سەبارەت بە کتێبی "مەشخەڵی ڕێ"ی سەید قوتب
  2023-11-16       1130       

نووسینی: یوسف سحێردە

وەرگێڕانی: سامان عەلی

 

ئەم کتێبە بە یەکێک لە خوێناویترین ئەو کتێبانە دادەنرێت کە لە سەدەی بیستدا نووسراوە. هاوکات یەکێکیشە لە گرنگترین ئەدەبیاتەکانی میانڕۆیان و توندئاژۆیان وەک یەک، بەش بە حاڵی خۆم، تێبینیم کردووە ئەم کتێبە هەمیشە هاوڕێی گەنجانی ئەو جووڵانەوە بانگەوازخوازە بووە کە لە سەروەختی لەناووچوونیدا بە جووڵانەوەی "یەکبوون و چاکسازیی" ناودێر کرا. من لێرە لەم کورتە ڕانانەدا، هەندێک لەو خاڵانە لە کتێبەکە دەخەمە ڕوو و پێشنیازیشم بۆ ئێوە ئەوەیە کە بیخوێننەوە، تاکو دەرفەتی ناسینی ئەو گورگەتان بۆ بڕەخسێت کە لە پشت دەمامکی میانڕۆیی و بەشداریی کردن لە گەمەی سیاسییدا خۆی شاردووەتەوە، فەرموون با ڕانانەکەمان دەست پێ بکەین.

سەید قوتب (بەگوێرەی خوێندنەوەی تایبەتی خۆی بۆ ئیسلام) لەنێو ئەم کتێبەدا تەنها ددان بە دوو کۆمەڵ یاخود جڤاکدا دەنێت، جڤاکێکی ئیسلامی و جڤاکێکی جاهیلی. بۆ نموونە لە لاپەڕە ١١٦دا لە بەستێنی ئەو پۆلێنکارییەیدا دەڵێت: "جڤاکی ئیسلامی، ئەو جڤاکەیە کە تیایدا ئیسلام وەک باوەڕ و پەرستش، وەک شەریعەت و سیستەم، وەک ئاکار و ڕەفتار، جێبەجێ دەکرێت... جڤاکی جاهیلییش ئەو جڤاکەیە کە تیایدا ئیسلام جێبەجێ ناکرێت و باوەڕ و بۆچوونەکان و بەها و پێوەرەکانی و سیستەم و شەریعەتەکانی و ئاکار و ڕەفتاری، کاریان پێ ناکرێت". گومانی تێدا نییە ئایینە ئاسمانییەکانی تر کە دەمێننەوە و سیستەمە دانراوەکانیش، لە خانەی ئەو پێناسەیەدا پۆلێنبەند دەبن.

-پڕۆسەی ژیاندنەوە یاخود زیندوو کردنەوەی ئیسلامی: ئەمە ئەو شتەیە کە ئیخوان موسلیمین لە هەموو جیهانی ئیسلامیدا، بە ڕابوونی ئیسلامی لەپێناو تێپەڕاندنی قۆناغی "جاهیلییەت" ناودێری دەکەن. لە ڕوانگەی سەید قوتبیشەوە واتە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی بە توندوتیژی، قۆناغمەندی و پلەبەندی، پابەندبوون بە بنەماکان و دامەزرانی پەیوەندی لە نێوان جڤاکی موسوڵمان و ناموسوڵمان لەسەر بناغەی ئەو شتەی کە پێی دەگوترێت ماڵی شەڕ و ماڵی ئیسلام.

