(وانەیەک لە نامەیەک)ی هیندییە سوورەكانەوە!

کارۆخ خۆشناو
  2021-05-16     561
لە ئێستادا گرنگە ئێمەی خەڵکی کوردستان وانەیەک لە هیندییە سورەکانەوە فێربین، تاکو هاوشێوەی ئەوان خاکی خۆمان خۆش بوێت. 

ئایا دەزانن هیندییە سوورەکان چەندە خاکی خۆیان خۆشویستووە؟ 

بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە، دەبێت ئەم نامەیەی خوارەوە بخوێنینەوە، ئینجا تێدەگەین چەندە گرنگە ئێمەی کوردیش وەک (سیاتێل)ی سەرۆک خێڵی هیندیە سوورەکان، خاکی کوردستانمان خۆش بووێت!

ساڵی (1854)  "فرانکلین پێرس" سەرۆکی ئەوکاتەی ئەمریکا نامەیەکی نارد بۆ "سیاتێل"ی سەرۆک هۆزی هیندییە سوورەکان و داوای لێکرد زەوییەکانیان بە حکوومەتی ئەمریکا بفرۆشن، سەرۆک هۆزەکە وەڵامی بۆ سەرۆکی ئەمریکا ناردەوە، وەڵامێک کە نیشاندەری شێوەی ڕوانینیان بوو بۆ مرۆڤ و ژیان و خاک و جیهان، نامەکەی سەرۆکی ئەمریکام لەبیر نەماوە، بەڵام نامەکەی سەرۆک هۆزی هیندییەسوورەکانم هەرگیز لەبیر ناچێتەوە، کە دەڵێت:

"بۆ سەرۆکی گەورە لە واشنتن،
شینایی ئاسمان و تینی زەوی چۆن دەفرۆشرێن؟ ئێمە خاوەنی پاکیی هەوا و زوڵاڵیی ئاو نین، چۆن بە ئێوەیان بفرۆشین؟
ئەم خاکە و هەرچی تێیدایە بۆ ئێمە پیرۆزە، گەڵای دەرزیلەیی کاژەکان، لمی کەنار ڕووباران، مژی نێو دارستانەکان، دەنگ و ڕەنگی مارومێروو، هەموویان لە بڕوا و بیرەوەریی خەڵکی ئێمەدا پیرۆزن، ئەو شیلەیەی بە نێو دەماری دارەکاندا دەگەڕێ خولیا و خەونی ئێمەی تێدا مەیوە.
خاک لە ناخی ئێمەدایە، ئێمە بەشێکین لە خاک و خاکیش پارچەیەکە لە ئێمەیە، گوڵان بە بۆن و بەرامیانەوە خوشکی ئێمەن، کەڵەکێوی و ئەسپ و هەڵۆ برامانن، رەوەزبەردی لووتکەکان، شەونمی مێرگ ومەزار و تینی لەشی ئەسپ و مرۆڤ، هەموویان لە خێزانێکن. 
ئەو ئاوە زوڵاڵەی بە جۆبار و ڕووبارەکاندا دەڕوا تەنیا ئاو نییە، خوێنی پشتاوپشتی ئێمەیە، ئەو زەوییانەشتان پێ بفرۆشین، دەبێ لەبیرتان بێ ئێرە بۆ ئێمە پیرۆزە و ئەو سێبەر و تارماییانەی بەو ئاوە زوڵاڵانەدا دێن هەموویان بیرەوەری و بەسەرهاتی ژینی ئێمە دەگێڕنەوە، زەمزەمەی ئاو، دەنگی باووباپیرانی ئێمەیە،
ڕووبارەکان پشتمانن، تینوێتیمان دەشکێنن، بەلەمەکانمان بە شانەوە دەگرن و بژیوی منداڵەکانمان دەدەن، ئەگەر زەوییەکانمان بە ئێوە بفرۆشین دەبێ لە بیرتان بێ و منداڵەکانیشتان فێر بکەن، کە ئەم ڕووبارانە برای ئێمە و برای ئێوەن، ئەو نەرمی و بەزەییەی بە برای خۆتانی ڕەوا دەبینن، بەو ڕووبارانەشی ڕەوا ببینن. 
لە شارەکانی ئێوەدا شوێنێک نییە مرۆڤ ئارام  تێیدا بژی، جێگایەک نییە مرۆڤ گوێ بداتە لەرەی گەڵای بەهاران و ویزەویزی مێروولەكان، رەنگە ئەوانە هەر بۆ ئێمە گرنگ بن کە لەو دەشت و کێوانە ژیاوین، بەڵام مرۆڤ ئەگەر شەوان دەنگی تاقتاقکەرە نەبیستێ و قیڕەی بۆقی گۆماوەکانی نەیەتە گوێ، لە ژیان چی بۆ دەمێنێتەوە؟ 
دەزانن شنەبا ئەو کاتی بەسەر تەنکاواندا دەڕوا و وردەشەپۆل دەبزێوێ، شەماڵ ئەوکاتی بۆنی بارانی نیوەڕۆیانی تێدەگەڕێ و بۆنی گەڵای تەڕوبڕی دارکاژەکان بڵاودەکاتەوە، ڕووح و گیانی ئێمەی سوورپێست دەلاوێننەوە. 
هەوا بۆ ئێمە بایەخدارە، چونکە هەموومان بە هەناسە هەڵیدەمژین، ئەگەر ئێمە زەوییەکانمان بە ئێوە بفرۆشین دەبێ لەبیرتان بێ ئێمە شوکرانەبژێری ئەو هەوایەین کە هەڵیدەمژین و ژین بە دەماری زیندەوەراندا دێنێ، باپیرەگەورەی من ئەو هەناسەیەی لە سنگیدا بوو هەتا لەگەڵ دوایین (ئاهـ) لە لێوی هاتەدەر و ماڵاوایی لە ژیان کرد.
ئەگەر ئێمە زەوییەکانمان بە ئێوە بفرۆشین، ئێوە دەبێ لە گەڵ ئاژەڵی ئەم خاکە وەک برای خۆتان بجووڵێنەوە، بەڵێ! ئێمە کێویین! لەو دەشت و کێوانە گەورە بووین و تێناگەین بۆچی هەزاران کەڵەکێوی دەبێ قڕ بکرێن، ئێوە دەبێ منداڵەکانتان فێرکەن کە زەویی بن پێیان، خۆڵەمێشی باب و باپیرانیانە، دەبێ ڕێزی زەوی بگرن، گەورەیی زەوی لە چاویاندا بێ و بە منداڵەکانیان بڵێن خاک دایکیانە، ئەو شتەی بەسەر زەویدا بێت، بە سەر ڕۆڵەکانی زەوییشدا دێت، مرۆڤ تف لە زەوی بکات، تف لە خۆشی دەکات. 
لە بیرتان بێ مرۆڤ ژێیەکانی سازی ژین وەدەنگ ناهێنێ، خۆی هەودایەکی ژێی ژیانە.
ئێوەش یاوەری زەوی بن"

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×