هەرێمی کوردستان هیچ کات نەبۆتە هەڕەشە بۆ سەر دراوسێکانی!

کارۆخ خۆشناو
  2022-03-16     340

یەکێک لە سامانە نیشتمانیەکانی (هەرێمی کوردستان) کە نکۆڵی لێ ناکرێت و سازشی لەسەر ناکرێت، بریتیە لەو پێگە سەقامگیرەی کە لەم (ناوچە پڕ لەکێشەیە)دا هەیەتی، بەجۆرێک قەوارەی هەرێم هەمیشە بەشێکی گرنگ بووە لە بەدیهێنانی ئارامی و ئاسایشی ناوچەکە، واتە هیچ کات هەرێمی کوردستان نەبۆتە هەڕەشە لەسەر دراوسێکانی، بە پێچەوانەوە هەرێمی کوردستان بە سەقامگیریەکەی جیاکراوەتەوە لە عێڕاقێکی ئاڵۆز و ناسەقامگیر، ئەم سامانە نیشتیمانیە هەمیشە جێگای شانازی خەڵکی کوردستان و نێردە دیپلۆماسیەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان بووە، چونکە لەژێر سایەی ئەم پێگە سەقامگیرەدا نەک تەنها خەڵکی کوردستان، بەڵکو سەدان هەزار ئاوارەی ناوەڕاست و خوارووی عێراق و پارچەکانی تری کوردستانیش حەواونەتەوە، بۆیە ئاسایشی هەرێم بەگشتی و ئاسایشی هەولێری پایتەخت بەتایبەتی هێڵی سورن و نابێت بە هیچ شێوەیەک ڕێگا بە هیچ وڵات و گروپ و میلیشیایەک بدرێت لە ژێر هەر بەهانە و بیانویەکدا (هەرێمی کوردستان) بکەنە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ململانێی ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتیەکان.

ئەمە جاری نۆهەمە هێرشی موشەکی دەکرێتە سەر هەولێری پایتەخت، بەڵام هێرشە موشەکیەکەی ئەم جارە ڕاستەوخۆ لەلایەن ئێرانەوە ئەنجام دراوە، بە بیانووی هەبوونی بارەگای (مۆساد)ی ئیسڕائیلی لە هەولێر، ئەم بیانووەش دوورە لە ڕاستی، بۆیە لە کاتی سەردانەکەی دوێنێی سەرۆک وەزیرانی عێڕاق بێمنەتانە سەرۆکایەتی (هەرێم و حکومەت) داوای پێکهێنانی لێژنەیەکی لێکۆڵینەوەیان کرد بۆ ڕاستی و دروستی بیانووەکان.

ڕوون و ئاشکرایە کەوا ئێران لە هێرشەکەی ئەم جارەیدا چەند ئامانجێکی هەیە، لەوانە:

1- فشار خستنە سەر هەرێم بەمەبەستی تێکدانی ئەم باڵانس و هاوسەنگیەی کەوا هەرێم ڕایگرتووە لەسەر ئاستی ناوخۆی عێڕاق (لە نێوان شیعە و سونە)دا هەروەها لە سەر ئاستی وڵاتانی ناوچەکەدا.

2- فشار خستنە سەر هەرێم بۆ ئەوەی وەبەرهێنان نەکات لە بواری گازی سروشتی و پڕکردنەوەی پێداویستی بازاڕی ئەوڕووپا.

3- کاتی هێرشەکە پەیامێکە بۆ (ئیدارەی بایدن) کەوا ئێران خوێنی (سولەیمانی و موهەندیس) لەبیر ناکەن.

4- تێرکردن و ڕازیگردنی شەقامی شیعەی (ئێران و عێڕاق) بە مەبەستی (استهلاكي المحلي).

5- تاقیکردنەوەی (ئیدارەی بایدن) تاکو بزانن تا چەند بەرگری لە هەرێم دەکات، بەتایبەت لەئێستادا کەوا ئەمریکا و جیهان سەرقاڵن بە شەڕی ئۆکراینا و ڕوسیا.

6- فشارێکە بۆ سەر ئەمریكا تاکو بگەڕێتەوە ناو ڕێکەوتنی ئەتۆمی (5+1) کە چەند ڕۆژێکە دانوستانەکانی ڤیەننا وەستاون.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×