عیراق وەک دەوڵەتێکی بێ شوناس، بەرەو کوێ؟

جه‌عفه‌ر عه‌لی
  2019-10-27     930

(١-٢)
عیراق‌و میلیشیا، جەدەلی(وەلا)
هاوشانی بەرزبوونەوەی ئاستی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، جارێکیتر جەدەلی (وەلا)ی میلیشیا عیراقییەکان سەریهەڵدایەوە. ئەم میلیشیا شیعانە لەم ململانێیەدا چیدەکەن، هەڵوێستیان چیدەبێت، بێلایەنانە دوور لە ململانێکە دەوەستن، یان پابەندی پرەنسیپە عەقیدەییەکەیان دەبن و (شیعەبوون) هەڵوێستێکی دیکەیان بەسەردا دەسەپێنێت. 

پێشتر هەڵوێستی ئەم میلیشیا شیعییانە لە راپەڕینی سوریادا بریتیبووە لە لایەنگیری بە قازانجی دیمەشق، لەم پشتیوانیکردنەشدا ئێران رۆڵی سەرەکی بینیوە. ئەو کاتانەش کە هەڵوێستی فەرمی دەوڵەتی عیراق لە ئاستی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران، تایبەت لە سەردەمی حەیدەر عەبادی، بریتی بووبێت لە هەڵبژاردنی بێلایەنی و رێزگرتن لە سەروەری عیراق و وڵاتانی دراوسێ و خۆ بە دوورگرتن لە ململانێ ئیقلیمییەکان، بەڵام هێشتا میلیشیا شیعییەکانی حەشدی شەعبی بە پاساوی جیا جیا، لەوانە پاراستنی مەزارە ئایینییە پیرۆزەکانی ئیسلام لە سوریا، هەڵوێستی ئاشکرای خۆیان نەشاردۆتەوە، کە ئەوان، تەنانەت ئەگەر حکومەتی عیراقیش رەزامەندی پێشاننەدات، دەبنە بەشێک لە جەنگی سوریا بە قازانجی هێشتنەوە و پاراستنی رژێمەکەی بەشار ئەسەد.کاتێک عەبادی رەتیدەکردەوە بەشداری لە جەنگی سوریادا بکات، هادی عامری رایگەیاند، دوای رزگارکردنی عیراق لە دەستی داعش، حەشدی شەعبی لەسەر داوای (حکومەتی شەرعی) بە سەرۆکایەتی بەشار ئەسەد دەچێتە ناو سوریاوە.

لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاستی ململانێی ئەمریکی- ئێرانی، کە بە "جەنگی بارهەڵگرە نەوتیەکان" ناسرا بوو، لە ناوچەی کەنداو، جارێکی دی باسی هەڵوێستی میلیشیا عیراقییەکان لە پشتیوانیکردن بە قازانجی ئێران بە دژی ئەمریکا هاتە پێشەوە. وێرای لێدوانی حکومەتی عیراقی بە پاراستنی هەڵوێستی بێلایەنی لە کێشە و ململانێکەدا، بەڵام دیسان، میلیشیا شیعییە چەکدارەکان، ئەوەیان نەشاردەوە، کە ئەوان هیچ پەیوەندییەکیان بە هەڵوێستی حکومەتی عیراقییەوە لە ململانێی ئەمریکی-ئێرانیدانییە، بەڵکو ئەوان بە پاساوی پاڵنەری عەقیدەیی هاوشانی ئێران دژ بە هێزەکانی ئەمریکا دەچنە جەنگەوە.

