بانگەوازکارە سەلەفیستە جیهادیەکان، کارەکتەری تیرۆری (خواناس)ن!

نیاز سەعید عەلی
  2023-06-24     441

سەلەفیزم لەناکۆکی بۆ ناکۆکی

سەلەفیزم سەرەتا ئیجتیهادێک بوو لەناو ئایینزای سووننەدا؛ دواتر بوو بە ڕێباز و بزووتنەوە، پاشان بووە سیستەم و قەوارە و ئایدیۆلۆژیای فەرمیی دەوڵەت لەسعودیە.

سعودیەکان بۆ خزمەتی سیاسەت و پێگە و بەرژەوەندیەکانیان لەدەرەوەی وڵات؛ بانگەوازی سەلەفیزمیان کردە ئایدیۆلۆژیایەکی فریادڕەس بۆ جیهانی ئیسلامی، ئەوە بوو لەڕێگەی چەندین ئامراز و هۆکار و میکانیزمەوە، پەلیان پێهاویشت و بەجیهانی ئیسلامیدا بڵاویانکردەوە و بەرەوپێشیان برد، لەمڕووەوە لەلایەک سوودیان لەکێشە و ململانێی ئایینزایی و ئایدیۆلۆژی و سیاسیی و ئابووری و کۆمەڵایەتیی ناو جیهانی ئیسلامی وەرگرت، لەلایەکی تریش توانیان  ناکۆکی و ململانێ ئقلیمی و نێودەوڵەتیەکان بقۆزنەوە بۆ بڵاوکردنەوەی سەلەفیزم؛ لەنموونەی (جەنگی سارد) و ...هتد.

ئەم ڕێبازە لەدوای بڕینی قۆناغی بڵاوبوونەوە و تەشەنەسەندن، لەنیوەی دووەمی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا، لەبەر چەندین هۆکار؛ چیتر نەیتوانی بە تەبایی و بە یەکڕیزی، بە یەک میکانیزم و ئاراستە؛ درێژە بە کارکردنی خۆی بدات.

لەمسۆنگەیەوە لەسەر بابەتی بەیعەتدان بە یەکتری و چۆنیەتیی پێشەواییکردن و چۆنیەتیی کارکردن بۆ گەیشتن بە دواین ئامانجی ڕێبازەکە، هەروەها لەسەر مەسەلەی هەڵوێست وەرگرتن لەبەرامبەر کێشە و ڕووداو و گۆڕانکاری و پێشهاتە سیاسیەکان لەجیهانی ئیسلامی؛ لەناو بانگەوازکارە سەلەفیستەکان بەگشتی و سعودیەکانیان بەتایبەتی؛ ناکۆکی و ململانێ و دژبەیەکی و نەگونجان و یەکتر ڕەتکردنەوە، زۆر بە توندی لەنێوانیاندا سەریهەڵدا و بووە هۆی فرەبەرەکی و لێکترازان و  لەیەکتر خوێندن، دەرەنجام ژمارەیەکی زۆری گرووپ و ڕێچکە و ئاراستەی کارکردنی جیاجیای لێکەوتەوە، لەناویاندا سەرهەڵدانی ئاراستەی کارکردنی سەلەفیزمی جیهادی.

 

پاشاگەردانیی سەلەفیزم و دەرهاویشتەکانی

سەلەفیزم بە هەموو ڕێچکە و گرووپ و دەستە و هێڵ و تاقمەکانیەوە، بە هەموو ئاراستەکانی کارکردنیەوە، لەهەر کوێیەکی جیهانی ئیسلامیدا بێت و لەژێر هەر ناوێکدا بێت؛ بە یەکێک لەو ئیجتیهادە ئاڵۆز و ناکۆک و پڕ لەکێشمەکێشانە  لەقەڵەمئەدرێت؛ کە کەمترین کۆدەنگیی پسپۆران و فوقەهاکانی ئیسلامی لەسەرە.

لەئێستادا هەر یەکێک لەئەوان، تەنها خودی خۆی بە شۆڕەسواری بەرزکەرەوەی بەیداخی ئیسلام ئەزانێت؛ ئەویش لەسەر بنەمای نەفرەتلێکردن و ڕەتکردنەوەی هەموو ئیجتیهاد و ڕێباز و گرووپەکانی تر، هاوتەریب لەگەڵ ڕەتکردنەوەی فەلسەفە و مەعریفە و کەلتوور و ئایدیۆلۆژیا ئایینی و نا ئایینیەکانی تر و تاوانبارکردنیان و پۆلێنکردنی تاوانەکانیان، بەگوێرەی دەق و بنەما نەگۆرەکانی سەلەفیزم و حوکمدان لەسەریان؛ بە پێوەری فەتوا ڕەهایی و یەکلاکەرەوەکان؛ وەکو (بێ باوەڕ - کافر)، یان وەکو (هەڵگەڕاوە لەئیسلام - مورتەد)، یان وەکو ڕەتکەرەوەی یەکتاپەرستی و دروستکەری هاوبەش بۆ خودا - موشریک)، یان وەکو (لادەر و سەرلێشیواو و گوومڕا و بیدعەچی) و ...هتد.

