میدیای فەرمی ئیسرائیل: سبەی کاتژمێر 10 ئازادکردنی دیلەکان لە غەززە دەست پێدەکات
  2023-11-23       273       

میدیای فەرمی ئیسرائیل “KAN”، بڵاویکردەوە کە لە چوارچێوەی ئەو لێکتێگەیشتنەی لەگەڵ حەماس پێیگەیشتوون، سبەی لە کاتژمێر ١٠وە دەستدەکرێت بە ئازادکردنی دیلە ئیسرائیلییەکان لە کەرتی غەززە.

لە هەواڵێکیدا کە بە پشت بەستن بە زانیاری بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیلی بڵاویکردەوە، میدیای فەرمی ئیسرائیل “KAN” ئاماژەی بەوەکرد بەپێی هێڵە گشتییەکانی ئەو لێکتێگەیشتنەی لەگەڵ حەماس پێیگەیشتوون، پێشتر ئیسرائیل لە ڕێگەی لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سوورەوە ناوی ئەو دیلانە وەردەگرێت کە ئازاد دەکرێن.

لە بەرامبەردا ئیسرائیلیش ناوی ئەو فەڵەستینییە دەستبەسەکراوانە دەدات بە لیژنەکە کە ئازادیان دەکات.

لە هەواڵەکەدا باس لەوەکراوە ئەم ئێوارەیە زانیاریی نادرێت بە خێزانی ئەو دیلانەی چاوەڕوان دەکرێت سبەی ئازاد بکرێن، لەبەرئەوەی دوای پشکنینی تەندروستیی دیلەکان لە نەخۆشخانە بە خێزانەکانیان شاد دەکرێنەوە.

ئەوەشخراوەتەڕوو،  ئەو دیلانەی ئازاد دەکرێن سەرەتا ڕادەستی لیژنەکەی خاچی سوور دەکرێن، دوای ئەوەیشی كە دەستبەسەرکراوە فەڵەستینییەکان ڕادەستی بەرپرسانی دیلە ئیسرائیلییەکان کران، ئازاد دەکرێن.

هاوکات، پێشتر هەریەکە لە حەماس و ئیسرائیل ئاماژەیان بەوەکردبوو ئەوانەی ئازاد دەکرێن ژن و منداڵی خوار تەمەنی ١٨ ساڵن، بەگوێرەی ڕێککەوتنی نێوانیان کە بەهەماهەنگی میسر و قەتەر ئەنجامدراوە حەماس ٥٠ دیلی ئیسرائیل ئازاد دەکات و لەبەرامبەردا ئیسرائیل ١٥٠ دەستبەسەرکراوی فەلەستینی ئازاد دەکات.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×