(یەکێتیی) نوێ و کۆسپەکانی بەردەم نوێبوونەوە

نیاز سەعید عەلی
  2020-06-01     644

(یەکێتیی) لەدوای کۆنگرەی (٤)ەوە ؛ وەرچەرخاوە بۆ مۆدێلێکی تازەی پەیکەری ڕێکخراوەیی و بۆ قۆناغێکی جیاوازی پڕ لەئەرک و ناکۆکیی و ململانێ و بەرەنگاربوونەوە و بەخۆداچوونەوە و دەستپێشخەریی نوێ.
(یەکێتیی)ی نوێ لەدوای کۆنگرەی (٤)، چەندین پەیام و پرانسیپ و ئامانجی نوێی کردۆتە بەرنامەی کار و بە پراکتیکیی هەنگاوی بۆ ئەنێت، ئەیەوێت (یەکێتیی)ەکی جیاوازتر، لەڕووی کاری سیاسیی و میکانیزمەی کارکردن و ناوەندی بڕیار و داڕشتنی هەڵوێست و بەرێوەبردنی ناکۆکیی و ململانێ، لەناو پرۆسەی سیاسیی هەرێمی کوردستان و عێراقدا پیشانبدات.

 

مانیفیستۆی (یەکێتیی)ی نوێ
لەناو (یەکێتیی)دا ؛ بەهۆی سەرهەڵدان و کەڵەکەبوون و تەشەنەسەندنی چەندین کێشە و گرفت، ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لەهەناویدا ئاراستەیەکی ڕادیکاڵی یاخیی خۆڕسک لەدەرکەوتن و لەگەشەکردندا بوو، ئەم ئاراستەیە لەبنەڕەتدا کاردانەوە و دەرەنجامی شێوازی کارکردن و بەڕێوەبردنی تاڕادەیەک خراپی (یەکێتیی) بوو ؛ لەقۆناغی دوای کۆنگرەی (٣)، تاکو سازدانی کۆنگرەی (٤).
لەهەگبەی ئەم ئاراستەیەدا ؛ پەیامەکانی نوێبوونەوە و بووژانەوە و دادپەروەریی و گێڕانەوەی هاوسەنگیی و گرتنەبەری سیاسەتی سەربەخۆی دوور لەهەژموون و کاریگەریی و پێگەی دەرەکیی ؛ بوونە دیفاکتۆ و پێویستییەکی قۆناغی تازە، ئەوەبوو ئەم ئاراستەیە بووە هێزی زۆرینە و کاریگەر لەسەر ڕووداوەکانی کۆنگرە.
(یەکێتیی)ی نوێ ؛ پێویستە بۆ بەرجەستەکردنی پەیامەکانی، هەنگاوی جدیی و کۆششی زۆر، لەپێناوی دروستکردنی چەندین گۆڕانکاریی و ڕووداو و وەرچەرخان بنێت، هەروەها هەڵسەنگاندن و فیدباک بۆ ڕابردووی خۆی بکات، خەبات بکات بۆ ئەوەی خۆی بکاتەوە بە هێزە بزوێنەر و یەکلاکەرەوە و نەخشەداڕێژەکەی ڕابردوو، کە لەسەر بنەمای پێویستییبوونی بابەتیی و مێژوویی ؛ چەندین جڵەو و جوومگەی گرنگ و بەهێزی بەدەستەوە بووە و هێزەکانی تر لەدوایەوە بوون، یان خۆی پەلکێشی ئەکردن.
ئەگەر (یەکێتیی) پابەند بێت بە پەیامە نوێکان و پرۆگرامە تازەکەی و کاری جدییان لەپێناودا بکات، ئەوا زەمینەی بووژانەوە و بەهێزبوونی جەماوەریی و گەشەکردنی ئاراستەی گۆرینی هاوسەنگیی هێز ؛ لەبرەودا ئەبێت، هەروەها ئەگەر (یەکێتیی) پابەند بێت بە کارکردن بە پەیڕەوی ناوخۆی تازەوە و پشتگوێی نەخات و نەیکاتە قووربانیی ئیجتیهاد و کۆششی تاکە کەسەکان ؛ ئەوا لەلایەک لەڕووی ناوخۆیی و ڕێکخراوەییەوە ؛ تۆکمە و بە دیسپلین ئەبێت و ئەبووژێتەوە ؛ لەلایەکی تریش بە ناڕاستەخۆ، کاریگەریی و ڕۆڵی ئەبێت ؛ لەزیاکردنی متمانەی جەماوەر بە (یەکێتیی) و پشتبەستن پێی و ئومێد هەڵچنین لەسەری.

