزوتنەوەی حەماس، داوای لەهاوپەیمانانی "میحوەری مقاوەمە" کرد کە بەشداری شەڕی دژ بەئیسرائیل بکەن‌و لەپەیامێکی دەنگیدا وتی "برایانمان لەمقاوەمەی ئیسلامی لەلوبنان، ئێران، یەمەن، عێراق‌و سوریا، ئەمڕۆ ڕۆژی یەکانگیریی مەیدانی مقاوەمەو خۆڕاگری ئێوەیە لەگەڵ گەلی فەلەستین".

 

بەڵام دواتر کە بەکردەکی جموجۆڵێکی ئەوتۆو کاریگەر لەلایەن ئەو هاوپەیمانانەوە بەدینەکرا، سەرکردەکانی حەماس بێزاریان دەربڕی‌و خالید مەشعەل رایگەیاند "ئەو کارانەی حزبوڵا تا ئێستا کردویەتی جێی ستایشە، بەڵام لەئاستی خوازراوی ئێمەدا نییە".

 

ئەمە لەکاتێکدایە بیرۆکەی سەرەکی "میحوەری مقاوەمە" کە هەموو ئەم گروپانەی تا ئێستا بەیەکەوە دەبەستەوەو لەڕووی دارایی‌و چەکەوە وابەستەی کۆماری ئیسلامین، شەڕی دژ بەئیسرائیل بوو بەئامانجی کۆتایی پێهێنان‌و لەناوبردنی. حەماس یەکێکە لەئەندامانی سەرەکی‌و گرنگی "میحوەری مقاوەمە"و سڕینەوەی لەلایەن ئیسرائیلەوە، زیانێکی گەورە بەمیحوەری مقاوەمەو ئێران دەگەیەنێت.

 

کۆماری ئیسلامی ئێران هەر لەسەرەتای دامەزراندنیەوە داکۆکی کردن لەمەسەلەی فەلەستینی کردۆتە یەکێک لەرەگەزە بنەڕەتییەکانی شوناسی خۆی، تەنانەت یەکێک لەهۆکارە سەرەکییەکانی دژایەتی خومەینی لەگەڵ شا لەدەیەی شەست‌و حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا پەیوەندی دۆستانەی شا لەگەڵ ئیسرائیل بوو.

 

لەدیدی سیاسی‌و سەربازییەوە، سەرکردەکانی ئێران "میحوەری مقاوەمە" بە"قوڵایی ستراتیجی" ئێران ناودەبەن، بەو پێیەی ئەو دەسەڵات‌و دەرفەتە بەکۆماری ئیسلامی دەدات هێزی بەرپەرچدانەوەی لەدەرەوەی سنورەکانی خۆی هەبێت لەبەرامبەر هەر هەڕەشەیەک بۆ هێرشکردنە سەر خاکی ئێران، بەتایبەتی لەبەرامبەر ئەگەری هێرشی ئیسرائیل یان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران. سەرکردەکانی ئێران بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئەگەر هێرش بۆ سەر ئێران بکرێت، هێزەکانی "میحوەری مقاوەمە" ئاگر لەناوچەکە بەردەدەن.

 

لەدوای هێرشەکەی حەماس لە ٧ی ئۆکتۆبەرەوە، میلیشیاکانی سەر بەئێران، دەیان هێرشیان بۆ سەر بنکە سەرابزییەکانی ئەمریکا لەسوریاو عێراق ئەنجامداوە. بەپیی راپۆرتێکی "فرانس پرێس" هێرش بۆ سەر بنکە ئەمریکییەکان لەلایەن گروپەکانی سەر بەئێرانەوە، ئەو ئەگەرە بەهێزتر دەکات کە ئەگەر شەڕەکە بەردەوام‌و فروانتر بێت، دۆخی ناوچەکە لەژێر کۆنتڕۆڵ دەربچێت. بەڵام زۆربەی شارەزایانی بواری سەربازی‌و‌ ستراتیجی لەسەر ئەوە کۆکن که تاران بەوریایی مامەڵە لەگەڵ ئەم جەنگەدا دەکاو خۆی له‌شەڕی ئه مریکاو ئیسرائیل لادەدات.

 

هەر لەبەر ئەمەشە زۆرێک لەفەلەستینییەکان گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە لەمەودوا نابێ خۆیان بەتەنافی ئێراندا هەڵواسن‌و بەرەو تونێلێکی تاریک مل بنێن، لەم روانگەیەشەوە پێشبینی دەکرێ دوای کۆتایی هاتنی جەنگی ئێستا، لێکترازان لە"میحوەری مقاوەمە"دا زیاتر دەربکەوێت‌و وەک "فرانس پرێس' دەڵێت "ئەوسا کۆماری ئیسلامی ئیتر ناچار دەبێت فاتیحە بۆ "قوڵایی ستراتیژیی" خۆی بخوێنێت".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×