عیراق وڵاتێکە لە ئاستی ناوەکیدا پڕیەتی لە ململانێی نادروست و نادیموکراسی، پڕیەتی لە میلیشیای چەکداری حیزبی و عەقیدەیی و بنەماڵەیی و شەخسی، لە ئاستی ناوچەییدا هەژموونی زاڵی ئێران بەسەر بەغداوە روون و ئاشکرا دیارە، لە رووی نێودەوڵەتیشەوە، ئەمریکا لەسەرووی ئەو دەوڵەتانەوەیە، کە لە کەناڵی سیاسی و دیپلۆماسی، تەنانەت سەربازیشەوە، پەیامی روونی خۆی بە بەغدا گەیاندووە، سەبارەت بە بوونی میلیشیاکانی حەشدی سەر بە ئێران و گەورەبوونی نفوز و هەژموونی ئێران بەسەر عیراقەوە. لەسەرووی هەموو ئەوانەشەوە، لە ئێستادا بەغدای پایتەخت و زۆرێک لە شارە گەورە و گرنگەکانی دیکەی عیراق، ماوەیەکە کەوتووەتە بەردەم جوڵەیەکی هەژێنەری جەماوەرییەوە، بەشێکی پەیامی شەقامی ناڕازی عیراقیش روو لە ئیرانە، ئاڵای ئێران دەسووتێنرێت، دروشمی دژ بە تاران بەرزدەکرێتەوە، پەلاماری ئەو بارەگا حیزبییانە دەدرێت کە بە نزیکیان لە تاران ناسراون. واتە دەتوانین بڵێین، ئەو نامەیەی ئەمڕۆ شەقامی عیراقی لە رووی سیاسییەوە دەیەوێ بیگەیەنێ، بریتییە لە لانیکەم بێهێزکردن، یان کاڵکردنەوەی هەژموونی ئێرانی بەسەر بەغداوە، وێڕای داوا بنەڕەتییەکانیان بە چاکسازی و باشکردنی ژیانی گشتی خەڵک و سەروەرکردنی دادپەروەری و دادی کۆمەڵایەتی.

 ئەو جوڵەیەی ئەمڕۆ لە شەقامی عیراقی لە رێی دەربڕینی داواکاری چاککردنی ژیان و گوزەرانی خەڵکەوە گوزارشت لە خۆی دەکات، پێناچیت ئەوە پێشاندانیهەموو دیمەنەکە بێت، چونکە لە پشتی ئەو دیوە ئاشکرایەوە، دیوی نەبینراو و شاراوەش هەن، ئەوەش کە لە جوڵەپێکردنی ئەو دیوە پەنهان و شاراوانەدا رۆڵ دەگێڕێت، ئەو هێزانەن، کە لە دەرەوەی سنورەکانی عیراقەوە، یاری بە کارتەکان دەکەن، بە ئامانجی بەلاداخستنی ململانێ سیاسییەکان بە قازانجی خۆیان، ئەو هێزە دەرەکییانە ئەگەر رۆڵیان لە دروستکردنی جوڵەکەشدا نەبووبێ، ئەوا دەستیان لە ئاراستەکردنیدا دەبێت. ئەمریکا هێزی هەرە کاریگەر و سەرەکی نێو ئەم ململانێ سیاسییەیە. ئەمریکا هەم لە رێی کۆنسوڵخانەی ئەمریکی لە عیراق، هەم لە رێی بوونی راوێژکارە سەربازییەکانی و ئەو هێزانەی کە لە عیراقدا جێگیری کردوون، هەم لە رێی ئەو هێز و لایەن و کەسایەتییە سیاسییانەی کە بە نزیکیان لە ئەمریکا دەناسرێن، هەوڵی سەرکەوتن بەسەر نفوزی ئێرانی لە بەغدا دەدات. بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجەش هەوڵدەدات بە هێزەوە لە پشتی پەردەوە، وەبەرهێنان لەم جوڵە فراوانەی شەقامی عیراقیدا بکات.
  عیراق، وڵاتێکی بێ شوناس

 ئەمریکا و تەواوی وڵاتانی دراوسێی عیراق، هەروەها کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، باش لەوە ئاگادارن کە هاوڵاتیانی عیراق تا ئێستاش، هەڵگری هەمان پەتای سیاسی و کۆمەڵایەتی رۆژگاری مەلیک فەیسەڵ کوڕی حوسێن، یەکەم مەلیکی عیراقن. فەیسەڵ بڕوای وابوو، کە (لە عیراقدا شتێک نییە بە ناوی "گەلی عیراقی"، بەڵکو ئەوەی هەیە بریتییە لە تۆپەڵە مرۆڤی خەیاڵی خاڵی لە هەر بیرۆکەیەکی نیشتیمانی، ئەوان لێوان لێون لە تەقلید و خورافەی دینی، هیچ نێوکۆییەک لە نێوانیاندا نییە، گوێ بە خراپە دەدەن، روو لە گێرەشێوێنین، هەمیشە ئامادەن بۆ راپەڕین دژ بە هەر حکومەتێک بێت).