 

مۆدێلێکی نوێی پەیکەری ڕێکخراوەیی
بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی تازەی دوای کۆنگرەی (٤) ؛ میکانیزمی کارکردن و ناوەندی بڕیار و دابەشکردنی ئەرک و دەسەڵاتەکان و شێوازی بەڕێوەبردنی ناکۆکیی و ململانێ و داڕشتنی سیاسەت و گەڵاڵەکردنی هەڵوێست، لەناو (یەکێتیی)دا ؛ ئەبێت لەڕووی چۆنایەتییەوە زۆر جیاوازتر بێت، لەقۆناغی پێش کۆنگرەی چوار.
لەناو پەیڕەوی ناوخۆی تازە ؛ پەیکەرێکی مۆدێرن و جیاواز هەیە، بۆ دیارییکردنی ئۆرگانەکان و دابەشکردنی ئەرک و بەرپرسیارێتیی و دەسەڵاتەکان، ئەویش بۆ چەندین ئۆرگان و پۆست، کە زۆر جیاوازترە لەپەیکەری هەموو پارتە سیاسییەکانی تری کوردستان و عێراق و وڵاتانی تری ناوچەکە بەگشتیی، تەنانەت زۆر جیاوازتر لەڕابردووی خودی (یەکێتیی).
ئەم پەیکەرە نوێیە جیاوازتر لەپەیکەرە کلاسیکیی و تەقلیدییەکان، (یەکێتیی) ئەپارێزێت لەهەژموونی گرووپ و دەستەگەریی و تاکڕەویی و سەپاندنی ئەجێندای تاکەکان ؛ بەسەر ئەجێندای گشتیی (یەکێتیی)دا.  لەم پەیڕەوەدا دەسەڵات و ئەرکەکان ؛ لەسەر بنەمای پسپۆڕیی ئۆرگان داڕێژراوە،لەم سۆنگەیەوە ئەتوانم بڵێم پەیڕەوی نوێ  ڕێگریی ئەکات لە بەپیرۆزکردنی سەرکردەکان و لێپرسراوان و پاوانکردنی دەسەڵاتەکان، لەخوارەوە بە خاڵ، ئاماژە بە چەند بڕگەیەکی گرنگی پەیڕەوی ناوخۆ ئەکەم، کە بریتیین لەمیکانیزمە و ڕێبازی کارکردنی تازە و جیاواز لەڕابردوو :
١- بەگوێرەی بڕگەی (ئەلف) و (بێ) و (جیم)ی خاڵی (٧)ی مادەی (٢٥)، کە تایبەتە بە ئەرک و دەسەڵاتەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی ؛ ئەم ئەنجوومەنە ئەتوانێت بەشێوەیەکی ڕەها و بەبێ بێبەرییکردنی هیچ هەڤاڵێک، هەموو ئەندام و هەڤاڵ و لێپرسراوێکی هەر ئۆرگانێکی ڕێکخراوەیی ناو (یەکێتیی)، لەسەرەوە بۆ خوارەوە و هەر ئەندام و لێپرسراوێکی پەرلەمانیی و حکومەتیی لەبەرکەوتەی (یەکێتیی)، لەسەر داوای (٣١) ئەندام لەکۆی گشتیی (١٢٤) ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی ؛ بانگهێشتی ئەنجوومەن بکات بۆ ڕوونکردنەوە لەسەر پرسی گرنگ و لێپرسینەوە لێیان، ئەگەر کەمتەرخەم بووبن و شایەنی سزادان بوون ؛ ئەوا بە دەنگی (٢/٣)ی ئەندامانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی، بەگوێرەی مادەی (١٢) سزا ئەدرێن ؛ کە دوایین جۆری سزا تیایدا، بریتییە لەدەرکردن لەڕیزەکانی (یەکێتیی).
