ئەوەی تڕەمپ بەدیموکراتەکانی کردووە، بــــــا بەدەواری شڕی نەکردووە!

کارۆخ خۆشناو
  2020-02-08     1051
لە سەرتای هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی ساڵی (۲۰۱٦)، ململانیەکی توند کەوتە نێوان دۆناڵد تڕەمپ و دیموکراتەکان، ئەم حاڵەتەش لە پڕۆسەی دیموکراسی ئەمریکادا حاڵەتێکی ئاساییە، چونکە ئەگەر چاوێک بە مێژووی هەردوو پارتی کۆماری و دیموکراتەکاندا بخشێنینەوە، دەبینین هەمیشە ململانێیەکی سیاسی توند و بەردەوام هەبووە لە نێوان هەردوو پارتە سەرەکیەکەی گۆڕەپانی سیاسی ئەمریکادا، بەڵام هیچ کات ململانێکان نەگەیشتوونەتە ئاستی سەردەمی دۆناڵد تڕەمپ.

دوای دەست بەکاربوونی تڕەمپ وەک سەرۆکی (٤٥)ی ئەمریکا، دیموکراتەکان کەوتنە دژایەتی کردنی و بە کەسایەتیەکی بێ ئەزموون و نەشارەزا لەقەڵەمیاندا، دیموکراتەکان لە سێ ساڵی ڕابردوودا بە هەموو شێوەیەکی (دەستووری و یاسایی ڕێگەپێدراو)  دژایەتی تڕەمپیان کردووە و لە "بۆسە"دا بوونە بۆ تڕەمپ، تاکو لە (۲۰۱۹/۷/۲٥) تڕەمپ پەیوەندیەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیا (ڤلادیمێر زیلینسکی) لێ ئاشکرا بوو، زانیاریەکان کەوتنە دەست دیموکراتەکان، دیموکراتەکانیش وەک ئەوەی (هەنگوینیان لە دار) دۆزیبێتەوە هەڵسان بە پڕۆسەی دادگایکردنی تڕەمپ.

لە ماوەی پڕۆسەی دادگایکردنەکەدا، دۆناڵد تڕمپ لێبڕاوانە بەرەنگاری دیموکراتەکان بوویەوە و توانی سەرکەوتنێکی گەورەیان بەسەردا تۆمار بکات، بەجۆرێک هەر لە ئێستاوە زۆرینەی ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن کە دۆناڵد تڕمپ خولی دووەمی سەرۆکایەتی ئەمەریکای بۆخۆی مسۆگەر کردووە (کە لە مانگی یازدەی ئەمساڵ بەڕێوەدەچێت)
ئەگەرچی لە سەرەتای دادگایکردنی تڕمپدا، دیموکراتەکان ئومێدیان هەبوو کە بتوانن شکست بە تڕەمپ بهێنن بەڵام دوای دەنگدانەکەی دوێنێی ئەنجومەنی پیران کە لەبەرژەوەندی تڕەمپ کۆتایی هات، دیموکراتەکان دوا کارتی فشاریان لە دەستدا.

لە کاتی وتاری ساڵانەشیدا تڕەمپ پشتی لە (نانسی پیلۆسی) کرد و تەوقەی لەگەڵ نەکرد، ئەمەش نانسی توڕە کرد و لە کۆتاییدا کۆپی وتارەکەی تڕەمپی دڕاند، ئەمەش بە کاردانەوەیەکی خراپ لەقەڵەم درا و دەنگدانەوەیەکی خراپی بۆ سەر دیموکراتەکان هەبوو.

(دۆناڵد تڕەمپ) وەک کارەکتەرێکی بازرگان کە پێشتر هیچ پاشخانێکی سیاسی نەبووە، لە لایەک توانیویەتی زیرەکانە وەک سەرۆکێکی تازە و ناوازە سەرکەوتنێکی گەورە تۆمار بکات لە ئاست بەڕێوەبردنی سیاسەتی ناوخۆ و دەرەکیدا، لە لایەکی تر توانیویەتی لێبڕاوانە بەرەنگاری دیموکراتەکان ببێتەوە هەروەها سەرکەوتوانەش توانیویەتی ڕووبەرووی ڕاگەیاندنە نەیارەکانی بێتەوە.
بە کورتی ئەوەی تڕەمپ لە سێ ساڵی ڕابردوودا بە دیموکراتەکانی کردووە، بــــــا بە دەواری شڕی نەکردووە!

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×