دەوڵەت لە عیراقدا، بەرهەمی "گەل" نییە، دەوڵەت وەک دامەزراوەیەکی دونیای مۆدێرن، وەک چەترێکی قانونی و ئیداری،لە هۆشیاری و ئاگایی ئەو پێکهاتە سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە نەهاتووە، کە پێیدەگوترێت گەل، یان بەرهەمی تێكۆشان و بەردەوامێتی مێژوو بە ئاراستەی باشتر نییە، بەڵكو مەخلوقێکی هێنراو لە دەرەوەیە، بیدعەیەکە بەرهەمی دابەشکاری بەرژەوەندی و کێکی بەرژەوەندییە بەسەر وڵاتانی سەرکەوتوو لە جەنگی یەکەمی جیهانیدا، هەر بەپێی پلان و سیاسەت و میزاجی ئەوانیش، لە سەرووی هەموویانەوە بریتانیا، دروستکراوە. دروست ئەوەیە، گەل، دەوڵەت لەسەر شێوەو فۆرمی خۆی دروستبکات، فۆرمێك کە بتوانێت وەڵامدەرەوەی بەرژەوەندی هاوڵاتییەکانی و پاراستنی ژیان و ئازادی و کەرامەتیان بێت. لە عیراقدا، لە بری ئەوەی "گەل"، یان هاوڵاتیانی عیراق خوڵقێنەری "دەوڵەت" بن لەسەر بنەمای ئەو فۆرمە سیاسی و ئیدارییەی کە دەیخوازن، فۆرمێک لە دەسەڵات و سیستەم کە هێزی بەرگری لە بەرژەوەندی هاوڵاتیانی جیا جیای وڵاتەکەی هەبێت، کەچی "دەوڵەت" و "گەل" رووبەڕووی ئەو گرفتە مێژوویی و سیاسی و کۆمەڵایەتییە بوونەتەوە، کە بریتییە لە کێشەی دروستنەبوونی پێکهاتەیەک بە ناوی "گەل"، بە مانایەکی دی، ئەوەی لە ماوەی نزیک بە ١٠٠ ساڵی رابردوو عیراق نەیتوانیوە چارەسەرێکی ریشەیی بۆ بدۆزێتەوە، بریتییە لە کێشەی "نا گەل"، تۆپەڵە مرۆڤێک هێشتا لە دەرەوەی بوون بە "گەل" ماونەتەوە.

لە ئاستی تیۆریدا کۆی پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکانی عیراق، هیوای دروستبوونی ئینتیمای نیشتیمانی دەخوازن، هەمیشە لە ئاستی گوتاری تیۆریدا، ئەو دەستەواژە و رستانە دووبارە دەکەنەوە، کە پێویستە ئینتیمای نیشتیمانی لە سەرووی ئینتیمای ئیتنیکی و تائیفی ومەزهەبییەوە بێت. لە فەیسەڵی یەکەمەوە تا بە عادل عەبدولمەهدی دەگات، ئەم گوتارە لە ئاستی تیۆری لە عیراقدا درێژەی هەیە. کەس خۆی بە کەمتەرخەم نابینێ، هەمووان ئەوانەی پێش خۆیان بە هۆکاری کەمتەرخەمییەکان گوناهبار دەکەن. دوا وتاری عەبدولمەهدی لە درەنگانی شەوی ٢٤/٢٥ ئۆکتۆبەری ئەمساڵدا، ئاماژەیەکی روون بوو بەو فۆرمی گوناهبارکردنەی ئەویدی لە گوتاری فەرمی دەوڵەتدا. لە بەرامبەر ئەو گوتارە تیۆرییەدا، واقیعێک هەیە، کە هەمووان دەیبینن، بەڵام نایانەوێت تێیبگەن، ئەویش ئەو پارادۆکسەیە، کە ئامانجی نیشتیمانی بە عەقڵیەتی تائیفی و بە ئامرازی بچووکتر لە ئامرازی نیشتیمانی، نایەتەدی. بە درێژایی مێژووی سیاسی دەوڵەتی عیراق، چەمکەکانی "نیشتیمان"، "دەوڵەت" و "گەل" بە نەزعەی تائیفییەت بارگاویکراون.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×