٢- بەگوێرەی خاڵی (٨)، لەهەمان مادەی (٢٥) ؛ هەموو ڕێککەوتنە گرنگەکان و هاوپەیمانێتییەکانی پرۆسەکانی هەڵبژاردن ؛ ئەبێت پێش ڕەزامەندیی هاوسەرۆکەکان، بە دەنگی (٢/٣)ی ئەندامانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پەسەند کرابێت.
٣- بەگوێرەی خاڵی (٩)، لەهەمان مادەی (٢٥) ؛ پێویستە لیستی پاڵێوراوان بۆ هەڵبژاردنەکان و لیستی بەشداربووان بۆ وەرگرتنی پلە و پۆستەکانی حکومەت، لەلایەن ئەنجوومەنی سەرکردایەتییەوە پەسەند بکرێت.
٤- بەگوێرەی خاڵی (١٠)، لەهەمان مادەی (٢٥) ؛ پەیڕەوی کاری هاوسەرۆکەکان و مەکتەبی سیاسیی و...هتد ؛ ئەبێت لەلایەن ئەنجوومەنی سەرکردایەتییەوە پەسەند بکرێت.
٥- بەگوێرەی خاڵی (١٢) و (١٦)، لەهەمان مادەی (٢٥) ؛ ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی ئەتوانێت متمانە لەهاوسەرۆکەکان و سکرتێری ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی و ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی وەربگرێتەوە ؛ ئەویش بە دەنگی (٢/٣)ی ئەندامان.
٦- بەگوێرەی خاڵی (١٥)، لەهەمان مادەی (٢٥) ؛ (٥١) ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی ئەتوانن، داواکاریی سەندنەوەی متمانە لەهاوسەرۆک بخەنە بەرنامەی کاری ئەنجوومەنەوە.
٧- بەگوێرەی خاڵی (١٣)، لەمادەی (٣٧) ؛ هاوسەرۆک ئەبێت پارێزەری سامان و موڵک و داهاتی (یەکێتیی) بێت و نابێت بۆ بەرژەوەندیی خۆیان و کەسوکاریان بەکاری بهێنن.
٨- بەگوێرەی خاڵی (١٠)، لەمادەی (٤٠) ؛ ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی ناتوانن هیچ پلە و پۆستێکی تری ناو حکومەت و پەرلەمان وەربگرن و ئەبێت بە دیارییکراویی  خۆیان تەرخان بکەن، بۆ بەرێوەبردنی کاروباری ناوخۆی (یەکێتیی).
٩- بەگوێرەی مادەی (٦١) ؛ پێویستە لانی کەم ڕێژەی (٢٥٪)ی پلە و پۆست و ئۆرگانەکان، بۆ ژنان تەرخان بکرێت.
١٠- بەگوێرەی مادەی (٦٣) ؛ پێویستە ئەندامانی ئەنجوومەنی باڵای سیاسیی و ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی و پەرلەمانتاران و کادیرانی (یەکێتیی) لەناو حکومەت، لەبەڕێوەبەری گشتییەوە بۆ سەرەوە و پارێزگار و جێگری پارێزگار و ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگا و سەرۆکی شارەوانییەکان لەسەر پشکی (یەکێتیی) ؛ فۆرمی تۆماری موڵک و سەرمایە و بەرژەوەندییە داراییەکانیان، پڕ بکەنەوە و پێشکەشی (دەزگای دەستپاکی و چاودێریی دارایی)ی (یەکێتیی) بکەن.

