دیاردەیەک؛ بەتامی تیرۆر ! دەستدرێژیی‌و هەڵکوتانە سەر خەڵک لەلایەن کەسانی نزیک لەمەسول

نیاز سەعید عەلی
  2021-02-04   

دیاردەیەکی دزێو کە ڕووی لە تەشەنەسەندنە و بووەتە یەکێک لە هۆکارەکانی دروستبوونی ترس و نیگەرانیی و نائارامیی و دڵەڕاوکێ و مەترسیی لەسەر سەقامگیریی و ڕەوشی ئاسایشی کۆمەڵایەتیی خەڵک ؛ بریتییە لە ڕەفتاری شەڕانگێزیی و هەڕەشەکردن و هەڵکوتانەسەر و پەلاماردان و دەستدرێژیی و سووکایەتییکردن و شەقوەشاندن و تەقەکردنی کەسانی نزیک و پەنا ، لە هەندێک لە لێپرسراوانی باڵا و دەستڕۆیشتوو ، بەسەر هاووڵاتییانی ئاسایی ؛ بە بیانوو و پاساوی جۆراوجۆر !
ئەم دیاردەیە لەبنەڕەتدا ؛ بریتییە لە پێشێلکردنی سەروەری یاسا و مافی مرۆڤ ، تاوانێکە وەکو دیاردەی تیرۆر مەترسییدارە ، دەرهاویشتە و لێکەوتەی زیانبەخش و خراپی لێ ئەکەوێتەوە ، جیاوازییەکەی ئەوەیە کە تیرۆریستان یان ئەکوژرێن ، یان دەستگیر ئەکرێن ، یان خۆیان ئەشارنەوە ، بەڵام ئەمان بێ منەتن و وەکو بەرزەکی بانان بۆی دەرئەچن و بەسەر تۆڕی یاسادا ئەیانپەڕێننەوە ، لە خراپترین گریمانەشدا ؛ بە سوڵحی کۆمەڵایەتیی ، یان بە گووشار و فشاری جۆراوجۆر ؛ کەتنەکەیان بۆ پەردەپۆش ئەکرێت !
ئەگەر یاسا سەروەر بێت و کەس لە یاسا گەورەتر نەبێت ، ئەگەر مافەکانی مرۆڤ پارێزراو بێت ، ئەگەر دیاردەی چەکداریی ؛ سنوورێکی بۆ دابنرێت ، ئەگەر کەسانی نزیک لە لێپرسراوانی باڵا و دەستيڕۆیشتوو ، نە پارێزرێن و داکۆکییان لێ نەکرێت و کەتنەکانیان بۆ پەردەپۆش نەکرێت ؛ ئایە ئەوانە جورئەتی ئەوە ئەکەن بە پاسەوانەکانی لێپرسراوەکانیانەوە ، یان بە پاسەوانەکانی باوکیانەوە ؛ بە زەبری چەکداریی هەڵبکوتنە سەر هاوڵاتییان ؟
ئەگەر کەسی نزیک لە لێپرسراو ؛ خۆی بە خاوەنی هەق ئەزانێت ، ئەگەر پێیوایە سووکایەتیی پێکراوە ؛ ڕێگەی ڕاست ئەوەیە هانا بۆ دادگا ببات و سکاڵا تۆمار بکات ، ئەگەر ئەمە بکات ؛ خۆی و لێپرسراوەکەشی ، ناکەونە بەردەمی ڕەخنە و تووڕەیی و تانەوتەشەر و ڕق و بێزاریی خەڵک!
پێویستە هێزی دەسەڵاتداری یەکەم ، لە سنووری پارێزگای سلێمانییدا ، کە بریتییە لە ( یەکێتیی) ، وەک چۆن لە ڕابردوودا چەند جارێک بەگژ ئەم دیاردە قێزەوونەدا چۆتەوە ، سنوورێک بۆ ئەم دیاردەیە دابنێت ، دەستدرێژییکاران ڕووبەرووی دادگا بکاتەوە ، تا سزای یاسایی وەربگرن و ببنە عیبرەت بۆ ئەوانی تر ، ئەو چەکدارانەشی کە بەشداریی ئەو جۆرە پەلاماردان و دەستدرێژییکردنانە ئەکەن ؛ لە دادگای سەربازیی دادگاییان بکات و توندترین سزای سەربازییان بەسەردا بسەپێنێت .
چەندە ئەم دیاردە دزێوە ؛ کاریگەریی خراپ دروست ئەکات لەسەر ناو و ناوبانگی (یەکێتیی)، بە پێچەوانەوەش دانانی سنوور بۆی و بەگژداچوونەوەی بە توندیی ؛ کاریگەریی جوان دروست ئەکات لەسەر ناو و ناوبانگی(یەکێتیی) ، بە تایبەتیی کە ئەم جۆرە ڕووداوانە ، ناوبەناو سەرهەڵئەداتەوە و بووەتە سەرچاوەیەکی تری بێزاریی و ڕەخنە و ئەڕژێنە ناو جامی تووڕەیی خەڵک و ڕیسەکان لە (یەکێتیی) ئەکەنەوە بە خوریی !

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
تەسنیم: ئۆکرانیا هەزاران فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لەهەرێمی کوردستان جێگیر کردووەو تاران ئەم کارە بەدوژمنایەتی دەزانێت
مه‌سعود بارزانی: یاسای هه‌ڵبژاردن هه‌مواربكرێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌س له‌جێی كریستیانه‌كان بڕیار نه‌دات
یەرەکە ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ هێزەکانی ئێران لە سنووری مەریوان و کۆساڵان ڕاگەیاند
ئۆکرانیا دەنگۆی ناردنی درۆن و هێزی سەربازی بۆ هەرێمی کوردستان ڕەت دەکاتەوە
پارتی ئازادیی کوردستان (پاک) بۆ ئاوێنە: کۆبوونەوەکەی عێراق و ئێران تەنیا بۆ پاسەوانیی سنوور بووە و دەنگۆی دەرکردنمان شەڕی دەروونییە
شاخه‌وان عه‌بدوڵا: كورد له‌ كه‌ركوك په‌راوێزخراوه‌و ده‌بێت پێشمه‌رگه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ ئه‌و ناوچانه‌ی بۆشایی ئه‌منیان تێدایه‌
وته‌بێژی حكومه‌تی عێراق: هه‌ماهه‌نگی باشمان له‌گه‌ڵ توركیاو ئێران هه‌یه‌ بۆ كردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی چه‌كدارانی كورد
شەڕ و پێکدادان لە یەمەن پێ دەنێتە قۆناغێکی سەختەوە؛ فڕۆکەخانەی عەدەن کرایە ئامانج و تەعز لەبەردەم کارەساتی مرۆییدایە
گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا گەیشتنە لووتکە؛ مەرجی قورس، گەمارۆی دەریایی و پلان بۆ هێرشێکی نوێ
حکوومەتی عێراق باجی گومرگی سەر سیستەمی وزەی خۆری هەڵگرت
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×