هەر یەکێک لەگرووپ و تاقم و ئاراستەکانی کارکردنی ڕەوتی سەلەفیزم، کۆشش و هەوڵی زۆر ئەدا و گووشاری جۆراوجۆر ئەگرێتبەر؛ بۆ سەپاندنی ئیجتیهادە ئایدیۆلۆژیەکەی خۆی بەسەر ئەوانی تردا.

سەلەفیزم چ لەڕووی ئایدیۆلۆژی، چ لەڕووی ئەزموونی پراکتیکیی مێژوویی، لەساتەوەختی سەرهەڵدانیەوە لەناوەڕاستی سەدەی هەژدە تا ئێستا؛ بە بەردەوامی و بە بێ سازش و بەبێ بەخۆداچوونەوە؛ هەرگیز ئامادەیی تیا نەبووە، دید و بۆچوونی جیاواز و ناکۆک پەسەند بکات، بەڵکو بوونی فرەیی و ئازادی کارکردن و پێکەوە گونجانی ئاشتیانەی بیروباوەرە ئایینی و نا ئایینیەکانی ڕەتکردۆتەوە؛ بە جۆرێک ئەم ڕەتکردنەوەیە نەک هەر لەنێوان ئایینزا و ڕێباز و گرووپ و تاقمە ئایینیە جۆراوجۆرەکانی ناو ئایینی ئیسلامدا پەیرەوکراوە، نەک هەر لەنێوان ئیجتیهادەکانی ناو چوارچێوەی ئایینزای سووننەشدا جێبەجیکراوە، بگرە لەناو ڕێبازی سەلەفیزم خۆشیدا پەیرەوکراوە؛ چ لەنێوان ئاراستە سەرەکیەکان، چ لەناو گرووپ و هێڵ و ڕێچکەکانی ناو خودی ئاراستە سەرەکیەکانی سەلەفیزمیش.

لەمڕوانگەیەوە هەموویان دژی یەکترین و یەکتری ڕەتئەکەنەوە، ناو و ناتۆرە و تۆمەتی ناشرین ئەخەنە پاڵ یەکتری، بەشێک لەکۆشش و بانگەوازەکەشیان تەرخان ئەکەن؛ بۆ ململانێ و ڕکابەری و سڕینەوەی یەکتر.

 

سەلەفیزمی جیهادی وەکو بزوێنەرێک بۆ تیرۆر لەکوردستان

لەسایەی تەشەنەسەندنی ڕەوتی سەلەفیزم بەگشتی و ڕێبازی سەلەفیزمی جیهادی بەتایبەتی؛ هەرێمی کوردستانیش وەکو چەندین ناوچەی تری جیهانی ئیسلامی، کەوتۆتە بەردەمی هەڕەشە و مەترسیەکانی تەشەنەسەندنی دیاردەی تیرۆر و ڕەفتاری هانابردن بۆ هەڕەشە و تۆقاندن و بەکارهێنانی زەبروزەنگ و توندوتیژی؛ بۆ یەکلاییکردنەوەی ناکۆکی و ململانێی بیروباوەڕە ئایینی و نا ئایینیە ناکۆک و جیاوازەکان، ئەویش بەهۆی بوونی ژمارەیەکی بەرچاو لەمەلا و بانگەوازکاری توندڕەو و دەمارگیری سەر بە ڕێبازی سەلەفیزمی جیهادی؛ کە بە وتارە ئاگرینی و فەتوا و لێدوانە توند و شەڕەنگێزەکانیان؛ ئایینی ئیسلامیان لەچوارچێوەی هەر دوو بنەمای (بەکافرکردن – تەکفیر) و (جیهادکردن - فیقهی خوێن)دا، قەتیس و چڕکردۆتەوە.

