پاسەوانی گۆرانیبێژیش؛ کەوتە شڵەقاندنی ئاسایشی شار!

نیاز سەعید عەلی
  2022-02-10     578

دیاردەی بەکارهێنان و تەقەکردن ؛ بە بێ منەتیی و بە بێسڵکردنەوە لە دەرەنجام و لێکەوتە و کاریگەرییە خراپەکانی لەسەر ڕەوشی  سەقامگیریی و ئارامیی و  ئاسایشی شار و  لەسەر باری دەروونیی خەڵک ، هاوکات بوونی بە هۆکار بۆ دروستبوونی بێ متمانەیی ؛ بە  دامودەزگاکانی پۆلیس و  ئاسایش و دەسەڵاتی دادوەریی ، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە تەشەنەسەندندایە و ماوە نا ماوە ، هەواڵی ڕوودانی  دەستدرێژیی و هەڕەشە و پەلاماردان و هەڵکووتانە سەر بە چەک و تەقەکردن و  کوشتن و بریندارکردنی چەندین  هاوڵاتی بێ تاوان و کار مەندی دامودەزگاکانی پۆلیس و ئاسایش و بازگەکان ، بە فراوانیی لە تۆڕەکانی میدیا و سۆشیال میدیادا بڵاوئەبێتەوە .
ئەم کردەوانە زیاتر لە لایەن  کەسانێک ئەنجام ئەدرێت ؛ کە هەست بە بوونی پشتی بەهێز و داکۆکیکاری دەستڕۆیشتوو ئەکەن ، بۆیە بە ئەوپەڕی خەمساردیەوە ؛  ڕۆژ لە دوای ڕۆژ برەو بەم دیاردە قێزەوونە ئەدەن و هیچ ترسێکیان لە دادگا و لە سزادان نەماوە !
لە دوایین نموونەدا پاسەوانەکانی گۆرانیبێژێک ئەیقڵیشێننەوە ، ئەمە لە کاتێکدا گۆرانیبێژ لە چوارچێوەی ئەو توێژانە ئەژمار ئەکرێن ؛ کە خۆشی و ئارامیی و چێژی دەروونیی ئەبەخشن بە کۆمەڵگە ، لەم ڕووەوە مۆسیقار و گۆرانیبێژە ڕەسەنەکان درێغیان نەکردوە ، بەڵام ئایە لە ئێستادا  ڕەوایە بە ناو گۆرانیبێژێک ، چەند پاسەوانیکی تایبەتی هەبێت و لێمان ببنە خولە پیزە و بیقڵیشێنێتەوە؟ ، یان بە ناو گۆرانیبێژێکی شایەری ممنگی   تر؛ خۆی بکاتە خولە چەخماخە و چەند ساڵێک بەر لە ئێستا ؛ هاوڵاتیەک بریندار بکات و ڕاکاتە باوەشی دەسەڵاتدارانی دەڤەرێکی تر و پارێزراو بێت !!
پێویستە سزای توندی هەر کەسێک بدرێت ؛ کە یاسا پێشێل ئەکات و بە نا یاسایی چەکی هەڵگرتوە و تاوانی پێ ئەنجامداوە ؛ نەک سوڵحیان بۆ بکرێت ، یان فشار و  گوشار و سیناریۆی جیاواز بۆ پەردەپۆشکردنی تاوانەکانیان  ؛ بگیرێتەبەر و دەربازیان بکەن ، ئەمە شوێنەوار و کاریگەریی خراپ لەسەر  دەسەڵاتی (یەکێتیی) لەم دەڤەرە دروست ئەکات ، پێویستە سەرۆکایەتی (یەکێتی) بە مەچەکێکی بەهێز و بە توندیی بەگژ ئەم دیاردەیەدا بچێتەوە ، کە ئاسایشی کۆمەڵایەتی تێک ئەدات و بریتیە لە جۆرێک لە  تاوان بە تامی تیرۆر !!!

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×