 

پرشنگەکانی پێش خۆرهەڵاتن
هەرچەندە بەهۆی سەرقاڵییەکانی داڕشتن و خوێندنەوە و پەسەندکردنی پەیڕەوی ناوخۆی تازە ؛ لەلایەن ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی و بەهۆی  هەڵبژاردنەکانی هاوسەرۆک و دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی و لێپرسراوی مەکتەب و مەڵبەند و بۆردەکان، لەلایەکی تر بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا ؛ دەرفەتێکی گوونجاو و پێویستی لەبار  نەڕەخساوە، بۆ (یەکێتیی)ی نوێ، تاکو بە پراکتیکیی بکەوێتە سەر باری سەقامگیریی و سروشتیی خۆی ؛ بۆ خستنەڕووی هەنگاو و سیاسەتە تازەکانی، بۆ  ڕیفۆرم و گۆڕانکاریی  و پیاچوونەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ؛ ئەتوانم بڵێم لەدوای کۆنگرەی (٤)ەوە ؛ پرشنگەکانی سیاسەتی تازەی (یەکێتی)، بەتایبەتیی لەناو پرۆسەی سیاسیی و فەرمانڕەواییدا ؛ بەشێنەیی  ڕوویان لەئاسۆ کردووە و بەشێکی بەرچاوی جەماوەر، چاوی هیوایان لەسەر هەڵاتنەوەی خۆری هەمیشە گەشاوە و درەوشاوەی (یەکێتیی)ە، بێجگە لەوانەی کە دژی پرشنگەکانن و کار بۆ گەڕانەوە، بۆ ناو تونێڵە تاریکەکە ئەکەن و ئەیانەوێت (یەکێتیی) پەراوێز بخەنەوە.
لەدەسپێکی کاری (یەکێتیی)ی نوێدا ؛ لەم ڕەهەندانەوە درک و پێشبینیی، بە جیاوازییەکان لەسیاسەت و ڕێبازی کارکردندا ئەکرێت :
١- خۆ بەدوورگرتنی ئۆرگانە باڵاکان لەکارکردن بە سیاسەت و جموجۆڵە نمایشکاریی و کەرنەڤاڵیی و بۆنە بەزۆر دروستکراوەکانی دەرەوەی کاری سیاسیی و ڕێکخراوەیی و سەرقاڵنەکردنی (یەکێتیی) پێیانەوە و بەهەدەرنەدانی پارەی زۆر لەو پێناوەدا.
٢- هەنگاونان بۆ دەرخستنی دید و جیهانبینیی و تێڕوانینی جیاوازی تازەی (یەکێتیی)، بەتایبەتیی بۆ بەڕێوەبردنی جوومگەکانی ناو پرۆسەی فەرەمانڕەوایی و دەسەڵاتی کارگێڕیی، هەروەها دارشتنی سیاسەتی جیاواز و هەڵوێست و هەنگاوی سەربەخۆ و جیاواز لەقۆناغی ڕابردوو ؛ دوور لەڕەچاوکردنی سیاسەت و قازانج و بەرژەوەندیی لایەنی دەرەکیی، هەروەها دوور لەسازشکردن و دیزەبەدەرخوونەکردن.
٣-  خۆبەدوورگرتن لەکارکردن بە ئیجتیهادی تاکە کەس و تاکرەویی و بەپیرۆزکردنی سەرکردەکان، لەلایەن میدیای فەرمیی (یەکێتیی)ەوە.
٤-  خوێندنەوە بۆ ناخ و سایکۆلۆژیای کۆمەڵگە و لەبەرچاوگرتنی خەم و ویست و خواستەکانیان و پشتگیرییکردن لێیان.
٥- گرتنەبەری سیاسەتی میدیایی دەربڕینی کەمترین لێدوان و ڕێگرتن لەدروستکردنی ڕۆشنایی میدیایی ناسروشتیی ؛ لەسەر کێشە و پرس و دیاردە و ڕووداوەکان، بە مەیل و ئارەزوو و بەرژەوەندیی تاکی باڵادەست، لەبەرامبەردا پەیڕەوییکردنی ڕێبازێکی پەرەگماتیکیی و پراکتیکیی ڕوون و هێمن و نەرم، دوور لەهاشوهووش و پەرچەکردار، دوور  لەخۆ سەرقاڵککردن بە بابەتی لاوەکیی و ناسەرەکیی.