ئەم مەلا و بانگەوازکارە سەلەفیستە جیهادیانە، بە پلەی یەکەم و بە قۆستنەوەی دیاردەی بووژانەوەی ئایینی و هەوڵدان بۆ سواربوونی شەپۆلی ئەو دیاردەیە و جڵەوکردنی؛ کار لەسەر توێژی گەنج و لاوی سادە و ڕەشۆک و ئایینپەروەر ئەکەن؛ ئەو گەنج و لاوانەی کە ئاستی تێگەیشتن و زانیاری و هوشیاری و لێکدانەوەی ئایینیان لاوازە و گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە پێویستیان بە مەلا و بانگەوازکار هەیە، بۆ جۆشدان و ڕێنوێنیکردن و ئاراستەکردن؛ بۆ چۆنیەتیی تێگەیشتن لەئیسلام و ئامانجەکانی و چۆنیەتیی بەجێهێنانی ئەرکە ئایینیەکان؛ ئەویش لەڕێگەی ئەدەبیات و بڵاوکراوەکان، فەتوا، وتار، پەیام، وانەی ئایینیی ناو مزگەوتەکان، وانە و کۆبوونەوە و ڕێنمایی و فەرمان و فەتوای ناو گرووپ و ژوورەکانی چاتی سۆشیال میدیا.

مەلا و بانگەوازکارە سەلەفیستە جیهادیەکان، کار بۆ دروستکردنی ڕقێکی ئایینیی پیرۆز و بەدوژمن ڕووانینی ئەوانی تر و چاندنی تۆوی ویستی خوێنڕشتن، لەناو ناخ و دەروون و ڕەفتاری هەواداران و شوێنکەوتەکانیاندا ئەکەن، لەمڕووەوە مێشکیان کۆنتڕۆڵ ئەکەن و دایئەشۆرن و سەرلەنوێ ئەپدەیتیان ئەکەنەوە، بەو جۆرەی کە هۆنینەوەی پاساو و لێکدانەوە و بیانووەکان، ببنە هۆکار و پاڵنەری سەرەکی؛ بۆ بڕوابوون بە هەردوو چەمکی (بەکافرکردن) و (جیهادکردن) و دروستبوونی ویستێکی بەهێز، بۆ جیهادکردن بەسەر ناکۆک و دژەکاندا، لەپێش هەموویانەوە ڕەواییدان بە خوێنڕشتنی سیکۆلاریستەکان، دواتر تیرۆری فکری و جەستەیی ئەوانەی کە باوەڕیان بە جیاکردنەوەی ئایین و سیاسەت هەیە؛ هەروەها ئەوانەی کە باوەڕیان بە ئیجتیهاد و تێزی ئەوان نیە و ڕەتی ئەکەنەوە، یان تیرۆری کەسانی ئازادیخواز و مەدەنی، ژنان، نووسەران، ڕووناکبیران و هونەرمەندان و ...هتد.

 

زەمینەی لەبار بۆ سەلەفیستە جیهادیەکان

مەلا و بانگەوازکارە سەلەفیستە جیهادیەکان؛ سوودیان لەچەندین زەمینە و هۆکار و ئاسانکاری و پاڵنەر وەرگرتوە؛ تاکو لەسایەیدا برەو بە بانگەوازکردن و کارکردن بۆ ڕێبازەکەیان بدەن و بە خێرایی و بە ئاسانی و بە بێ کۆسپ و گرفت؛ پەیام و دیدگا و ئەدەبیاتی ئایدیۆلۆژیاکەیان بڵاوبکەنەوە، هەر لەچاوپۆشیی فەرمانگەکانی ئەوقاف و یەکێتیی زانایانی ئیسلامیەوە، بۆ لێنەپرسینەوە و بەدوادانەچوونی فەرمانگەی داواکاریی گشتی و دەسەڵاتی دادوەری، بۆ بێدەنگیی دامودەزگاکانی ئاسایش و پۆلیس، بۆ خەمساردی و بێباکیی پارت و ڕێکخراوە سیکۆلاریستەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، تا قۆستنەوەی ئازادیی ڕەهای بێ سنووری ناو میدیا و سۆشیال میدیا و قۆستنەوەی خوێندنگەکان و مزگەوت و ناوەندە ئایینیەکانی تر و بۆنە کۆمەڵایەتی و ئایینیەکان و ...هتد.

کۆمەڵگەی موسوڵمانی ئێمە لەهەرێمی کوردستانی عێراق؛ لەلایەک بەهۆی چەندین زەمینە و هۆکار و پاڵنەری جیاجیای سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئایینی و ئابووری و کەلتووری و سایکۆلۆژی، هوەوەها لەلایەکی تر بەهۆی ڕۆڵ و کاریگەریی میدیا و سۆشیال میدیای ڕەوتی ئیسلامی سیاسی و ئاراستەی سەلەفیزمی تەقلیدیی بانگەوازکاری و ئاراستەی سەلەفیزمی جیهادی و کار و چالاکیەکانیان لەمزگەوتەکاندا؛ کەوتۆتە ژێر کاریگەریی دیاردەیەکی ڕێکخراو و بەرنامەڕێژکراو و ئاراستەکراو؛ بە ناوی (بووژانەوەی ئایینی، یان بێداربوونەوەی ئایینی).

