ڕێککەوتنی نەنوسراوی ئێران‌و ئەمەریکا سەبارەت بەجەنگی غەزە
  2023-11-18       1946       
حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران‌و ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا

ئا: ئاوێنە

 

جەنگی غەزە بەوپەڕی توندوتیژییەوە بەردەوامەو هێشتا ئاسۆیەک بەدیناکرێ سەبارەت بەدەرەنجامی کۆتایی ئەم جەنگە، بەڵام ئەوەی رۆژ بەڕۆژ زیاتر رون دەبێتەوە ئەوەیە ئەمریکا نایەوێت بازنەی ئەم جەنگە فراوانتر بێت‌، ئەمەش خواستی تاران‌و حیزبوڵای لوبنانەو پابەندن پێوەی.

 

چارەنوسی جەنگی غەزە تا ئێستا ڕون نییەو زۆربەی چاودێران کۆکن لەسەر ئەوەی کە ناتوانرێت پێشبینی ئاڕاستەی روداوەکان‌و خاڵی کۆتایی ئەم ململانێیە بکرێت، هەرچەندە زۆرێک پێیانوایە ئەگەر مەودای شەڕەکە فراوانتر بێت، ڕۆڵی دەستێوەردانی ئێران‌و ئەمریکا، کە یەکێکیان پشتیوانی بەرەی مقاوەمەو ئەوی دیکەیان پشتیوانیی لەئیسرائیل دەکات، راستەوخۆ لەم جەنگەوە تێوەبگلێنن‌و کۆی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەوێتە گێژاوی جەنگ‌و پاشاگەردانی‌و ململانێیەوە، بەڵام بەشێک لەمیدیاکانی ئێران ئاماژە بەڕێککەوتن‌و تێگەیشتنێکی نەنوسراو لەنێوان ئێران‌و ئەمریکادا دەکەن، کە ئەویش کۆنترٶڵ کردنی جەنگی غەزەو رێگرتنە لەفراوان بونەوەی، ئەگەرچی کێشمەکێشی نێوانیشیان تا لێواری هەڵگیرسانی جەنگ سەربکێشێت، بەو پێێەی بڕیاڕی شەڕو ئاشتی لەعێراق‌و سوریاو لوبنانیشدا بەدەست تارانە.

رۆژنامەی (انتخاب)ی چاپی تاران، ئاماژە بەوە دەکات کە سەڕەرای هێرشی موشەکی هێزەکانی حەشدی شەعبی بۆ سەر بنکە ئەمریکییەکان لەعێراق‌و سوریاو جموجۆڵی ناو بەناوی حزبوڵا لەباشوری لوبنانەوە دژ بەئیسرایل ئەنجام دەدرێت، بەڵام بێ ئەوەی بچنە شەڕێکی بەرفراوانەوە، لەکاتێکدا حەشدو حزبوڵا هاوپەیمانی بەهێزی ئێران‌و هێزی سەرەکی "بەرەی مقاوەمە"ن، بەڵام هێشتا تاران پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە ڕۆڵی نییە لە بەئامانجگرتنی هێزەکانی ئەمەریکاو ئیسرائیل‌و ئەم روداوە گرنگانەش بە"تاقیکردنەوە"یەک ناودەبات بۆ لەمەحەک دانی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکاو ئێران‌، رٶژنامەکە دەڵێت "کاردانەوەی دەسەڵاتدارانی ئەم دو وڵاتە بەرامبەر بەم ڕووداوە گرنگانە دەریخست کە پەیوەندییەکانی ئەمەریکاو ئێران هێشتا لەدۆخێکدان ئەم جۆرە روداوو پرسانە نایخاتە مەترسی راستەقینەوە. هەرچەندە بەشێک لەچاودێران پێیانوایە پێشهاتەکانی ئێستا دەبنە مایەی گۆڕانکاریی لەهاوکێشە سیاسییەکانی ئەم ناوچەیەو پەیوەندییەکانی نێوان ئێران‌و ئەمریکاش".

ئاڕاستەی روداوەکان ئەوە دەردەخەن کە تاران‌و واشنتۆن لەساتەوەختی هەڵگیرسانی جەنگی غەزەوە، لەدانوستانی بەردەوامی ناڕاستەوخۆدان بۆ رێگرتن لەفراوانتربونەوەی بازنەی ئەم جەنگەو کۆنتڕۆڵ کردنی لەبازنەیەکی دیاریکراودا، هەرچەندە تاران جەختی لەپشتیوانی خۆی بۆ بەرەی مقاوەمەش کردوەتەوە، بەڵام جەخت لەسەر دەستوەرنەدان لەگۆڕەپانەکەدا دەکات‌و بەرپرسانی ئەمریکاش لەچوارچێوەی لێکتێگەیشتنی نەنوسراوو سیاسەتی دورکەوتنەوە لەپەرەسەندنی شەڕەکە، رایانگەیاندوە کە "هیچ بەڵگەیەکیان لەسەر دەستوەردانی ئێران لەئۆپەراسیۆنەکانی حەماس دژی ئیسرائیل‌و هێرش کردنە سەر بنکەکانی ئەمەریکا لەسوریاو عێراق نییە"!

بۆیە لەبارودۆخی ئێستادا بیرۆکەی دیپلۆماسی بژاردەی سەر مێزی ئێران‌و ئەمریکایەو سەرەڕای قەیرانی غەزەو بەرژەوەندییە ناکۆکەکانیان لەناوچەکەشدا، بژاردەکانی دیکە چانسی جێبەجێکردنیان کەمترە، حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران‌و ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کۆکن لەسەر کەمکردنەوەی ڕەهەندەکانی ئەم جەنگەو کارکردن بۆ گەیشتنە خاڵی هاوبەش.

ئەمە لەکاتێکدایە کە زۆربەی سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن پەیوەندی نێوان واشنتۆن‌و تاران لەسەرەتای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی تۆفانی ئەقساوە نەک هەر نەوەستاوە، بەڵکو قوڵتریش بوەتەوەو ئێستا باس لەپەرەپێدانی ئاستی دانوستانەکان لەکەناڵی ناڕاستەوخۆوە بۆ ڕاستەوخۆ لەنێوان هەردوولادا دەکرێت، کە دەرئەنجامە یەکلاکەرەوەکانی ئەم دانوستانە لەهەوڵدان بۆ ئازادکردنی بارمتەکانی حەماس‌و ئازادکردنی بڕی ١٠ ملیار دۆلاری بلۆککراوی ئێران لەلایەن ئەمەریکاوە دەردەکەوێت‌و بەدووریش نازانرێت لەقۆناغی دوورتردا لەبەرامبەر خۆدزینەوەی ئێران لەبەشداری جەنگی غەزەو رێگەنەدان بەفراوان بونەوەی لەژێر فشاری ئەمریکادا، دانوستانەکان سەبارەت بەچەکی ئەتۆمی ئێران دەستپێبکاتەوە.

بەمەش قوربانی بەحەماس‌و فەلەستینییەکان دەدرێت لەبەرامبەر ئەوەی تاران بارودۆخی باشتر بکاو چەندین دەستکەوت لەناوچەکەدا بەدەستبهێنێت لەڕێگەی ڕێککەوتنیەوە لەگەڵ ئەمریکییەکان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×