 

کۆسپەکانی بەردەمی نوێبوونەوە
پرۆسەی نوێبوونەوە بۆ (یەکێتیی) ؛ لەناوەرۆکدا چەندین پەیام و پرانسیپ لەخۆ ئەگرێت ؛ ئەم پرۆسەیە ئەرکێکی دژوارە و فەرشی سووری لەبەردەمدا ڕانەخراوە و هەمووان بە گووڵ پێشوازیی لێ ناکەن، بەڵکو چ لەناوخۆی (یەکێتیی)، چ لە دەرەوەی  (یەکێتیی)، نەیار و ناکۆک و دژ و بەرەنگاری بۆ دروست ئەبێت.
پێویستە هەموو یەکێتییەکان بەگشتیی و هاوسەرۆک و ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی و ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی ؛ کە ئۆرگانی پەیوەندییدارن بە بەڕێوەبردنی (یەکێتیی) ؛ بۆ ڕێکخستنەوەی (یەکێتیی)ەکی پتەو و بە دیسپلین، کە مەرج و پێویستیی یەکەمی کارکردن و تێکۆشانە بۆ نوێبوونەوە، ئەم خاڵانەی خوارەوە بە هەند وەربگرن و کاری لەسەر بکەن :
١- (یەکێتیی)ی نوێ پابەند بێت بە جێبەجێکردنی دەقاودەقی پەیرەوی ناوخۆ، بەتایبەتیی ئۆرگانە باڵاکان پەیرەوی ناوخۆ نەخەنە لاوە و کار بە ئیجتیهادی تایبەتیی خۆیان نەکەن و سازشیشی لەسەر نەکەن.
٢- (یەکێتیی)ی نوێ ببێتە هێزی کۆکەرەوە و ڕێکخەرەوەی هەمووان، لەسەر بنەمای ئەزموون و شارەزایی و پسپۆڕیی و کارامەیی و شایستەیی و دڵسۆزیی ؛ هەمووان ساز بدات و بیانخاتەوەگەڕ، هەروەها کار بە ڕێبازی پاکتاوکردن و پەراوێزخستن و نادیدەکردنی ئەوانی تر نەکرێت، لەبەرامبەردا سیاسەتی چەپکە گووڵەکەی جەنابی مامی نەمر پەیڕەو بکرێت.
٣-ڕێگریی بکرێت لەکەڵەکەبوونی کێشە و گرفتە ناوخۆییەکان و کێشە بە کێشە نەسپێردرێت.
٤-  هەڵسەنگاندن و فیدباکی بەردەوام ؛ بۆ سیاسەت و هەنگاو و کار و ئۆرگان و چالاکییەکانی خۆی بکات.
٥-  بیروباوەر و پرۆسەی هوشیارکردنەوە و پەروەردەکردنی کادیر ببووژێنرێتەوە ؛ لەمڕووەوە هەنگاوی جدیی و پلانی ورد و پرۆگرامی پەروەردەی ڕێکخراوەیی ؛ بە سوود وەرگرتن لەئەزموونەکانی ڕابردووی پەیمانگای کادیران و خستنەوەگەڕی، ئەویش بە پێشکەشکردنی وانەی ئەکادیمیی و زانستیی پێویست و گرنگ، بەتیۆریی و بە پراکتیکیی، نەک بە پێشکەشکردنی چەند سیمینارێکی دیارییکراو، بە بەشداربووان و لەبەرامبەردا پێدانی بروانامەی تەواوکردنی خولی ئەکادیمیی بوونە کادیر پێیان، کە ئەمە دەرهاویشتەی خراپ دروست ئەکات.
٦- (یەکێتیی) نوێ ڕێگریی بکات ؛ لەدروستبوونی دەسەڵاتی سەرتاپاگیر و خۆ بەڕەهاکراو لەناو ئۆرگان و مەکتەب و بۆرد و دامودەزگاکانیدا؛ چونکە تاکرەویی و خۆسەپاندن و قۆستنەوەی  توانا مەتریالییەکان و بەکارهێنانی ئامراز و گووشار و فشارە جۆراوجۆرەکان لەسەر هێزی مرۆیی ناو ئۆرگانەکان ؛ بۆ حەز و مەرام و ئەجێندا تایبەتییەکان، (یەکێتیی) بەرەو داخووران و داکشان و پەرت پەرتبوون و پاشەکشە ئەبات.
٧- (یەکێتیی) نوێ ئەبێت بەرەنگاری دیاردەی دەستەگەریی و هەژموونی گرووپ ببێتەوە و سازشی لەسەر نەکات.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×