ترەمپ دوبارە دەبێتەوە سەرۆکی ئەمریکا!

کارۆخ خۆشناو
  2020-02-02     457
زۆربەی ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن کە تڕەمپ بتوانێت دووبارە بۆ خولی دووەم سەرکەوتن بەدەست بهێنێت لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا کە لە مانگی (۱۱)ی ئەمساڵ بەڕێوە دەچێت، لەبەر ئەم هۆکارانەی خوارەوە:

یەکەم سەرکەوتنی تڕەمپ لەئاست سیاسەتی ناوخۆیی ئەمریکادا:

۱- دیموکراتەکان شکستیان هێنا لە ئەنجومەنی پیران لە پرسی لێپێچینەوە لە دۆناڵد تڕەمپ، چونکە دیموکراتەکان نەیانتوانی دەنگی پێویست بەدەست بهێنن بۆ بانگهێشتکردنی گەواهیدەرەکان بۆ ئەنجومەنی پیران، ئەم پرسە ڕەتکرایەوە بە (٥۱)دەنگ بەرامبەر بە (٤۹)دەنگ، هەروا بڕیارە ڕۆژی چوارشەممەی داهاتوو (۲۰۲۰/۲/٥) دادگایکردنەکەی تڕەمپ لە ئەنجومەنی پیران لە بەرژەوەندی تڕەمپ کۆتایی پێ بێت، کۆی ئەم پڕۆسەیەش بە شکستێکی گەورە بۆ دیموکراتەکان و بە سەرکەوتنێکی گەورە بۆ تڕەمپ لە قەڵەم دەدرێت.

۲- دۆخی ئابووری ئەمریکا لە سەردەمی خولی یەکەمی سەرۆکایەتی تڕەمپدا بوژانەوەیەکی  بێ وێنەی بە خۆوە بینیووە کە (٥۰) ساڵە ئەمریکا ڕەوشی ئابووری ئاوهای بە خۆیەوە نەبینیووە، بۆنمونە ڕێژەی بێکاری کەمبۆتەوە بۆ (۳٪) هەروەها تڕەمپ بە کەمکردنەوەی باج توانی چەندان کۆمپانیای زەبەلاحی ئەمریکا لە دەرەوە بهێنێتەوە ناو ئەمریکا لەم چوارچێوەیەشدا توانی زیاتر لە پێنج ملیۆن هەلی کاری بۆ ئەمریکیەکان بڕەخسێنێت. 

۳- کۆماریەکان یەکگرتووترن لە دیموکراتەکان، هەروەها ڕکابەرەکانی تڕەمپ لە پارتی دیموکرات لاواز و پەرتەوازەن و لەو ئاستەدا نین کە بتوانن شکست بە تڕەمپ بهێنن، بۆیە چاوەڕوان ناکرێت هیچ کام لە ڕکابەرەکانی تڕەمپ (جۆ بایدن یان بێرنی ساندەرس یاخود ئەلیزابێپ وارن) بتوانن کورسی سەرۆکایەتی لەژێر تڕەمپدا دەربهێنن.

٤- ئەگەرچی زۆربەی میدیا زەبەلاحەکانی ئەمریکا وەک (CNN و واشنتن پۆست و نیورک تایمز....هتد) دژی تڕەمپ کار دەکەن بەڵام تڕمپ زۆر لێزانانە توانیویەتی ئەم دژایەتیەی میدیا زەبەلاحەکان بۆ بەرژەوەندی خۆی بشکێنێتەوە.

دووەم سەرکەوتنی تڕەمپ لە ئاست سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکادا:

۱- لە سایەی سەرۆکایەتی تڕەمپدا پێگە و ڕۆڵی ئەمریکا لە سەر ئاستی جیهان بەهێزتر بووە و پێگە و ڕۆڵی نەیار و دوژمنانی ئەمریکاش لاوازتر بووە، واتە تڕەمپ توانیویەتی تا ڕادەیەکی باش هەیبەت بۆ ئەمریکا بگێڕێتەوە و دروشمی سەرەکی (خولی یەکەمی) هەڵبژاردنەکانی جێبەجێ بکات کە دەیگوت:
(Make America Great Again یان America First)
 بۆ نموونە: تڕەمپ توانی ڕیکەوتنی ئەتومی هەڵوەشێنێتەوە و سزای ئابووری بخاتەوە سەر (ئێران) و لاواز و گۆشەگیری بکات، هەروەها تڕەمپ توانی دوژمنە سەرسەختەکانی ئەمریکا بکوژێت وەک (ئەبوبەکر بەغدادی لە سوریا و قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس لە عێڕاق و قاسم ئەلریمی لە یەمەن)

۲- ناچارکردنی ئەندامانی هاوپەیمانی ناتۆ بۆ پابەند بوون بە پێدانی ئابوونەی ساڵانە کە بریتیە لە (۲٪)ی کۆی داهاتی ووڵاتەکانیان.

۳- دووبارە داڕشتنەوەی کۆمەڵێک ڕێکەوتنی بازرگانی بەجۆرێک کە لە بەرژەوەندی ئەمریکادا بێت وەک ڕێکەتنە بازرگانیەکانی ئەمریکا لەگەڵ هەریەک لە چین و کەنەدا و مەکسیک و.....هتد.

٤- پشتگیریکردنی تڕەمپ لە (بۆریس جەنسن) بۆ دەرچوونی بەریتانیا لە یەکیەتی ئەوروپا کە بە برێگزێت (Brexit) ناسراوە، تڕەمپ هەر لەسەرەتاوە هانی بەڕیتانیەکانیدەدا کە دەنگ بدەن بۆ دەرچوون لە یەکیەتی ئەوروپا.

بە کورتی (دۆناڵد تڕمپ)ی بزنسمان، بەبێ هەبوونی پاشخان و باگڕاوندێکی سیاسی توانی بە شێوازێکی (تازە و ناوەزە) لە ڕێگای بەکارهێنانی (تویتەر) سیاسەتێکی ڕوون و ڕاشکاو پەیڕەو بکات لە پێناو بەهێزکردنەوەی پێگەی ئەمریکا، لە کاتێکدا کە هەندێک بۆچوون پێیان وابوو لە سەردەمی (باراک ئۆباما) پێگەی ئەمریکا لاواز بوو بوو، هەروەها تڕمپ توانیویەتی زۆربەی بەڵێنەکانی خولی یەکەمی هەڵبژاردنەکانی ساڵی (۲۰۱٦) جێ بە جێ بکات، بۆیە پێموایە ئەم ساڵیش (تڕەمپ) دەتوانێت لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی مانگی (۱۱) دووبارە کورسی سەرۆکایەتی و کۆشکی سپی ئەمریکا  بەدەست بهێنێتەوە.
زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×