ڕیفراندۆم وەک هەنگاوێکی چارەنوسساز بۆ جیابوونەوەی چارەساز!

کارۆخ خۆشناو
  2023-09-25     362

بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لەلایەن خەڵک و سەرکردایەتی هەرێمی کوردستانەوە، بڕیارێکی بوێرانەی مێژوویی و چارەنوسساز بوو بەئاراستەی جیابوونەوەی چارەساز ، کە بەھۆیەوە ڕۆح کرایەوە بەر جەستەی هەر چوار پارچەی کوردستان.

به‌دیوێكی تردا یەکێک لە ڕەهەندە سیاسیەکانی ڕیفراندۆم، ناردنی پەیامی ویستی سەربەخۆیی خەڵکی کوردستان بوو بۆ وڵاتانی ناوچەکە و جیھان و ناوەندە نێودەوڵەتیەکان.

لە ڕێکەوتی (2017/9/25) بۆ یەکەم جار لە مێژوودا ئیڕاده‌ی پۆڵایینی خەڵکی کوردستان سەرکەوت بەسەر هەموو فشار و بەربەستەکان، ئیراده‌یه‌ك پڕاو پڕ لە هەستی نیشتیمانپەروەری و بارگاوی بە باوەڕی پتەوی کوردایەتی، بۆ گەیشتن بە دوا مەنزڵی سەربەخۆیی، ئەم هەنگاوەش سەلماندی بۆ یار و نەیار کەوا کورد نەتەوەیەکە ژێردەستەیی قبوڵ نیە و باوەڕی پتەوی بە ڕەوایەتی دۆزەکەی هەیە.

ئەگەر بەخێرایی ئاوڕێک لە مێژووی ئەو (۱۹۳) وڵاتە بدەینەوە کە بەفەرمی ئەندامن لە نەتەوەیەکگرتووەکان، بۆمان ڕوندەبێتەوە کە ھیچیان بە پێرفێکتی لە دایک نەبوون، بەڵکو لە ڕێگای خەباتی سەربەخۆییاندا بە کۆمەڵێک ئاستەنگ و هەوراز و نشێودا تێپەڕیوون، تاکو لە کۆتاییدا گەیشتوون بە خەونی سەربەخۆیی.

ڕیفراندۆمیش هەنگاوێکی گرنگ بوو بۆ دروستکردنی یەکدەنگی لە نێوان هەموو پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان، بۆیە وەک ئەرکێکی نیشتیمانی ڕێژەی (%92.7) بە دەنگی بەڵێ پێشوازیان لە سەربەخۆیی کوردستان کرد، ئەم ھەنگاوەش وەرچەرخانێکی مێژوویی دروستکرد بەرامبەر هەموو داگیرکەرانی کوردستان.

ڕیفراندۆم دوای نزیکەی سەد ساڵ هات لە لکاندنی باشوری کوردستان “بێ ویستی خەڵکەکەی” بە وڵاتی عێڕاق، ئەمەش ناڕازیبوون و شۆڕش و قوربانیدانی خەڵکی کوردستانی لێکەوتەوە، تاکو گەیشتە ڕاپەڕین و دواتریش پڕۆسەی ئازادی عێڕاق و چەسپاندنی قەوارەی (هەرێمی کوردستانە) لە دەستوری عێڕاقی نوێ، بەڵام بەداخەوە ئەم دەستورە وەک خۆی جێبەجێ نەکرا، بەهۆی بوونی ڕێژەیەکی بەرچاو لە عەقڵیەتی شۆڤێنی لە ناوەندی بڕیار لە بەغدا، ئەمەش وای کرد کەوا زۆربەی مادەکانی دەستور (ئەوانەی پەیوەستن بە مافی کورد) پەراوێز بخرێن، بۆیە ڕیفراندۆم تاکە میکانیزمێکی ئاشتیانە بوو بۆ دەرچوون لە دۆخی چەقبەستوویی ئەو کاتی عێڕاق.

دەتوانین بڵێین بەهۆی ڕیفراندۆمەوە کوردستانیان مێژوویەکی پڕ لە سەروەریان تۆمارکرد بۆ نەوەکانی ئێستا و داهاتوو، بە مانایەکی تر ڕیفراندۆم هەنگاوێکی چارەنوسساز بوو لە پڕۆسەی بەدەستهێنانی خەونی سەربەخۆیی کوردستان، کە تێدا زۆرینەی ڕەهای ھاونیشتیمانیانی کوردستان بە ھەموو پێکھاتەکانیەوە بەشداریان تێدا کرد، بۆیە ڕیفراندۆم شانازیەکی گەورەیە بۆ ھەموو گەلی کوردستان.

لەکۆتاییدا دەڵێم؛
هەر کاروانێ
بۆ پڕشنگی خۆر بڕوانێ
کەم بن یان زۆر
دەگەن بە خۆر...


 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×