باوەڕ یاخود عەقیدە وەک جێگرەوەیەکی بەرهەمهێنانی ماتەریالی لەپێناو پێشکەوتن و دەست پێ کردن و ڕابەرایەتی کردنی تێکڕای مرۆڤایەتی: تیۆریسێنی یەکەمی ئیخوان موسلیمین، پێ لەوە دەنێت گەشەکردن یاخود پێشکەوتنی تەکنەلۆژی، کە یەکێکە لە دەستەبەرەکانی ڕابەرایەتی کردنی جیهان، بەردەستی موسوڵمانان نییە، بەم پێیە جێگرەوەکە باوەڕ یاخود عەقیدە و قورئانە. سەید قوتب لە سەرەتای کتێبەکەدا، کتومت لە لاپەڕەکانی ٩و ١٠دا دەڵێت: "ئەم ئومەتە، لە ئێستادا ئەو باڵادەستی و بەرترییەی لە بواری داهێنانی ماتەریالیدا نییە- پێویستیش نییە هەیبێت- کە گەردنەکان بۆی کەچ دەبن و لەو ڕووەوە ڕابەرایەتییەکەی دەسەپێنێت... چونکە بلیمەتیی ئەوروپی لەو ڕووەوە زۆر پێشی کەوتووە، پێشبینیش ناکرێت- لایەنی کەم لە ماوەی چەندین سەدەدا- لە ڕووی ماتەریالییەوە توانای زاڵبوون بەسەریدا بڕەخسێت... کەواتە پێویست بە بوونی توانا و لێهاتووییەکی دیکە بۆ ڕابەرایەتی کردنی مرۆڤایەتی هەیە- بێجگە لە داهێنانی ماتەریالی- ئەو توانا و لێهاتووییەش لە (باوەڕ و عەقیدە) و ئەو (پەیڕەو)ە زیاتر نییە کە بوار بە مرۆڤایەتی دەدات بەرهەمی بلیمەتیی ماتەریالی لەژێر سەرپەرشتیی بۆچوونێکی تردا بهێڵێتەوە و بپارێزێت کە پێویستیی سروشتیی بەجێ دەهێنێت بەو جۆرەی داهێنانی ماتەریالیی بەجێی دەهێنێت. هەروەها عەقیدە و پەیڕەو لە کۆمەڵێکی مرۆییدا بەرجەستە ببێت، واتە لە جڤاکێکی موسوڵماندا."

گومانی تێدا نییە ئەو بۆچوونە ساویلکەییەکی لەڕادەبەدەر پیشان دەدات، چونکە ئەقڵی مرۆڤ نایبڕێت ڕابەرایەتی کردنی مرۆڤایەتی دەشێت لە ڕێگای پەنچە داگرتن لەسەر دوگمەیەکەوە بکرێت، واتە هەر لەگەڵ شەریعەت جێبەجێ دەکرێت و جڤاکێکی موسوڵمان دادەمەزرێنرێت. هاوکات ئەو بۆچوونە ئەقڵییەتێکی بەکارهێنەرخوازی پشت بە ئەوی تر قایم و شوێنکەوتە و ستەمکار دەردەخات، کاتێک بەرهەمە تەکنەلۆژییەکانی ژیاری خۆرئاوا پەسند دەکات و پاشماوەی توانا و لێهاتووییەکانی تری خۆرئاوا لە نموونەی فەلسەفە و زانستە مرۆڤایەتی و سروشتییەکان دەداتە دواوە کە هۆکاری هەموو ئەو بەرهەمە تەکنیکی و تەکنەلۆژییە بلیمەتانەیە کە سەید قوتب بە دەستدارییان بەس دەکات بەبێ ئەوەی بیر لە سەرچاوە هزرییەکانیان بکاتەوە.

-ناحەزیی بەرامبەر بە دیموکراسی: لەبەر ئەوەی سەید قوتب تەکفیری هەموو ئەو جڤاکانە دەکات کە یاسای دانراو هەڵیاندەسوڕێنێ و بێجگە لەو یاسایانە بەڕێوەیان دەبات کە خودا لە ئیسلامدا هاوردونی.

-دەستنیشانکردنی ڕۆڵی ژن لە پەروەردەکردنی منداڵان (نەوەکان)دا: سەید قوتب پێی وایە کار کردنی ژن لە دەرەوەی ماڵ، یەکێکە لە گرنگترین نیشانەکانی دواکەوتنی شارستانی. سەید قوتبی خاوەنی کتێبی "لە سایەی قورئاندا" دەڵێت: "کاتێک (ژن) وزەی خۆی لە "بەرهەمهێنانی ماتەریالی"و "دروستکردنی کەرەستە"دا خەرج دەکات و لە "بەرهەمهێنانی مرۆیی"دا خەرجی ناکات، ئەوە بە پێوانە مرۆییەکە پێی دەگوترێت "دواکەوتنی شارستانی"... یاخود بە زاراوە ئیسلامییەکە بە "جاهیلییەت" ناوزەد دەکرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×