 

پاڵنان و بەڕێکردنی گەنج و لاو بۆ تیرۆر

گەنج و لاوە ئایینپەروەرەکان؛ بەشێکی بەرچاو لەبنکەی جەماوەریی دیاردەی (بووژانەوەی ئایینی، یان بێداربوونەوەی ئایینی) پێکئەهێنن، لەناو ئەو گەنج و لاوانەدا، ڕێژەیەک هەیە لەسەر بنەمای دەمارگیری ئایینی، بە جۆش و خرۆشی زۆرەوە؛ ئامادەیی و پابەندی و گوێڕایەڵی و ملکەچیی کوێرانەی تیایە، بۆ جێبەجێکردنی هەر فەتوا، یان ڕێنماییەکی مەلا و بانگەوازکارە سەلەفیستە جیهادیەکان؛ ئەگەر بە ڕاستەوخۆ، یان بە ناڕاستەوخۆ بێت، یان ئەگەر بەرهەمی پەروەردە ئایینیەکەی بێت؛ لەسەر دەستی ئەو بانگخوازە.

بە لەبەرچاوگرتنی  چەندین خەسڵەتی سایکۆلۆژی و کۆمەڵایەتیی توێژی گەنج و لاو، لەڕووی زوو خرۆشان و بەرزی ڕادەی دەمارگیریی ئایینی لەمێشک و ناخ و  دەروونیاندا، هاوکات ئامادەیی دەروونی و فیزیکی بەشێک لەگەنج و لاوەکان، بۆ بەرجەستەکردنی هێز لەپێناوی بیروباوەڕە ئایینیەکەیاندا، مەلا توندڕەو  و بانگەوازکارە سەلەفیستەکان؛ بە پاساوی پێویستێتیی بەرگریکردن لەشکۆی ئیسلام، هانی ئەو گەنج و لاوە خوێنگەرمانە ئەدەن، بۆ ئەنجامدانی کاری توندوتیژی و تیرۆر، لەدژی لایەن و کەسە ناکۆک و نەیارەکان؛ کە لەناخ و مێشکیاندا، لەڕیگەی پەروەردە ئایینیەکەوە؛ بە دوژمنی ئیسلام و خودا وێنا کراون.

ئیتر لێرە بەدواوە تیرۆر لەناو مێشک و دەروون و ناخدا، دێتە بەرهەم و ئەبێتە زادەی بیروباوەڕ؛ بیروباوەڕەکەش ئەبێتە پاڵنەر، بۆ دروستکردنی ڕەفتارێکی دوژمنکارانە لەدژی ناکۆک و دژ بەیەکەکان، بەرەو حەڵاڵکردنی خوێنڕشتنیان و تیرۆرکردنیان؛ بە پاساوی ڕاپەراندنی ئەرکێکی شەرعی ئیسلامیی پیرۆز !  

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
زیاد جەبار: یەكێتی بەشداری هیچ كۆبونەوەیەك ناكات بۆ دواخستنی هەڵبژاردن
نوێترین زانیاری‌ له‌باره‌ی‌ واده‌ی‌ ڕەوانەكردنی موچه‌ی‌ مانگی‌ 4ی‌ موچه‌خۆرانی‌ هه‌رێم
رێكخراوی سی پی تی: لەئەگەری هێرشی توركیادا 75%ی خاکی پارێزگای دهۆک لەدەست دەدرێت
نوری مالیکی: بیستوومانە لە سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستانەوە بڕیارێک دەرچووە بۆ دواخستنى هەڵبژاردن
وەزیری دەرەوەی توركیا: ئەردۆغان گرنگی بە پاراستنی پەیوەندی باشی نێوان بەغداو هەولێر دەدات
هادی عامری: بەبانکیکردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆرانی‌ هه‌رێم کۆتاییهاتوه‌و ئەوە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵییە
ئەمریکا توڕه‌یى‌و نیگەرانی لەبڕیارێكى عێراق بۆ پەسەندکردنی یاسای بەرەنگاربونەوەی هاوڕەگەزخوازی ڕاده‌گه‌یه‌نێت
كاتی گەیشتنی پارەی مووچەخۆران ئاشكرا كرا
ناوەڕۆکی کۆبونەوەی سەرۆکی هەرێم‌و سەرۆک وەزیرانی عێراق
سروە عەبدولواحید بۆ لایه‌نه‌سیاسییەکان: ملکەچی ئیرادەی پارتی مه‌بن‌ بۆ دواخستنی‌ هه‌ڵبژاردن
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×